شەن جەزا کەریم
وەک مێژوو بۆمان ئەگێڕێتەوە یەکەمجار بانک لەسەر زەمینی نێوان ڕوباری دیجلەو فوراتدا دامەزراوە، کە ئێستا پێیئەوترێ عێراق. لەشارستانیەتی بابلیەکانداو لەسەر دەستی “حامورابی”دا کە داهێنەری نوسینو خوێندنو یاسایە، کە لەسەرەتادا بێرۆکەکە تەنها ئەوەندە بوە بۆ هەڵگرتنی زێڕو دراوی نەختینە، بۆ وەگەڕخستنی ئەو زێرە بوە لەبواری ئابوریدا، پاش ئەوانیش فیرعەونیەکان بیریان لەدامەزراندنی بانک کردۆتەوە، هەروەها لەلای یۆنانیەکانیش لەپێش هەزارو هەشت سەد ساڵ پێش لەدایک بونی عیسای مەسیحەوە، لەدوای خۆشیان وەک میراتێکی شارستانی بۆ ڕۆمانیەکان بەجێما، دیارە لەو ڕۆژەوە ئەم سیستمە پێش ئەخرێتو کاری تیادا ئەکرێت بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە خزمەتگوزاریەکانی پێشکەش بکات، لەم ڕۆژگارەی ئێمەدا بوە بەئەلەکترۆنی، ئاسانکارییەکانی گەشتوەتە ئاستێکی باڵا.
بناوانی وشەکەش ئەگەڕێتەوە بۆ (BANCO)ی ئیتالی بەمانای مێز، کاتێک بازرگانەکان لەبەندەرەکاندا لەسەر پلاتفۆرمی کەنارەکان مێزەکانیان داناوە ئاڵگۆری دراوو ئاڵتونو پارەیان تیا ئەنجام داوە، لەگەڵ ئەو بازرگانانەی لەکەشتیەکان دابەزیونو کاڵاو شمەکەکانیان هاوردە کردوە، هەروەها ئەگەر بڕوانینە دامەزراندنی بانک بەشێوەیەکی دامەزراوەییو سیستماتیک ئەوا بانکی ڕیالتۆ (RIALTO)ی ئیتالیا بەیەکەم بانک دائەنرێت لەدوای ڕێنیسانسەوە، ئەویش بە ناوی ئەو پردەوە ناو نراوە کە لە سەر یەکێیک لەکەناڵە ئاویەکانی شاری ڤینیسیای ئیتالیایە. لەبەرئەوەی لەسەر ئەو پردەو لەهەردو بەری، ئەو خاوەن مێزانە دانیشتون کە ئاڵوگۆری دراوو هەندێ کاری بازرگانیان ئەنجامداوە، هەر لەبەرئەوەش بوە لەزیاتر لەشەش سەد ساڵ بەر لەئێستا کە ئەو بانکە دامەزراوە بەناوی ئەو پردەوە ناو نراوە بەکۆنترین بانکی تازەو سیستەمدار ئەژمار ئەکرێتو تا ئەمڕۆش بەردەوامە لەپێشکەش کردنی خزمەتگوزاریەکانی.
ئەمڕۆ هەموو وڵاتانی دنیا بانکێان هەیەو گرنگترینیان بانکی ناوەندە (سێنتراڵ) کە لەدەستی دەوڵەتدایەو سەرپەرشتی گشت بانکەکانی تری وڵات ئەکاتو توانای چاپکردنی دراوی هەیە بەهەردو جۆرەکەیەوە (کاغەزو فلزی)و دیاری کردنی سودو قازانجو گشت سیستمی بانکی ئەو وڵاتە. هەروەها کارگێڕی یەکەمی بانکی سێنتراڵ پێیئەوترێ پارێزگار کە دەسەڵاتی واژۆکردنی هەیە لەسەر دراوی کاغەزو هەموو بڕیارە داراییەکانی وڵاتی لەدەستدایە، دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە لەبڕیارداندا.
ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە بانکی چالاک چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش بەو کەسو کۆمپانیایانە ئەکات کە مامەڵەیان لەگەڵدا ئەکات، هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی ئابوری هەرێمو عیراقەوە ئەمڕۆ بانکەکان ناتوانن وەک پێویست ڕۆڵی خۆیان ببیننو ببنە کۆڵەکەیەکی بەهێزو چالاک بۆ ئابوری وڵات، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە زۆرێک لەتاکی کۆمەڵگای ئێمە بەخزمەت گوزاریە بانکیەکان ئاشنا نین، بگرە متمانەشیان بەبانک نیە، کەواتە پێویستە تیشکێک بخەینە سەر ئەو ئەرکو چالاکیانەی بانک ڕۆلی گرنگی تیا ئەبینێت. لەڕاستیدا بانک خۆی لەخۆیدا دامەزراوەیەکە کە بۆ سودی خۆی کار ئەکات، کاتێکیش سوودمەند ئەبێت کە باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکات.
ئەو خزمەتگوزاریانەی بانک پێشکەشی ئەکات زۆرن، لێرەدا ئێمە ئاماژە بەهەندێکیان ئەدەین کە ئەمانەن:
* ڕێکخستنو کردنەوەی ئەکاونتی بانکی بۆ هاوڵاتیان بە هەردوو جۆرەکەیەوە ئەکاونتی پاشەکەوت (حساب التوفیر)، ئەکاونتی ئەژماری جوڵاو (حساب الجاری).
* هەلگرتنو پاراستنی پارەو سامانی نەختینەی کەسەکان، یان کۆمپانیاو دامەزراوەکان.
* دەرکردنی دەفتەری چەک بۆ خاوەن حسابەکان تا بتوانن کەیو چۆن بیانەوێت پارەکەنیان خەرج بکەن یان ڕایبکێشن.
* پێدانی قەرزی کەسیو بازرگانیو ڕەهنی موڵکو ئاڵتون.
* دەرکردنی کارتی متمانەو جێبەجێ کردنی مامەڵەی خاوەن ئەکاونتەکان.
* دەرکردنی کارتی تایبەت بەقەرزدەر تا لەکاتی پێویستدا لەبری چەک بەکاربێت.
* ئاسانکاری بۆ پێدانی قەرز بەو کەسانەی کە ئەکاونتیان هەیە.
* وەرگرتنی ئەو سپاردانەی کەسەکان ئەیسپێرن بەبانکو گەڕاندنەوەیان بەخواستی خاوەن ئەکاونتەکان.
* ڕاستاندنو پشتگیری کردنی ئەو چەکانەی کە خاوەنەکانیان ئەینێرن بۆ دامەزراوە فەرمیەکانو جیاکردنەوەو تەرخانکردنی بڕی پارەکانیان تا پرۆسەی خەرج کردنەکان متمانە پێکراو بن (صک مصدق).
* پێدانو پێداچونەوەی ئەژماری خاوەن ئەکاونتەکان، ئاگادار کردنەوەیان لەهەژماری چەکەکانیان جۆرو کاتی خەرجکردنیان.
* دابین کردنی ئامێری) A T M ) بۆ کارئاسانی خاوەن ئەکاونتەکان، کە لەبیستو چوار کاتژمێرو ڕۆژانە بێ دواکەتن بتوانن پارەکانیانی لێوەربگرن.
* ئاڵوگۆری دراو بەکەمترین سوود.
* دابین کردنی خزمەتگوزاری ئەلکترۆنی لەڕێگەی تۆڕەکانی ئینترنێتەوە، تا هەر کەس کەیو لەکوێ ویستی بڕوانێتە ئەکاونتەکە بانکیەکەی خۆی.
* دابین کردنو ڕێکخستنی کار ئاسانی بانکی (تسهیلات مصرفیة) تایبەت، وەک ڕاکێشانی چەکی بێ باڵانس، خەرج کردنی کۆمپیالە، پشتگیری گرەنتی (خیطاب ضمان) گەلێک ئاسانکاری تر.
* کارکردن لە سەر دۆکۆمێنتی باوەڕ پێکراو (LC)، (الاعتماد المستندي) کە چالاکیەکی گرنگە بۆ ئەو بازرگانو کۆمپانیایانەی لەبواری هاوردەو هەناردەدا کار ئەکەن، کەوا بانک نێوەندگیری بکات لەنێوانیادا، ئەم چالاکیە لەنێوان دوو بانکدا ئەنجام ئەدرێت کە بانکێک لەوڵاتی هاوردە کارو بانکێک لەوڵاتی هەناردەکارەوە ئەنجامی ئەدەن.
* گرێبەست لەگەڵ سەرمایەدارانو کۆمپانیاکان بۆ بەشداری کردن پشکداریو وەبەرهێنان.
* لەزۆرێک لەوڵاتانی جیهاندا کۆمپانیاکانی بیمە (تأمین) لەژێر چەتری بانکەکاندا دائەمەزرێنو کار ئەکەن.
ئەمانەو گەلێکی تر لەدەسەڵاتی بانکی چونە ناو زۆر مامەڵەی تر بەمەبەستی قازانج.
دامەزراوەی بانک لەهەموو جیهانداو لەگشت وڵاتانی سەرزەمیندا توانای هەیە کە دارایی وڵات پێشبخاتو باڵانسی ئابوری ڕابگرێت، بەچەندین جۆر ئەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت، بەئەرێنی یان نەرێنی، هەرچەندە تا ئێستا لەعێراقدا بەگشتیو لەهەرێمدا بەتایبەتی بانکو خزمەتگوزاریە بانکیەکان وەک پێویست نین، بەڕای پسپۆرانی بواری ئابوریش یەکێک لەو هۆکارانەی کە هەرێم تا ئەمڕۆ ڕوبەڕوی قەیرانی زۆر ئەبێتەوە لەبواری ئابوریدا، ئەوەیە سیستمی بانکیو بیمە لەجێی نەبوانن.