ئا: ڕێژه‌ن سه‌ردار
جێگری به‌رێوبه‌ری كشتوكاڵی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ”له ئێستادا تاقیگه‌یه‌ك له عه‌لوه‌ی سلێمانی دانراوه بۆ پشكنینی به‌رهه‌می سه‌وزه و میوه‌ی جوتیاران، ئێمه له ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی ئه‌و تاقیگه گه‌شتین به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی، به‌شێك له به‌رهه‌مه كشتوكاڵیه‌كان ناتهندروستان، به جۆرێك ٥٠% ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی جوتیاران كه له‌و تاقیگه‌یه پشكنینان بۆ ده‌كرێت ده‌رناچن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه پرۆژه‌یه‌كمان ده‌ست پێكردوه و ده‌مانه‌وێت كوالێتی به‌رهه‌می جوتیاران به‌رزبكه‌ینه‌وه”.
جوتیار خالید، جێگری به‌رێوبه‌ری كشتوكاڵی سلێمانی به سایتی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی راگه‌یاند ”گرفتێك هه‌یه له كه‌رتی كشتوكاڵدا كه برتییه له‌وه‌ی برا جوتیاره‌كانمان له خانووه پلاستیكی و كێڵگه كراوه‌كاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ رێنمایه‌كی زانستی له كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ وه‌ربگرن، ڕاسته‌وخۆ سه‌ماد و قركهر له نوسینگه كشتوكاڵییه‌كان ده‌كڕن، نوسینگه كشتوكاڵیه‌كان ئه‌ندازیاریان هه‌یه به‌ڵام زیاتر بیر له قازانجی مادی و فرۆشتنی زۆرترین بڕی ده‌رمان و سه‌ماد و قركهر ده‌كه‌نه‌وه به جوتیاران له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ڕێنمای پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌مه‌ش جوتیاران زۆر جار ده‌رمانێكی زۆر به‌كار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان زوتر گه‌شه‌بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی كاتی خۆی ته‌واو بكات ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مێكی ناته‌ندروست”.
راشیگه‌یاند ”خۆشبه‌ختانه له ئێستادا تاقیگه‌یه‌ك له عه‌لوه‌ی سلێمانی دانراوه بۆ پشكنینی به‌رهه‌می سه‌وزه و میوه‌ی جوتیاران هه‌موو به‌رهه‌مه‌كان پێش ئه‌وه‌ی بچنه عه‌لوه‌ی سلێمانی له‌لایه‌ن ئه‌و تاقیگه‌یه‌وه پشكنینیان بۆ ده‌كه‌رێت، ئێمه له ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی ئه‌و تاقیگه گه‌شتین به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی، به‌شێك له به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان ناته‌ندروستن، به جۆرێك ٥٠% ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی جوتیاران كه له‌و تاقیگه‌یه پشكنینان بۆ ده‌كرێت ده‌رناچن، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ده‌رناچن له‌لایه‌ن لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه ئیجرائاتیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و تاقیگه‌یه بۆته‌هۆی ڕاچڵهكاندنمان كه پێوسته زیاتر ئاگاداری به‌رهه‌می جوتیاران بین و سه‌رپه‌رشتی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ین به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی خراپ هه‌نگاو ده‌نێن و به‌رهه‌می كوردستان له‌ڕووی كوالێتیه‌وه له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت، بۆیه ئێمه له‌و كاته‌وه‌ی ئه‌و تاقیگه‌یه دانراوه كۆمه‌ڵێك فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیدارمان ڕاسپاردوه له‌گه‌ڵ به‌شه كشتوكاڵییه‌كانی زانكۆكان به هاوكاری به‌شی كشتوكاڵی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی تاكو ڕێگه چاره‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته بدۆزینه‌وه”.
جێگری به‌رێوبه‌ری كشتوكاڵی سلێمانی ده‌ڵێت: له‌ئێساتادا پرۆژه‌یه‌كمان به‌ناوی ”سه‌رپه‌رشتی كردن و فێركردنی زانستی كێڵگه‌ی جوتیاران” هه‌یه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی به‌رهه‌می جوتیاران كه له ناوچه‌ی بازیان و پێنجوێن جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، پرۆژه‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی خوازیارانه‌یه، هیچ جۆره هاوكاریه‌كی مادی جوتیاران ناكه‌ین ته‌نها پشتیوانی زانستیان ده‌كه‌ین و فێریان ده‌كه‌ین جۆن بهروبومێكی ته‌ندروست به‌رهه‌م بهێنن.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد. جوتیاران زۆر دڵخۆشن به پرۆژه‌كه‌مان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌یانه‌وێت به‌شدار بن ، لیژهنهیهكی زانستی سه‌ردانی كێڵگه و خانوه پلاستیكیهكانی كرد چه‌ند شوێنێكمان هه‌ڵبژاردوه ده‌یكه‌ین به نمونه‌یه‌ك بۆ جوتیارانی دیكه‌ش، له‌ئێستا پشكنین بۆ خاكی ئه‌و جوتیارانه ده‌كه‌ن كه هه‌ڵبژێراون له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌ست ده‌كه‌ین به ڕێنمای پێدانیان كه چۆن خاكه بكێڵن چ جۆره تۆوێك به‌كاربهێنن، چۆن سه‌ماد به‌كاربێن، دواتر بڕوانامه‌ی ته‌ندروستی و تاقیگه‌یان ده‌ده‌ینێ و هه‌وڵده‌ده‌ین بازاڕ بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان بدۆزینه‌وه وه‌كو هاندانێك بۆیان.
جه‌ختی له‌وه‌ش كردوه، باشكردنی به‌رهه‌می جوتیاران به ته‌نها ئه‌ركی به‌رێوبه‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی نیه ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو یه‌كه كارگێری و ئیداریه‌كان و یه‌كێتی جوتیاران و ڕێكخراوه‌كان و به‌شه كشتوكاڵیه‌كانی زانكۆكانیشه پێوسته پێكه‌وه كار بكه‌ین.
هه‌رێمی كوردستان به‌وه ناسراوه كه كه‌شوهه‌واو خاكێكی له‌بار و گونجاوی هه‌یه بۆ كشت‌وكال كردن، ئه‌مه‌ش وایكردوه كه ژماره‌یه‌كی زۆر له هاوڵاتیان، سه‌رقاڵ بن به كاری كشتوكاڵیه‌وه، به‌هه‌موو سێكتهرهكانیهوه به‌رهه‌می ڕوه‌كی بێت یان ئاژه‌ڵی چه‌ندین كشتوكاڵی باش هه‌یه له پارێزگای سلێمانیدا، دوو سه‌به‌ته‌ی خۆراكی گه‌وره‌مان هه‌یه له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانی سه‌وزه‌وه كه بریتین له ناوچه‌ی بازیان ١٣ هه‌زار خانووی پلاستیكی تێدایه له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی پێنجوێن كه به‌شێوه‌ی كێڵگه‌ی كراوه كشتوكاڵی تێدا ده‌كرێت.
له‌سنوری پارێزگای سلێمانی به‌رهه‌مێكی زۆری سه‌وزه و میوه‌مان هه‌یه، ساڵانه كه كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می جوتیاراندا ده‌توانین پێداویستی ناوخۆی بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پڕبكه‌ینه‌وه و به‌شێكیشی ده‌چێت بۆ ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق كه خواستێكی زۆر له‌سه‌ر به‌رهه‌می سه‌وزه و میوه‌ی كوردستان هه‌یه.