بانكی ناوەندی عیراق لە راگەیەنراوێكدا سەبارەت بە ناجێگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دینار داوایەكی ئاڕاستەی هاووڵاتیان و بازرگانان كرد.
لە راگەیەنراوەكەی بانكی ناوەندیدا هاتوە كە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانكەكەیان كۆبۆتەوەو گفتوگۆی كردوە لەبارەی پێوەرەكانی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا، كە بەهۆی فشارێكی كاتی لە دەرەنجامی فاكتەرە دەرەكی و ناوخۆییەكانەوەیە كە رەچاوی پشتبەستن بە میكانزمی پاراستنی كەرتی بانكی و كڕیاران و سیستمی داراییان كردوە.
راشیگەیاندوە، لە كۆبونەوەكەدا جەختیان كردۆتەوە كە نرخی فەرمی دۆلار لە بانكی ناوەندی بۆ هاوڵاتیان و مامەڵە بازرگانییەكان یەك هەزارو 465 دینارەو بۆ حەواڵە كردنیش نرخی یەك هەزارو 470 دینارە.
بانكی ناوەندی عیراق داواشی لە بازرگانان كردوە لە رێگەی بانكەكانەوە داواكاری بۆ كڕینی دۆلار پێشكەش بكەن و پەنا نەبەنەبەر ناوەندەكانی فرۆشتنی دۆلار كە نافەرمین.