بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە پاکێجی دوەمی ئاسانکاری بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی راگەیاند و بەپێی پاکێجەکەش، هاوڵاتیان دەتوانن ئەو بڕە پارانەی کە ڕێگەیان پێدراوە بیگوازنەوە تا زۆرترین بڕی حەوت هەزار و 500 دۆلار لە مانگێکدا.
بانکی ناوەندی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “جگە لەوەی لە پاکێجی یەکەمی ئاسانکارییەکانی بانکی ناوەندیدا بۆ سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕکردن پێشکەشی کردوە ئەمڕۆ بەفەرمی پاکێجی دوەم رادەگەیەنین”.
دەقی پاکێجی دوەمی بانکی ناوەندی:
یەکەم: پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی ڕاستەوخۆ لە چینەوە و بە دراوی یوانی چینی ڕێکدەخرێت، لە ڕێگەی دو بژاردەەوە:
بژاردەی یەکەم: بەهێزکردنی باڵانسی ئەو بانکە عێراقیانەی کە حسابیان لەگەڵ بانکە چینییەکان هەیە بە دراوی یوانی چینی.
بژاردەی دوەم: بەهێزکردنی باڵانسی بانکەکانی عێراق لەڕێگەی هەژماری بانکی ناوەندییەوە بۆ سودمەندی کۆتایی بە دراوی یوانی چینی لەڕێگەی هەژمارەکانمان لەگەڵ بانکی (JP Morgan) و بانکی گەشەپێدان لە سەنگافورە.
دوەم: ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دارایی بۆ ئەمریکا و ئەوروپا بەهەمان میکانیزم دواتر وردەکاریەکەی دەخرێتەڕو..
سێیەم: ئەو بەڵگەنامانەی کە پێویستن بۆ پێشکەشکردن بۆ ئەو حەواڵە دەرەکیانەی پێشتر باسکراون بریتی دەبن لە: لیستی بازرگانی (فاکتۆر) تەنها، یان نامەی قەرز، بەمەرجێک دواتر کڕیار بەڵگەی هاتنە ژورەوەی کاڵاکان بۆ بانکەکە دابینبکات.
چوارەم: ڕێنمایی ورد دەردەچێت بۆ خستنەڕوی دۆلار و کارئاسانی زیاتر بۆئەوانەی پێشتر باسکراون.
پێنجەم: ڕێکخستنی یەکلاکردنەوەی دارایی بۆ بریکاری کۆمپانیاکانی گواستنەوەی پارە (وێستەرن یونیون و مۆنیگرام ) لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی کلاس A لە ڕێگەی بانکێکی عێراقی بە یەک حسابی یەکلاکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە.
شەشەم: هاوڵاتیان دەتوانن ئەو بڕە پارانەی کە ڕێگەیان پێدراوە بیگوازنەوە تا زۆرترین بڕی حەوت هەزار و 500 دۆلار لە مانگێکدا، لە ڕێگەی بریکاری کۆمپانیاکانی گواستنەوەی پارە ( وێستەرن یونیون و مۆنی گرام) بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک، بانکی ناوەندیش لە ڕێگەی پەنجەرەیەکەوە هەژماری ئەم بریکارانە بەهێز دەکات کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی.
حەوتەم: خشتەیەک بڵاودەکرێتەوە کە ناوی بریکارە ڕێگەپێدراوەکان و شوێنەکانیان لەخۆدەگرێت، بۆئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت بڕە پارەی شەخسی بۆ بەکارهێنانی جۆراوجۆر (وەک یارمەتی خێزانی، یان بەکارهێنانی سادەی بازرگانی) بگوازنەوە، دەتوانن ڕاستەوخۆ بچنە ئەو بریکارانە (بانکەکان)، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن، یان هەر لایەنێکی تر کە مۆڵەتی بانکی ناوەندی هەیە یان دواتر مۆڵەتی پێدەدرێت، بۆ گواستنەوە بە نرخی فەرمی.
هەشتەم: بەکارهێنانی نوێ زیاد دەکرێت بۆ فرۆشتنی دۆلاری نەختینەیی، ئەمەش بەشدارە لە فراوانکردنی بنکەی فرۆشتن بۆ هاوڵاتیان بۆ ئاسانکاری لە پێدانی پابەندبونەکانیان بە دۆلاری ئەمریکی، بە شێوەیەک کە پێچەوانەی گشتاندنەکانی ئێمە نەبێت، هەروەها ئەو ڕێنمایانەی پێشتر دەرچون لەلایەن حکومەتەوە.
نۆیەم: ڕێگەدان بە بانکە حکومی و ئەهلیەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن لە پۆلەکانی A و B بۆ فراوانکردنی فرۆشگاکانی فرۆشتنی کاش دۆلار لە هەریەکێک لە لقەکانیان، بەمەرجێک کە ئەمە تەنها لە ڕێگەی پلاتفۆرمی FITR بێت، هاوکات ئاگادارمان بکەنەوە لە پێویستی زیادکردن و هەمەچەشنکردنی جوگرافی دابەشکردنی ئەم فرۆشگایانە.