نرخی دۆلار بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بانكی ناوەندی عێراقیش بڕیار دەدات فرۆشتنی هەفتانەی دۆلاری ئەمەریكی لە مەزادی فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانكەكە زیاد بكات، وەك هەوڵێك بۆ گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی ئاسایی خۆی.
بەپێی نووسراوێكی بانكی ناوەندی كە ئاراستەی بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی كراوە، دەڵێت، لە سۆنگەی ئامانجەكانی بانكی ناوەندی بۆ سەقامگیركردنی نرخی گشتی و نرخی مامەڵەپێكراوی دراوەكان و بۆ پڕكردنەوەی پێویستی زیادبوو لەسەر دراوی بیانی لە بازاڕی ناوخۆیی، بڕیار درا لە سبەی دووشەمەوە پشكی هەفتانەی فرۆشتنی دۆلار زیاد بكرێت.
بانكەكە ئامادەیی خۆی پێشان دا بۆ دابینكردنی پێویستی هاووڵاتییان لە هەموو جۆرە دراوێكی بیانی بەو شێوە و بۆ ئەو مەبەستانەی یاسا رێگەی پێ داوە، جیا لە دابینكردنی دراوی بیانی بۆ كارتەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی، كە بۆ پرۆسەی پارەدان لە دەرەوەی عێراق بەكاردێت، بە نرخی 1470 دینار بۆ هەر دۆلارێك.
بەپێی نووسراوەكە، بانكی ناوەندی پشكی هەر كۆمپانیایەكی بەپێی پۆلێنكردنی دیاری كردووە، كە كۆمپانیاكانی جۆری A هەفتانە بڕی ملیۆنێك و 800 هەزار دۆلاریان هەیە و كۆمپانیاكانی جۆری B هەفتانە 750 هەزار دۆلاریان هەیە و كۆمپانیاكانی جۆری C هەفتانە 80 هەزار دۆریان هەیە، بانكەكانیش هەفتانە 200 هەزار دۆلاریان هەیە.