“بانكی ناوەندی عێراق: هاوڵاتیانی هەرێم دەتوانن لە وەرگرتنی چەندین سلفەو قەرز سودمەندبن”

پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ رایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق پێی راگەیاندون كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی هاوڵاتیانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەتوانن لە وەرگرتنی چەندین جۆر پێشینەو قەرز سودمەندبن ئەوەش لەسەر دەستپێشخەری بانكەكە، لەوانە سلفەی نەخۆشی، سلفەی كڕینی یەكەی نیشتەجێبون، قەرز بۆ پڕۆژەی بچوك و گەورە.

رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد،”دوای بەدواداچون و سەردانمان بۆ بانکی مەرکەزی عێراق، بانکەکە پێی راگەیاندین کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هاوتای هەمو هاوڵاتیانی عێراق دەتوانن سودمەند بن لە دەستپێشخەرییەکەی ئەوان و چەندین جۆر سلفەو قەرز وەربگرن.”

ئەوەشی خستۆتەڕو”لە نوێترین ئەو سلفانەش، پێدانی سلفەیەکە بە نەخۆشانی شێرپەنجەو نەخۆشییە درێژخایەن و سەختەکان کە بڕەکەی ١٥ ملیۆن دینارە.”

ئاماژەی بەوەشداوە “تایبەتمەندی سلفەی نەخۆشی ئەوەیە کە رێژەی سودەکەی نابێت زیاتر بێت لە بڕی ٢.٩٪ و لەماوەی پێنج ساڵیشدا دەدرێتەوە.”

هەروەها پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ وتوشیەتی”هەر بەپێی دەستپێشخەرییەکەی بانکی مەرکەزی عێراق، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سودمەند بن لە وەرگرتنی قەرز بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبون و هەروەها قەرزی کشتوکاڵی و قەرز بۆ پرۆژەی بچوک و گەورە.”

رێبوار ئەوڕەحمان لەبارەی ئەو بانكانەی كە لە هەرێم ئەو سلفەو قەرزانە دەدەن وتویەتی”هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سەردانی لقی ئەو بانکانە بکەن کە لەشارەکانیاندا هەن و داوای ئەو سلفەو قەرزانە بکەن کە بانکی مەرکەزی لە دەستپێشخەرییەکەیدا دابینی دەکات.”

ئەوەشی خستۆتەڕو، دیارترین لقی ئەو بانکانەی کە سلفەو قەرزەکان دەدەن و لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) لقیان هەیە بریتین لە بانکەکانی:

المصرف الإسلامي العراقي

مصرف التعاون الإسلامي للأستثمار

مصرف RT الاقليم التجاري

المصرف الاهلي العراقي

مصرف كردستان الدولي

مصرف الشمال

مصرف المنصور

مصرف الموصل للتنمية

مصرف بغداد

مصرف جيهان

المصرف المتحد للاستثمار

مصرف الاشور الدولي

مصرف اربيل

مصرف الشرق الاوسط

مصرف ايلاف الاسلامي

مصرف الاستثمار العراقي

مصرف التنمية الدولية

المصرف العراقي للتجارة

البنك الاهلي العراقي

مصرف بيروت

مصرف الثقة الدولي الاسلامي

پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ وتوشیەتی، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر دەربارەی دەستپێشخەرییەکەی بانکی مەرکەزی عێراق، هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی وێبسایتی بانکەکە بکەن.