هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دینار و بەرزكردنەوەی بەهاكەی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بەردەوامە، راوێژكارێكی بانكەكە ئاشكرای دەكات كە بەكارهێنان و مامەڵەكردن بە دینار دەچێتە ناو كەرتی تایبەت، لەوانە پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل و هیتریش.
ئیحسان شمران راوێژكاری بانكی ناوەندی دەڵێت، خەڵكەكە دەستی بە مامەڵەكردن بە دینار كردووە وەك دراوێكی نیشتمانی، ئەو مامەڵەكردنەش دەچێتە ناو كەرتی تایبەت، لەوانەش پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل، لە داهاتوویەكی نزیكیش بازرگانانی مۆبیلیات و كەلوپەلە كارەباییەكان پێویستیان بە دۆلار نابێت.
روونی كردەوە، بەهای راستەقینەی ئێستەی دینار لە دینارێك و نیو زیاترە، چونكە یەدەگی دراوی بانكەكە زۆرە و بەو پێیە پاڵپشتیی دراوی نیشتمانی زۆر بەهێزە، بانكی ناوەندی رووی دەرەوەی ئابووری عێراقە، كە ئێستە هەنگاوە راستكەرەوەكانی دەنێت، گرنگترینیان ئەو سەكۆیە ئەلیكترۆنییەی بازرگانی دەرەكی كردووە بە بازرگانییەكی راستەقینە، لەدوای ئەوەی ئەو بڕە دۆلارەی لە عێراق دەچووە دەرەوە و دۆلاری پێویست بۆ كڕینی كاڵاكان هیچ پێوەندییەكیان نەمابوو.
شمران دووپاتی كردەوە، هەموو ئەو بابەتانە لە رێگەی سەكۆ ئەلیكترۆنییەكە كۆنترۆل كران، لەوانەش ئەو دۆلارەی لە بانكی ناوەندییە بۆ بانكەكان و خەڵك دەفرۆشرا، ئێستە مامەڵە بازرگانییەكان كۆنترۆڵ كراوە و روون و ئاشكرایە.
راوێژكارەكەی بانكی ناوەندی ئاشكرای كرد كە حكوومەت و بانكی ناوەندی پابەندی مەرجە نێودەوڵەتییەكانن، لەوانە پێوەست بە سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیكردنی تیرۆر، بۆیە ناوچە خۆڵەمێشییەكەمان جێ هێشتووە و بووینەتە دەوڵەتێكی گوێڕایەڵ.