ئا: رێژەن سەردار
پێشه‌وا مه‌حمود، به‌ڕێوەبه‌ری كوالێتی كۆنترۆڵی پیشه‌سازی لەم گفتوگۆیەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” دەڵێت “بەڕێنمایی عێراقی پشكنین بۆ به‌رهه‌می كارگه‌كانی ناوخۆ ده‌كه‌ین کە زۆر توندە، ئه‌گه‌ر به‌م یاسایه پشكنین بۆ كاڵای ده‌ره‌كی بكرێت نابێت هیچ كاڵایه‌ك هاورده بكرێت”.
بازرگانی‌و پیشەسازی: ئه‌و پشكنینانه‌ی ئێوه ده‌یكه‌ن بۆ به‌رهه‌می كارگه‌كان چین‌و چه‌ند جۆرن؟
پێشه‌وا مه‌حمود: پشكنینه‌كان به‌گوێره‌ی به‌رهه‌می كارگه‌كان ده‌گۆڕێت، هه‌ر به‌رهه‌مێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، بۆ نمونه ماده خۆراكییه‌كان پشكنینی فیزیاییو كیمیایی‌و مایكرۆبایلۆجی بۆ ده‌كرێت، ماده پلاستیكیه‌كان پشكنینی فیزیاییو كیمیایی بۆ ده‌كرێت، كه‌لوپه‌لی بیناسازی ته‌نها پشكنینی فیزیایی بۆ ده‌كرێت، هه‌موو به‌رهه‌مێك تایبه‌تمەندی خۆی هه‌یه، ئێمه به دوو ڕێنمایی كارده‌كه‌ین، ڕێنمایی عێراقی‌و ڕێنمایی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌گه‌ر له‌ڕێنماییه عێراقییه‌كان باس له‌به‌رهه‌مێك نه‌كرابوو، به‌گوێره‌ی ڕێنمای نێوده‌وڵه‌تی پشكنینی بۆ ده‌كه‌ین.
بازرگانی‌و پیشەسازی: به‌پێی ئه‌و پشكنینانه‌ی ئێوه‌ی ده‌یكه‌ن، تهتوانین بڵێن به گشتی به‌رهه‌می ناوخۆیی كوالێتییان به‌رزه؟
پێشه‌وا مه‌حمود: وه‌كو ماده خۆراكییه‌كان ئێمه مانگی جارێك سه‌ردانی كارگه‌كان ده‌که‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن كارگه‌كه ئاگادار بێت له‌ناكاو سه‌ردان ده‌كه‌ین‌و سه‌یری ماده خاوهكانو شێوازی كاركردنی كارگه‌كه دهكرێتو نمونه له‌به‌رهه‌مه‌كه‌ی وه‌رده‌گیرێت بۆ پشكنین، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یاسا‌و ڕێنماییه‌كان گونجاو نه‌بوو غەرامه ده‌كرێت به‌بڕی ٢٥٠ هه‌زار دینار تاكو ملیۆنێك دینار، سەبارەت بەپرسیارهكه ناتوانین بڵێین كوالێتی به‌رزه یاخود نا، له‌شاری سلێمانی كارگه‌ی جپسی لیز هه‌یه به‌رهه‌مه‌كه‌ی هاوشێوه‌ی كوالێتی به‌رهه‌می جپسی ئه‌ڵمانیاو سعودییه، ناتوانین بڵێین ئه‌م جپسهی لێره هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاو سعودییه كوالێتی نزمتره یان به‌رزتره چونكه به‌یه‌ك شێواز كارده‌كه‌ن. سەبارەت بهكارگه بچوكه‌كانیش، به‌ڵێ به‌رهه‌مه‌كانیان پاك‌و كوالێتی به‌رزه، به‌ڵام هه‌ندێكجار هه‌یه به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌پشكنین ده‌رناچێت، ئێمه ڕێنماییان ده‌كه‌ین دووباره ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه به‌كاركردن به‌شێوازێكی باشتر. ده‌توانم دڵنیایی بده‌م به‌هاوڵاتیان له‌سه‌دا ٩٥ی به‌رهه‌می كارگه ناوخۆییه‌كان پاك‌و بێ كێشه‌یه، من خۆم لهماركێتهكان تاكو به‌رهه‌می ناخۆیی هه‌بێت به‌رهه‌می ده‌ره‌كی ناكڕم. بۆ كه‌لوپه‌لی بیناسازی ئێمه به‌كوالێتییه‌كی زۆر به‌رزتر لهئێرانیو توركیه‌كان شیش به‌رهه‌م ده‌هێنین له‌كارگه‌ی ماس، كۆنكرێتیش زۆر باش‌و كوالێتی به‌رزه‌و به‌پێی ستانداری جیهانی كارده‌كه‌ن، جاران له‌گه‌ڵ كارگه‌ی بلۆكه‌كانی گه‌رمیان كێشه‌مان هه‌بوو، ڕێنمایمان پێدان له‌ئێستادا ئه‌وانیش به‌گوێره‌ی ستانداری عێراقی كار دهكهنو به‌رهه‌مه‌كانیان باش بووه. به‌رهه‌می پلاستیك زۆر ئاڵۆزه‌و به‌شێكی زۆری پشكنینه‌كانی لێره ناكرێت، کارگەکانی پاكکهرهوه، ماده خاوه‌كانیان له‌ده‌ره‌وه هاورده ده‌كه‌ن،هه‌ندێكیان چه‌ند به‌رهه‌مێكی هه‌یه، به‌شێك له‌و به‌رهه‌مانه كوالێتی زۆر بەرزە، به‌شێكی تری به‌رهه‌می هه‌مان كارگه كوالێتی نزمە، ده‌كه‌وێته سه‌ر خواستی كڕیار، ئه‌گه‌ر كوالێتی به‌رزت بوێت ئه‌بێت پاره‌ی زیاتر بده‌یت، شتی كوالێتی نزمیش هه‌رزانه، ئه‌مه سروشتیه‌و له‌هه‌موو جیهاندا هه‌یه.
بازرگانی‌و پیشەسازی: كارگه‌كانی پاككه‌ره‌وه گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن پشكنینی به‌رهه‌می ناوخۆیی زۆر تونده‌و بەرێنمایی عێراقی کار دەکرێت، به‌ڵام پشكنین بۆ به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بەڕێنمایی عێراقی ناکرێ‌و ئاسانكاریی زۆر بۆ ده‌كرێت، هۆكاری ئه‌مه چیه؟
پێشه‌وا مه‌حمود: ئه‌م بابه‌ته زۆر ڕاسته، یاسایه‌ك هه‌یه به‌ناوی (النظام القومي للسيطرة النوعية) ئه‌مه هی حكومه‌تی عێراقییەو زۆر تۆكمه‌و ڕێكوپێكه، ئێمه به‌م یاسایه پشكنین بۆ به‌رهه‌می كارگه‌كانی ناوخۆ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌م یاسایه پشكنین بۆ كاڵای ده‌ره‌كی بكرێت، نابێت هیچ كاڵایه‌ك هاورده بكرێت، لای ئێمه خاوه‌ن كارگه سه‌رپشك ده‌كرێت له‌وه‌ی ڕێنمایی عێراقی به كارده‌هێنن یان ڕێنمایی كارگه، ڕێنمای كارگه بریتیه له‌و ڕێنماییه‌ی كه كارگه خۆی كاری له‌سه‌ر ده‌كات، ڕێنمایی عێراقی له‌ئاستێكی زۆر به‌رزدایه، زۆر به‌ی كارگه‌كان بهمواسهفاتی عێراقی كار ده‌كه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی مواسه‌فاتی تایبه‌ت به‌خۆیان نیه، ئه‌م ڕێكارانه توندتره ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می ده‌ره‌كی پێ بپشكنرێت ده‌رناچێت، له‌ده‌روازه سنورییه‌كان به گوێره‌ی مواسه‌فاتی كارگه‌كه پشكنین ده‌كرێت. من خۆم ساڵێكه كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن كارگه‌كان بتوانن مواسه‌فاتی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت وه‌ك به‌رهه‌می دەرهكی به‌و مواسه‌فاتانه پشكنینیان بۆ ده‌كرێت. كڕیاران ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه له‌م بابەته‌دا زاهییەکی “ڤێری” به ٤ هه‌زار دینارەو به‌رهه‌می ده‌ره‌كییه، لهتهینشتی زاهییهكی كارگه‌ی كاشۆش كه له‌سلێمانی كار ده‌كات به ٤ هه‌زار دیناره، كوالێتیان وه‌كو یه‌ك وایه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك هۆشیار بێت كاشۆكه ده‌كڕێت كه به‌رهه‌می ناوخۆیه. لای ئێمه ته‌نها دوو كارگه بهمواسهفاتی خۆیان كارده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ی تر بهمواسهفاتی عێراقییه، باشترین زاهیی قاپ شۆرینی ئه‌ڵمانی كوالتی به‌رزترینیان كه له‌بازاڕدا هه‌یه ئه‌كتیڤی ١٠یه، بەڵام مواسەفاتی عێرقی داوای ئەکتیڤی ١٨ ده‌كات، بەمەرجێک ئه‌و ماركه ئه‌ڵمانییه له‌هه‌موو جیهاندا به‌كاردێت.
بازرگانی‌و پیشەسازی: چاره‌سه‌ر ئه‌و دۆخه چیه؟ ئایا توندكردنی پشكنین بۆ به‌رهه‌می ناوخۆ‌و ئاسانكاری کردن بۆ به‌رهه‌می ده‌ره‌كی نابێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی لەڕووی نرخەوە كێبركێ بۆ نه‌كرێت؟
پێشه‌وا مه‌حمود: ده‌كه‌وێته سه‌ر زیره‌كی خاوه‌ن كارگه‌كان، ئه‌گه‌ر بێت‌و بڕیار بدات له‌ڕێگەی كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆڕه‌وه مواسه‌فاتی تایبه‌ت بهكارگهكهی دروست بكات، ده‌توانێت بڵێت من له‌ئێستادا ناتوانم بهمواسهفاتی عێراقی كار بكه‌م، هاوشێوه‌ی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بهمواسهفاتی كارگه‌كه كار بكات نرخی به‌رهه‌مه‌كانیشی هه‌رزانتر ده‌كه‌وێت له‌به‌رهه‌می هاورده.
بازرگانی‌و پیشەسازی: کەواتە هۆكار چیه پشكنینی به‌رهه‌می ناوخۆ زۆر تونده‌و به‌رهه‌می ده‌ره‌كی ئاسانكاری بۆ ده‌كرێت؟
پێشه‌وا مه‌حمود: له‌سه‌رجه‌م ده‌روازه سنورییه‌كانی جیهان سێ پێوه‌ر پەیڕەو دەکرێت بۆ هاورده كردنی كاڵا، مه‌رجی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه سه‌لامت بێ بۆ ژیانی مرۆڤ، مەرجی دووه‌م ئەوەیە سه‌لامه‌ت بێت بۆ ژینگه، مه‌رجی سێهه‌م ئەوەیە سه‌لامه‌ت بێت بۆ ئاژه‌ڵ. هه‌ر به‌رهه‌مێك ئه‌م سێ مه‌رجه‌ی تێدا بێت ده‌توانرێت هاورده بكرێت، پێوسته ئاسانكاری بۆ به‌رهه‌می ناوخۆیی بكرێت ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ مه‌رجه‌یان تێدا بێت، هه‌موو وڵاتێك رێگه ده‌دات ئه‌و به‌رهه‌مانه هاورده بكرێت، بۆ زانینی ئه‌و سێ مه‌رجه‌ش پشكنین دیاری ده‌كات، لای خۆمان له‌هه‌رێمی كوردستان گوشارێکی زۆر زۆر له‌سه‌ر تاقیگه‌كانی ده‌روازه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌یه، چونكه به‌رهه‌مێكی زۆر هاورده ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر پشكنین توند بكرێته‌وه گرفتی زۆر بۆ بازرگانان دروست دهبێتو ده‌بێته هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ.