ئەندامێکی ئەنجومەنی کارگێڕی بانکی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت، دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکەی پەیوەستە بە دوو بابەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، سەردانی سودانی بۆ واشنتۆن کاریگەری لەسەر ئەم بابەتە دەبێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی بانکی ناوەندی عێراق لە لێداوانێکدا رایگەیاند: بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی پەیوەندی بە حەواڵەی دەرەوە هەیە و 90%ی داواکارییەکان بۆ دابینکردنی دراوی بیانی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ حەواڵەکردنی کێشەیان لەسەرە.
لە بەشێكی لێدوانەکەیدا مەزهەر محەمەد دەڵێت: رێگاکان و سیستمی بانکی کۆن بۆ پارەدارکردنی بازرگانییەکان لە رێگەی کۆمپانیاکانی حەواڵەوە کێشەیان بۆ دروست بوە نزیکەی دوو مانگ دەبێت بەهۆی ئەوەی چەند رێکارێکی نێودەوڵەتییان بۆ دانراوە.
لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە نرخی دۆلار، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کارگێڕی بانکی ناوەندی وتی: بابەتی یەکەم پەیوەیستە بە توانای دابینکردنی مامەڵەیەکی پاك و خاوێن بەپێی ستانداردە نیودەوڵەتیییەکان و زیادکردنی ئەو مامەڵانە بۆ ئەوەی بە ئاسانی دۆلار بەدەستبێت و بابەتی دووەمیان ڕۆڵی دەوڵەتە لەپشتیوانیکردنی بازاڕ لە کاڵای پێویست و بەنرخی جێگیر و بەردەوامی و جەختیشی کردەوە، ئەم دوو بابەتە کاریگەرییان دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار.
باسی لەوەشکردوە، سەردانی داهاتوی سودانی بۆ ئەمەریکا کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار دەبێت و هیواشی خواست سەردانەکە ئەرێنی بێت.