بانکی ڕەشید رایگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بەرزدەکاتەوە بۆ سێ هەزار دۆلار و گەشتیاران دەتوانن لە رێگەی لقەکانی بانکەکەوە لەنێوان دو هەزار دۆلار بۆ سێ هەزار دۆلار بکڕن بە نرخی بانکی ناوەندی.
بانکی ڕەشید ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، ئەو لقی پەیوەندیدارە بە فرۆشتنی دۆلار فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بەرزدەکاتەوە بۆ سێ هەزار دۆلار، واتا گەشتیاران دەتوانن لەنێوان دو هەزار دۆلار بۆ سێ هەزار دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕه پارەیه له رێگەی لقەکانی بانکەکەوە کە پێشتر دیاری کرابون و له ڕێگەی پلاتفۆڕمێکی ئەلکترۆنییەوە دۆلار له لقی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەدرێتە گەشتیاران.
بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریداوە بۆ رێگەگرتن لە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار و دابەزینی نرخەکەی کە لەماوەی رابردودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە، لە رێگەی بانکەکانەوە دۆلار بە گەشتیاران بفرۆشێت کە دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ هەر 100 دۆلارێکیش بە 132 هەزار دینار لەسەر هەژمار دەکرێت.
بەگوێرەی نوسراوێکی بانکی ناوەندی بانکە کە ئاڕاستەی بانکە حکومی و ئەهلییە مۆڵەتپێدراوەکان کراوە، تێیدا هاتوە، پشکی ئەو هاوڵاتییەی لە ڕێگەی دەروازە ئاسمانی و وشکانییەکانەوە گەشت دەکات، مانگانە سێ هەزار دۆلار دەبێت و ئەم بڕیارەش لەرۆژی یەکشەممەی داهاتوەوە جێبەجێدەکرێت.
بانکەکە مەرجی ئەوەشی داناوە، لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیەوە، فرۆشتنی کاش (FITR) بە تایبەتی پەسەند بکرێت بۆ تۆمارکردنی داتای فرۆشتنی کاش ڕۆژانە بۆ گەشتیاران.
ئەو بڕیارەش لەکاتێکدایە پێشتر هەر هاوڵاتیەک گەشتی دەرەوەی وڵاتی بکردایە، بڕی دو هەزار دۆلاری بەنرخی فەرمی واتە 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار پێدەدرا.