بانكی رافیده‌ین رایگه‌یاند كه میكانیزمێكی نوێ بۆ فرۆشتنی دۆلار به گه‌شتیاران له ده‌روازه‌ی بانكه‌كه له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێ ده‌كات و به‌وپێیه‌ش بڕه‌كه‌ی كه‌مده‌كاته‌وه بۆزیاتر له نیوه‌ی بڕی پێشووی.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی بانكی رافیده‌ین له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه بڕیار درا له بری 7 هه‌زار دۆلار، بڕی 3 هه‌زار دۆلار به نرخی فه‌رمی بانكی ناوه‌ندی كه 1320 دیناره بۆ هه‌ر دۆلارێك، به گه‌شتیاران بفرۆشرێت.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌دراوه كه دانانی دیناری عێراقی بۆ كڕینی دۆلار له رێی لقه دیاریكراوه‌كان و به‌پێی رێنماییه‌كانی پێشووی بانك ده‌بێت.
پێشتر توێژه‌رێكی لوبنانی میكانیزمی به‌قاچاغبردنی دۆلاری ئاشكراكردبوو و به “گه‌شتیاری خه‌یاڵی” وه‌سفی كردبوو.
عه‌لی نوره‌دین توێژه‌ری لوبنانی له وتارێكیدا باسی له‌وه كردبوو كه نرخی تكتی گه‌شتكردن له عێراقه‌وه بۆ لوبنان 100 دۆلار تێناپه‌ڕێنێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و تكتهوه هه‌ر كه‌سێك رێگای پێده‌درێت 7000 دۆلار به نرخی فه‌رمی بانكی ناوه‌ندی بكڕێت.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه ئه‌و رێكاره ده‌رفه‌تی بۆ سه‌رمایه‌داران و نووسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو و كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان دروستكردووه تا لاوانی عێراقی به كۆمه‌ڵ و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت بنێرنه لوبنان به ئامانجی سودوه‌رگرتن له كڕینی دۆلاره‌كه به نرخی 1320 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك و فرۆشتنه‌وه‌ی به 1550 دینار و زیاتر بۆ هه‌ر دۆلارێك.
راشیگه‌یاند كه له‌ڕێی ئه‌و كاره‌وه خاوه‌نی ئه‌و كۆمپانیا گه‌شتیاریانه و نووسینگه‌ی ئاڵۆگۆڕی دراو نزیكه‌ی 1470 دۆلاریان له هه‌ر گه‌شتیارێكی خه‌یاڵی بۆ ده‌مێنێته‌وه.