وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، دەكرێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕەسمی گومرگ لەسەر هاوردەكردنی ماددە خۆراكیە سەرەكیەكان، بەپێی بارودۆخی عیراق و جیهانی درێژ دەكرێتەوە.
(فەتحی مودەرس) راوێژكاری وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕەسمی گومرگ لەسەر هاوردەكردنی ماددە خۆراكیە سەرەكیەكان كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە، لەرۆژی 17ی نیسانەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆ چاودێری رۆژانەی لیژنەكانی چاودێری بازرگانیەوە لە هەرێمی كوردستان نرخەكان بەرێژەیەكی زۆر كەم زیادیانكردووە و جگە لەوەش سزای ئەوانە دەدرێت كە نرخەكان بەرز دەكەنەوە.
ئەو راوێژكارەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم تەئكیدیكردەوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕەسمی گومرگ لەسەر هاوردەكردنی ماددە خۆراكیە سەرەكیەكان، بەپێی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی كە عیراق و جیهانی پێدا تێپەڕ ِدەبێت دەتوانرێت ماوەكەی درێژ بكرێت، چونكە ئەوە قەیرانێكی جیهانیەوە بەتەنها پەیوەست نیە بە وڵاتێكەوە.