بانکى ناوەندیی عێراق بڕى پارەى راکێشراوی لە دەرەوەى وڵاتەوە دیاریکرد

بانکى ناوەندیى عێراق بڕیاریدا، بڕى مانگانەى راکێشانى دۆلار لە دەرەوەى وڵات بە کارتى بانکى لە سێ هەزار دۆلار و لە رۆژێکدا لە 500 دۆلار زیاتر نەبێت. 
بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق کە لە 5ـی ئادارى 2024 ئاراستەى سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی کردووە، تێیدا بڕى ئەو پارەیەى دیاریکردووە، کە رێگە پێدراوە رۆژانە و مانگانە لە رێگەى کارتى بانکییەوە لە دەرەوەى وڵات رابکێشرێت. 
ئەو بڕیارەى بانکى ناوەندى هەر دوو جۆرى کرێدیت و دێبت کارد دەگرێتەوە، کە تایبەتن بە بانکە قەرزکار و قەرزدەرەکان و راکێشانى مووچە.
بەگوێرەى ئەو رێنماییەى بانکى ناوەندى لە دەرەوەى عێراق و لەرێگەى ئەو کارتانەوە، دەتوانرێت لە مانگێکدا تەنیا سێ هەزار دۆلار یان هەر جۆرێکى دیکەى دراو کە هاوتاى ئەو بڕە پارەیە بێت، رابکێشرێت.
هاوکات بۆ ئەو بڕەى لە رۆژێکدا رێگەپێدراوە بۆ راکێشانى لە رێگەى ئەو کارتانەوە، لە دەرەوە تەنیا 500 دۆلارە.
هاووڵاتیانى عێراق لە رێگەى بانکى ناوەندییەوە دەتوانن دۆلار بە نرخى فەرمى بکڕن، کە 1305 دینارە بەرامبەر بە یەک دۆلار، بە مەبەستى گەشتکردن بۆ دەرەوەى وڵات کە بڕەکەى دەگاتە پێنج هەزار دۆلار. 
رێوشوێنى بانکى ناوەندیى عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ راکێشانى پارە لە دەرەوەى وڵات بۆ رێگرییە لە بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوە.
وەرگیراوە لە: ڕووداو