بانکی ناوه‌ندی عێراق بڕیاری نوێی لەبارەی دۆلار و دینار دەرکرد

بانکی ناوه‌ندی عێراق پەیوەست بە به‌کارهێنان و راکێشانی پاره‌ له‌ کارته‌ بانکییه‌کان له‌ ئامێره‌کانی ATM چه‌ند بڕیار و رێنماییه‌کی نوێکردەوە و رایگەیاند، نابێت هیچ کارتێک لە 10 ملیۆن دینار زیاتری تێدا بێت و خستنه‌ سه‌ری پاره‌ش بۆ هه‌ر هه‌ژمارێکی کارتی مانگانه‌ نابێت له‌ 10 ملیۆن دیناری عێراقی تێپه‌ڕ بکات، دەشڵێت، رۆژانە راکێشانی پارە ته‌نها 300 دۆلار رێگه‌ی پێدراوه‌.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی نوسراوێک کە واژۆی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوه‌ندی عێراقی لەسەرە، چه‌ند رێکار و رێنماییه‌ک بۆ ده‌رکردن و به‌کارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی و به‌کارهێنانیان له‌ ئامێره‌کانی ATM چه‌ند رێنمایی و رێکارێکی نوێی کردوه‌ته‌ و لەمەودوا کار بە رێکارە نوێکان دەکرێت.

لە یەکێک لە بڕگەکاندا هاتوە، “نابێت هیچ کارتێکی ئەلیکترۆنی لە 10 ملیۆن دینار زیاتری تێدا بێت، هاوکات مانگانە دەتوانرێت تەنها 10 ملیۆن دینار بخرێتە سەر هەژماری کارتێک ئەلیکترۆنی و نابێت لەو بڕگە تێپەڕبکات.

لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتوە، “دیارکردنی کرینەکان لە رێگەی خاڵەکانی فرۆشتنەوە رۆژانە 750 دۆلار بێت یان هاوتای بە دراوەکانی تر، بەڵام نابێت لە سنوری مانگانەی کاردەکە لابدات”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، راکێشانی پاره‌ له‌ رێگه‌ی کارتی بانکیی له‌ ئامێره‌کانی (ATM)ـه‌وه‌ رۆژانه‌ ته‌نها 300 دۆلار رێگه‌ی پێدراوه‌ و مانگانه‌ش نابێ له‌ سێ هەزار دۆلار زیاتر بێت.

پەیوەست بە دەرکردنی کارتی ئەلیکترۆنی، لە رێنماییە نوێکەی بانکی ناوەندیدا هاتوە، لەمەودوا به‌بێ ناو و زانیاری که‌سیی پێدانی کارتی ئەلیکترۆنی قبوڵکراو نابێت و پاسۆرت یان ناسنامه‌ی باری شارستانی له‌ که‌سی هه‌ڵگری کارته‌که‌ له‌لایه‌ن بانکه‌کانه‌وه‌ وەردەگیرێت.

Image
Image