حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی كشتوكاڵەوە لەگەڵ بانكی قرتاسی ئیسلامیك گرێبەستی ئەنجام داوە بۆ پێدانی قەرزێكی زۆر بە جوتیاران و دەرچوانی بەشی ڤێتەرنەری و کشتوکاڵ و خاوەن پرۆژەکان بەبێ خستنەسەری هیچ زیاده و سوێك، بهڕێوهبهری كشتوكاڵی سلێمانیش زانیاری دهخاتهڕوو.
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 100 ملیۆن دینار وەک قەرز دەدرێت بە جوتیاران و دەرچوانی بەشی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەری و ئەوکەسانەی بیرۆکەی کشتوکاڵیان هەیە و دەیانەوێت پرۆژە ئەنجام بدەن، هاوکات لەبارەی پێدانی بڕی ئەوقەرزە شوان زراری، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وابڕیارە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ بانکێکی بیانی بەناوی بانکی قرتاسی ئیسلامی بڕێک پارە بدات بە جوتیاران و خاوەن پرۆژە و دەرچوانی بەشی ڤێتەری و کشتوکاڵی.
ئەمە لەکاتێکدایە لە پێش ساڵی 2014 کەرتی کشتوکاڵی لەگەشەسەندن کەوتبوو بەهۆی چۆڵکردنی ناوچە گوندنشینەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە کە روویان لە شارەکان کرد بۆ دابینکرنی بژێوی ژیانیان و ژیانکردن لە نێو شارە گەورەکان، بەڵام ئەمە تەنها چەند ساڵێکی خایاند، لە و ساڵەدا بەهۆی هاتنی داعش وسەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێم هاوڵاتیان ڕوویانکردە گوندەکان و کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵی بەهۆی ئەوەی حکومەت توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نەبوو کە بە پێی پێوست دابینی بکات، ئەمەش وایکرد تا ڕادەیەک کەرتی کشتوکاڵی ببوژێتەوە.
هەرلەبارەی بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی و پێدانی قەرز بە جوتیاران، شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكان لە دوای راگەیاندنی گرێبەست لەگەڵ بانكی قرتاسی ئیسلامی بۆ پێدانی قەرز بە جووتیاران و دەرچووانی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری، جووتیاران و ئەوانەی پڕۆژەیان هەیە، پەیوەندیان بە ئێمەوە كردووە، بۆ ئەوەی زانیاری و بەرچاوڕوونی لەبارەی رێکارەکان و چۆنیەتی پێشكەشكردنی پڕۆژەكانیان بۆ وەرگرتنی قەرز وەربگرن.
هاوکات وتیشی، “پڕۆژەكانیان لە لایەن جووتیاران و ئەوانەی بیرۆكەی پڕۆژەیان هەیە بەدەست گەیشتووە، ئەو قەرزەی بە جووتیار و خاوەن پڕۆژەكان دەدرێت، بڕەكەی لە 15 ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات تا 100 ملیۆن دینار، لە رۆژی وەرگرتنیەوە تا شەش مانگی سەرەتا هیچ بڕە پارەیەك وەرناگیرێتەوە، دواتر بەپێی ئەو بڕەی كە دیاری دەكرێت، دەبێت لە ماوەی پێنج ساڵ قەرزەكە بدرێتەوە بە بانك، ئەوەش لە رێگەی ئەو كەفیلەی كە دیاری دەكرێت و لەگەڵ خاوەن قەرزەكە”.
شاڵاو جەمال، جەختیکردەوە، “دوای تەواوبونی رێکارەکان، هەر پڕۆژەیەك پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتیمان بكرێت، رەزامەندی لەسەر نیشان دەدەین و رەوانەی وەزارەتی دەكەین، بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر پێدانی قەرزەكەی بۆ بدرێت، بەڵام جارێ هیچ کەسێک قەرزی وەر نەگرتووە تەنها سەرەتایە کۆمەڵێ کەس داواکاری پێشکەشکردووە”.
پێدانی بڕی ئەوقەرزە وادەکات کەرتی کشتوکاڵی زیاتر ببوژێنێتەوە و بەرەو پێشەوە بچێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ سلێمانی دووپاتیکردەوە، “قەرزەکەش لە 15 ملیۆن کەمتر نابێ و لە 100 ملیۆن زیاتر نابێ پێدانەوەی قەرزەکەش دوای دامەزراندنی پرۆژەکە دوای شەش مانگ بە پێی وەرزی بەرهەمە کشتوکاڵیەکە دەدرێتەوە دانەوەی قەرزەکەش بەپێی بیرۆکەی پرۆژەکە دیاریدەکرێت”.
دەربارەی بڕی وەرگرتنی قەرزەکە زیاتر روونیکردەوە وتی، “تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک وەرنەگیراوە و وەرگیرانی قەرزەکەش بە پێی رێککەوتنی بیرۆکەی پرۆژەکە دەبێت”.
هاوکات ئەوانەشی بیرۆکەیان پێشکەشکردووە خەڵکی قەزاوناحیەکانی دەوروبەری پارێزگای سلێمانین تا ئێستا هیچ ئەندازیارێکی کشتوکاڵی پێشکەشی نەکردووە.
لەبارەی چۆنیەتی پێدانی ئەو بڕە پارەیە شاڵاو جەمال ئاماژەی بەوەکرد، “دوای تەواوبونی مامەڵەکان بانکەکە خۆی بڕی پارەکە خهرج دەکات، بە پێی ئەو بیرۆکانەی کە پێشکەش کراوە پارەکەش بە شێوەی کاش خەرج ناکرێت، بەڵکو بەپێی بیرۆکەی پرۆژەکە بڕەکەی سەرف دەکرێت بۆ نمونە ئەگەر کەسێک بیەوێت خانوی پلاستیکی بکات بانک خۆی جێبەجێی دەکات و کلیلەکە رادەستی خاوەن پرۆژەکە دەکات، ئەم پرۆژەیە هەموو هەرێم بە قەزاو ناحییەکانیشەوە دەگرێتەوە”.
ئەو بەڕێوبەرە دەربارەی مەرجەکان وتی: “کەفیلێکی مووچەخۆری دەوێت لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە ئەو کەسەی بیرۆکە پێشکەشدەکات دەبێت جوتیار بێت یاخود دەرچوی بەشی ڤێتەرنەری و بەشی کشتوکاڵی بێت”.
شاڵاو دەشڵێت، ئەم پرۆژەیە بیرۆکەیەکی باشە لەڕێگەیەوە کەرتی کشتوکاڵی دەبوژێتەوە هەروەها بەهەمان شێوە لە وڵاتانی دیکەش بەو شێوەیە قەرز دەدرێت تا هاووڵاتیی خۆی پرۆژە بکات، بۆ نمونە هاووڵاتیی هەیە توانای هەیە هەمووشتێکی لەبەردەستە بەڵام سەرمایەی نیە، بۆیە پێدانی ئەم قەرزە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەو کەسانە ئەمەش کاریگەرێکی باشی دەبێت بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێم”.
ئەگەرچی قەیرانی دارایی و کۆرۆنا بوو بە بارگرانی بۆ مووچە خۆران و هاووڵاتییان، بەڵام لەلایەکی دیکەوە زەوییەکشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بوژانەوە و هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی مووچە روویان لە کاری ئازادی خۆیان و کەرتی کشتوکاڵی کرد.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی سەبارەت بە قەیران رایگەیاند، “لە ساڵی 2014 ەوە حکومەت توانای نەما موچەی خەڵک دابین بکات بەپێی پێویست، هاوکات سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناش وایکرد هاووڵاتییان روو لەکەرتی کشتوکاڵی بکەن، بۆیان دەرکەوت تەنها مووچە ژیانیان دابین ناکات، بۆیە خەڵکێکی زۆر گەڕانەوە گوندەکانیان کە جاران پشتگوێیان خستبوو دەستیان کرد بە کشتوکاڵ کە بۆیان دەرکەوت داهاتێکی باشی دەبێت بۆیان، بۆ نمونە ئەگەر فەرمانبەرێک مانگی ملیۆنێک مووچەکەی بێت ساڵێک دەکاتە 12 ملیۆن، خەڵک هەبووە لە دوو دۆنم زەوی ئەوەندەی پەیداکردووە، یاخود لە کێڵگە پەلەوەرییەکان. بۆی دەرکەوتووە ئیشێکی ئازاد و ئاسانترە پێویستی بەوە نابێ هەموو رۆژ دەوام لە فەرمانگەیەک بکات”.
وتیشی، “باوەڕناکەم هیچ گوندێک هەبێ زەوییەکانیان لە سەدا 80 بۆسەدا90 دانەچێندرابێ هیچ ساڵێک، لە دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2014 ەوە رووبەری زەویەکان چێندراوەکان زیادبووە، بەتایبەت کێڵگە پەلەوەرییەکانی بەرهەمهێنانی گۆشت و هێلکە تا ساڵی 2017 هیچ پرۆژەیە لەکاردانەبوو، بەڵام لە ئێستادا حەوت پرۆژە کاردەکات، هەروەها شەش بۆ حەوت پرۆژەی دیکە لە تەواوبوندایە کە بکەوێتە کار ئەمانە پرۆژەی خەڵکە”.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی پەلەوەری مریشک پێشتر 300 پرۆژە بوو، ئێستا زیاد لە 700 پرۆژەی بەرهەمهێنانی گۆشتی پەلەوەری هەیە. هەروەها پرۆژەی ئەلەفی ئاژەڵ 12 پرۆژە لەکاردایە هەروەها پرۆژەی خانوی پلاستیکی لە شەش هەزار پرۆژە وە زیادیکردووە بۆ 23 هەزار پرۆژە، هاوکات پرۆژەی هەنگەوانی لەکوردستان زۆر پێشکەوتووە کە بەرهەمی هەنگوینی کوردی لە بەرهەمی وڵاتان پێشکەوتووترە و خواستی زیاتری لەسەرە، ئەمەش دەلالەتە لە قازانجی هاووڵاتییان لە کەرتی کشتوکاڵی و بوژاندنەوەی ئەو کەرتە”.