سێو یەكێكە لە میوە بە سوود و بەچێژەكان، زۆرینەی شارەزایانی تەندروستی هانی خەڵك دەدەن كە رۆژانە ئەو میوە بخۆن، شارەزایەكی ئابووری عێراق دەڵێت، بەو رێككەوتنەی لە نێوان عێراق و لبنان پێشنیاز كراوە، كە نەوت بە سێوی لبنانی ئاڵوگۆڕی پێ بكرێت، رۆژانە حەوت ملیۆن كیلۆ سێو دەكەوێتە بازاڕی عێراقەوە.
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری لە لاپەڕی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، لە چوارچێوەی رێككەوتنی پێشنیازكراوی سێو لە بەرانبەر بە نەوتی نێوان عێراق و لبنان، دەبێت رۆژانە حەوت ملیۆن كیلۆ سێو لە بازاڕەكانی عێراق ساخ ببێتەوە.
روونی كردەوە، لبنان دەیەوێ لە بەرانبەر وەرگرتنی نەوتی رەش سێو بە عێراق بدات، بەپێی ئەو ژمارانەیشی وەك پێشنیاز لەلایەن لبنانەوە باسی لێوە كراوە، بڕی نەوتەكە ملیۆنێك تۆنە و نرخی هەر تۆنێكی 600 دۆلارە، واتە بەهاكەی 600 ملیۆن دۆلارە، نرخی كیلۆیەك سێوی لبنانیش 25 سەنتە، نرخی تۆنێكی 250 دۆلارە، واتە عێراق ملیۆنێك تۆن نەوت بە لبنان دەدات لە بەرانبەر 2.4 ملیار كیلۆ گرام سێو.
مەرسوومی ئاماژەی كرد، ئەوە مانای ئەوەیە بازاڕی عێراق پڕ دەبێت لە سێوی لبنان، ماقووڵ نییە رۆژانە بڕی حەوت ملیۆن كیلۆگرام سێو بێتە عێراق، لەو كاتەی بەپێی داتاكان عێراقییەكان ساڵانە 2.5 ملیار كیلۆگرام لە هەموو میوەكان هاوردە دەكەن، بۆیە پێشنیازەكەی لبنان كردەنی نییە و سوودی نابێت، باشترە بگەڕێنەوە سەر رێككەوتنی پێشوو.