ئا: زریان محەمەد
لەئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هاوڵاتیان و موچەخۆران نیگەرانن لە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستیەکانی هاوڵاتیان و ئەندامێکی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هۆکارەکەی بۆ ڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی ئاشکرادەکات.
بورهان عەلی عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەی سلێمانی و بازرگانی ناسراوی هاوردەکردنی خۆراک لەشاری سلێمانی بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” وتی” هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستی لەتەواوی سێکتەرەکاندا بەردەوامی هەیە و ڕێژەکەش بەرەو زیادبون چووە لەتەواوی دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوردەکردن بەردەوامە، بەڵام گرانبون و زیادبونی نرخ تەنها پەیوەست نیە بە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڵکو لەتەواوی جیهاندا پێداویستیەکانی هاوڵاتیان نرخیان گران بووە”.
لەبارەی هۆکاری گرانبونەوە وتیشی “لەتەواوی جیهاندا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و ئاسیکردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆناو دەستپێکردنەوەی کاری تەواوی کارگەکان بۆتە هۆی زیادبونی خواست لەسەر بەرهەمە سەرەتاییەکان لەلایەن کارگەکان هۆکارن بۆ گرانبونی کاڵاو خۆراک”.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەوەش دەڵێت “هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکیەکان و کاڵاکانی پێداویستی هاوڵاتیان لەووڵاتانی ئەوروپا و چینو ئەمریکاو کەنەداوو وڵاتانی دراوسێوە دێت، کرێی گواستنەوەی وشکانی و ئاوی لەو وڵاتانەوە زیادی کردووە لەگەڵ زیادبونیشیدا دواکەوتن لەگەیشتنی بارەکان ڕودەدات بەهۆی زۆری داواکاری گواستنەوەی کاڵا، ئەگەر پێشتر کۆنتێنەرێک بەڕێگەی ئاوی بە ٥٠٠٠ هەزار دۆلار هاتبێتە بەندەر عەباس ئێستا بە ٩٠٠٠ هەزار دۆلار دەگات، گەر بەڕێگەی وشکانی لەوڵاتانی ئەوروپاوە بارێک بە ٤٠٠٠ هەزار دۆلار هاتبێت ئێستا بە ٥٥٠٠ دۆلار دێت لەگەڵ ئەوەی کە کاتی زۆری دەوێت تا جێگەی بارەکەت بۆ پەڕینەوە بۆعێراق دەستدەکەوێت چونکە بەهۆی زۆری کاڵاو بارەوە لەبەندەرەکان کاتی زۆری پێدەچێت”.
بەشێکی تری گرانبونی بەرهەمە خۆراکیەکان دەگەڕێتەوە بۆ مادە سەرەتایەکان و زیادبونی هەقی کارو باج لەو وڵاتانەی هاوردەی لێوە دەکرێت، بەتایبەت ئەو بابەتانەی کە مادەکانی پێ دادەپۆشرێت، واتە لەقتونان یان لەکیسنراو، بورهان عەلی وتی “لەهەمو وڵاتاندا بەرهەمهێنانی کارتۆن لەسەدا ٢٠ بۆ لەسەدا ٣٠ زیادیکردووە تەنەکە لەسەدا ١٥ بۆ لەسەدا ٢٠ زیادیکردووە پلاستیک کە بەرهەمی خۆراکی تێدا هەڵدەگیرێت بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ زیادیکردووە ئەوش بۆتە هۆکارێکی تر بۆ گرانبونی بەرهەمە خۆراکیەکان و پێداویستیەکانی هاوڵاتیان، کرێی دەستی کارکردن بەرزبۆتەوە باج لەسەر کۆمپانیا و کارگەکانی بەرهەم هێنان زیادی کردووە بۆیە گرانبونی خۆراک تەنها لەعێراقدا نیە، وڵاتانی جیهانیش بێبەش نەبون لەم گرانبونە”.
بورهان عەلی عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوادەکات “حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ بازرگانان بکات لەدەروازەکانەوە تا هاوردە کردنی زیاتری خۆراک بکەین و پشتیوانی تەواومان بکات بۆ دانانی کارگە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە لەتواناماندا هەیە کارگەی گەورە بهێنینە هەرێمی کوردستان بەو مەرجەی حکومەت هاوکاریمان بکات و کارئاسانیمان بۆبکات لە دابینکردنی زەوی و کارەبا بەنرخی هەرزان و لێخۆشبونی گومرگی لەپای هاوردەکردنی بەرهەمە سەرەتایەکەن، پشتیوانی کردنی کەرتی کشتوکاڵی بۆ زایدکردنی بەرهەمی ناوخۆیی تا بتواندرێت سود لەو بەرهەمانە وەربگیرێت بۆ کارگە ناوخۆیەکان ئەوەش دەبێت هۆکاری بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی لەهەرێمی کوردستانو ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان لەناوخۆدا”.
لەدوای ئاسایی کردنەوەی ژیان لەتەواوی وڵاتانی جیهان کارگەکانو کۆمپانیاکان دەستیان کردەوە بەکارکردن و خواست لەسەر کاڵاو پێداویستیەکانی ژیان زیادیکردووە، بەرزبونەوەی نرخی نەوت و بەرهەمە سەرەتایەکانیش وایکردووە بەشێکی زۆری خۆراک و پێداویستیەکانی هاوڵاتیان گران ببێت.