ئا: زریان محەمەد
ئەندازیارێکی شاری سلێمانی چەندین جۆری دیزاینی ئۆتۆمبێل ئامادە دەکاتو داوا دەکات حکومەتو وەبەرهێنەران هاوکاریان بکەنو پشتیوانییان بکەن بۆ زیاتر ناساندنی کارەکانیانو پێشخستنی کەرتی پیشەسازی ئۆتۆمبێل.
ئەندازیار سەروەر عەلی سعید، دیزاینەرو مۆدێلەری ستایلی ئۆتۆمبێل بەڕۆژنامەی بازرگانیو پیشەسازی رایگەیاند “لەساڵی ٢٠١٤وە دەستمکردووە بەدیزاینو مۆدێل کردنی شێوەی دەرەوەی ئۆتۆمبێل بە بەکارهێنانی بەرنامەی سێ ڕەهەندی کۆمپیوتەری تایبەت بەو بوارە، لەو بەرنامانەش، بەرنامەکانی، Visi , Alias Speedform Rhinoceros Autodesk Alias Autostudio هەروەها بەرنامەی ڕێندەرین KeyShot “.
دەربارەی ناردنی دیزاینی ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ کۆمپانیا جیهانیەکان، ئەندازیار سەروەر وتی “هەوڵم داوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەوروپیو ئەمەریکیو چینی، کارەکانم بگەیەنمە دەستیانو هەندێکیان هەرچەندە لایان پەسەند بووە، بەڵام بەکرداری هیچ هەنگاوێکیان نەناوە تا بچمە ناو کاری بەشداریکردنو کارکردن لەگەڵیاندا ، بۆیە تا ئێستا دیزاینەکانم هەر لەدووتوێی ئەرشیڤی کۆمپیوتەردا ماوەو نەچوەتە دەرەوە. بۆیە هیوادارم بتوانم کارەکانم نمایش بکەم لەپێشانگایەکدا بۆ ناسینیان بەخەڵکو کۆمپانیا جۆراو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل”.
وتیشی “پێویستمان بە پاڵپشتیو کۆمەکی مادی هەیە لەلایەن حکومەت یان سەرمایەدارانەوە کە بیانەوێ لەم بوارەدا کار بکەن، هەروەها دامەزراندنی ستۆدیۆی تایبەت بەبواری دیزاینی ئۆتۆمبێلو هێنانی کەسانی دیکەی ناوخۆیی کە سەلیقەی دیزاینی سێ ڕەهەندیان هەیە لەم بوارەدا، تا ئێستا بەتەنها بەتوانای زۆر کەمی خۆم ئەو بەرهەمانەم ئەنجام داوە کە هەروەک وتم تەنها لەدووتوێی کۆمپیوتەرو سۆشیال میدیادا ماوەتەوە. هەوڵمان ئەوەیە کە بچێتە دەرەوەو بکرێتە کرداری ئەگەر کۆمەکی حکومی یان سەرمایەداران هەبێت”.
ئەوەش ڕوندەکاتەوە کە “پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بدات بەم بوارەو لەگەڵ تیمی دیزاینەرانی ئەم بوارە هەوڵ بدات بۆ هێنانەکایەی مۆدێلو براندی تایبەتی کوردی کە هێماو شێوازی مۆرکی ناوچەو مێژووی کوردی تیا بەرجەستە کراو بێت، بۆ ناساندنی کورد بەدەرەوە کە کوردیش میللەتێکە خاوەن عەقڵیەتی شارستانیو داهێنانە، بەڵام پێویستی بەیارمەتیو هاندانی حکومەت هەیە، بەپێچەوانەوە هەموو بیرۆکەکانو داهێنانەکان بزر ئەبنو نابنە پێناسە بۆ هەرێمی کوردستانو میللەتی کورد”.
ئەو ئەندازیارە دەربارەی دروستکردنی پیشەسازی لەهەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە “گرنگیەکەی ئەوەیە کە ئێمەی کوردیش ئامانجمانە بگەین بەپیشەسازیە پێشکەوتووەکانی سەردەم تا بەدابڕاویو تەنها وەکو کاربەر نەمێنینەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەم بوارە هەر لەدیزانەوە تا دەگاتە پیشەسازیو بەرهەمهێنانی توێژێکی زۆر لەخەڵکانی خاوەن بەهرەو پسپۆڕە جیاجیاکانو دەستی کاری ناوخۆیی ئەخاتە گەڕو داهاتیشی بۆ وڵاتەکەمان ئەبێت، ئەکرێت ئەم بوارە بەکۆمەکو هاوکاری کۆمپانیا دەرەکییەکانی ئەو بوارە بخرێتە سەر پێو ببێتە واقیع، بەڵام تا ئێستا ئەم بوارە هیچ لایەکی لێ نەکراوەتەوەو تەنها وەک بەکاربەر ئۆتۆمبێلمان بەکارهێناوەو نەقدینەی قورس (عملە صعبە) ی وڵاتەکەمان بەفیڕۆچووە لەهێنانو بازرگانی ئوتۆمبێلدا. بەدیهێنانی ئەو ئامانجە ئەو زیانانەش لەئابوری هەرێمو وڵاتەکەمان کەم ئەکاتەوەو بەتێپەڕینی کات نامێنێ”.
ئاماژە بەوەش دەکات “بۆ توانای دەوڵەتی عێراقیش، وەک ئەزانین لەڕابوردوودا عێراق وڵاتێک بووە تەنها مۆنتاژی چەند جۆرە ئۆتۆمبێلێکی کردووە، کە لەڕووی میکانیکیەوە کۆمەکو سپێرو پاتری لەکۆمپانیا جیهانیەکانی وەک سکانیاو کۆمپانیاکانی فەرەنساو ژاپۆن وەرگرتووە، لەو مۆدێلانەش عێراق ئەوسا مۆنتاژی کردووە، کە دەگەڕێنەوە بو ساڵەکانی حەفتاکانو هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو، بریتی بوون لەپاسی ٤٠ نەفەریو ١٨ نەفەری ڕیم، کە تا ئەم ساڵانەی نزیکیش لەهەرێمی خۆمان بەکارهاتوون، هەروەها گەڵابەی (صلاح الدین) کە دیزاینو مۆتۆڕی فەرەنسی بوو، ئەمە بێجگە لەتراکتۆرسازی لەوانە تراکتۆری عەنتر. ئێستا عێراق نازانین تواناییەکانی چەندە لەم بوارەدا، بەڵام ئێمە خواستو ئامانجمان ئەبێ زۆر لەوە زیاتر بێتو هەوڵی دامەزراندنی ناوەندێک بدەین بۆ توێژینەوە لەو بوارەداو بەدیهێنانی براندی میللی کوردی لەبواری دیزاینو پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا”.