بانكی ناوه‌ندیی عێراق ناوی ئه‌و شوێنانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ پابه‌ندنین به‌ نرخی دۆلاره‌وه‌

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق رایگه‌یاند كه‌ بانكه‌كه‌ سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی لیستێكه‌ به‌ناوی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ پابه‌ندنین به‌ نرخی دۆلاره‌وه‌.

له‌ لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، محه‌مه‌د یونس، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق وتی كه‌ بانكه‌كه‌یان سێ گشتاندنی بۆ خاوه‌ن كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوون و كۆمپانیاكان ده‌رككردوه‌ تا پابه‌ندن بن به‌ نرخی فه‌رمیی دۆلار به‌رامبه‌ر دینار.

وتیشی ئه‌و گشتاندانه‌ له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌ركراون كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌ حكومییه‌كان له‌ كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت به‌ نرخی فه‌رمی مامه‌ڵه‌ به‌ دۆلاره‌وه‌ بكه‌ن كه‌ 132 هه‌زار دیناره‌ بۆ هه‌ر 100 دۆلارێك.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی بانكی ناوه‌ندیی عێراق وتیشی كه‌ هه‌ندێك شوێن په‌باندن نین به‌و بڕیارانه‌وه‌و بانكی ناوه‌ندیش سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی لیستێكه‌ بۆ ئاشكراكردنی ناوه‌كانیان.