پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق، قەبارەكەی زیاتره لە 200 ترلیۆن دینار، لەو بڕەش زیاتر لە 92 ترلیۆن دینار بۆ مووچە دانراوە، كۆی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی جێگیر تەرخان كراوە، بڕەكەی 59 ترلیۆن و 814 ملیار دینارە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممه، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 بكات.
دوو رۆژ لەمەوبەریش چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە بەشداری محەمەد شیاع سوودانی كۆبوونەوەی لەبارەی تێپەڕاندنی رێگرییەكانی بەردەم بودجە كرد، ئەمەش وایكرد سبەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 بكرێت.
بەپێی رەشنووسەكە، لە عێراقدا ژمارەی فەرمانبەران چوار ملیۆن و 96 هەزارە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 503 هەزار و 339 سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن و رێژەی 36.7 كۆی فەرمانبەران پێكدەهێنن.
بەپێی ئەوەی عێراق زیاتر لە 90%ی داهاتەكەی نەوتە، زۆرینەی داهاتی نەوتیش بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران تەرخان دەكرێ كە رێژەكەی 79%یە.
بەم شێوەیە مووچەی فەرمانبەرانی حكوومی دەدرێ:
1-مووچەی فەرمانبەرانی جێگیر بڕی 59 ترلیۆن و 814 ملیار دینار.
2-مووچەی خانەنشینان بڕی 18 ترلیۆن و 122 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە.
3-مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی بڕی چوار ترلیۆن و 717 ملیار دیناری بۆ دانراوە.
4- مووچەی خۆپاراستن و كۆمپانیاكانی وەزارەتەكان بڕی نۆ ترلیۆن و 913 ملیار دیناری بۆ خەرج دەكرێ.
كۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دانراوە، زیاتر لە 92 ترلیۆن و 566 ملیار دینارە.
لە چوارچێوەی بودجەدا، رۆژی 16ی ئادار ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد كە قەبارەكەی نزیكە لە 200 ترلیۆن دینار، بە گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراق دادەنرێ.
60 ترلیۆن دینار كورتهێنان هەیە، نرخی نەوتیش بە 70 دۆلار خەمڵێنراوە، پشكی هەرێمیش لە بودجە بە 12.67% جێگیر كراوە.
هاوكات دوو رۆژ لەمەوبەریش چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە بەشداری محەمەد شیاع سوودانی كۆبوونەوەی لەبارەی تێپەڕاندنی رێگرییەكانی بەردەم بودجە كرد، ئەمەش وایكرد سبەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 بكرێ.