بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار گۆڕانکاری بەسەرهات و بانکی ناوەندیش بەراورد بە رۆژانی رابردو دۆلاری زیاتری خستەبازاڕەوە کە 200 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند.
بەگوێرەی زانیاریەکان کە لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بە خەندان دراون، ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕ، بەهای 100 دۆلار بەرامبەرە بە 145 هەزار و 250 دینار.
لەلایەکی دیکەشەوە بانکی ناوەندی عێراق رێژەی خستنەڕوی دۆلاری بۆ ئەمڕۆ سێشەممە راگەیاند کە بۆ حەواڵە 148 ملیۆن و 768 هەزار و 986 دۆلارە، بەشێوەی کاشیش 57 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری خستۆتەبازاڕەوە کە کۆی گشتیەکەی دەکات 206 ملیۆن و 568 هەزار و 986 دۆلار.
پێشتریش، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەچەند مانگی داهاتودا بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی جێگیردەکرێت و نزیکدەکرێتەوە لەنرخی فەرمی کە بانکی ناوەندی دیاریکردوە و هەر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەخرێتەبازاڕەوە.