وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق رەزامەندی دا لەسەر درێژكردنی ماوەی پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێم و بڕیاری نوێشی داوە بۆ چۆنیەتی سودمەندبونی كۆمپانیاكانی هەرێم لە وەرگرتنی هەفتانەی گۆڕینەوەی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی.
وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 28/11/2021، بڵند محەمەد مەولود مەم، بەرێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، سەردانی بانکی ناوەندی عێراقی کردو چاوی کەوت بە ئیحسان شەمران، جێگری پاریزگاری بانکی ناوەندی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەرچەندە بانکی ناوەندی پێدانی مۆڵەتی راگرتبو، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا، دوای گفتوگۆ بڕیاریاندا بە پێدانی دەرفەتێکی تر بە کۆمپانیاکانی کوردستان و رەزامەندیان دا بە درێژکردنەوەی ماوەی پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیاکانی ئالۆگۆری دراوی کوردستان بەم شیوەی خوارەوە:
1.پێنج کۆمپانیای ئاڵوگۆری دراو خۆیان دەمج بکەن و کۆی سەرمایە ببێتە دو ملیارو نیو دیناری عێراقی، مۆڵەتی پلە B دەدرێت کە بەهۆیەوە کۆمپانیاکان سودمەند دەبن لە وەرگرتنی بەشە دۆلاری هەفتانە بە نرخی زیادکردنی ئاشکرای بانکی ناوەندی عێراق هاوشێوەی ئەو بەشە دۆلارەی کە کۆمپانیاکانی دراوی بەغدا وەریدەگرن.
2. 10 کۆمپانیای ئاڵۆگۆری دراو خۆیان دەمج بکەن و سەرمایەکانیان بکەن بە پێنج ملیار دیناری عێراقی مۆڵەتی پلە A دەدرووت، کە بەهۆیەوە کۆمپانیاکان سودمەند دەبن لە وەرگرتنی بەشە دۆلاری هەفتانە بە نرخی زیادکردنی ئاشکرای بانکی ناوەندی عێراق کە بڕەکەی پێنج ئەوەندەی کۆمپانیاکانی پلە B دەبێت.
3.هەروەها رەزامەندیان پیشاندا بۆ پێدانی دامەزراندنی کۆمپانیای بانکی بە سەرمایەی 250 ملیار دیناری عێراقی.