بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆببێتەوە و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکڕانیا لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و گەنم تاوتوێ بکرێت
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات.
ئاشکراشیکردوە، خستنەڕووی پوختەی کۆبونەوەی هاوبەشی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لە 28ی شوباتی 2022 سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالی تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و خستنەڕوی پوختەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابوری ژمارە (5) لە ڕۆژی 5ی ئاداری 2022 تایبەت بە پەسەندکردنی ڕاپۆرتی لیژنەی پێداچونەوەی ڕسومات بەشێکن لە بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، خستنەڕوی ڕاپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکڕانیا لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و گەنم بەشێکی دیکە لە بەرنامەی کاری کۆبونەوەکەن.
بڕیارە لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا، بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.