وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت: پڕۆژە یاسای نوێی کار یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگەکان و سەردەمیانەیە و کۆڵەکەی برەودانە بە ئابوریی و بازاڕ وکەرتی تایبەت و بەهاوکاری رێکخراوی جیهانی کارو پشت بەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوەو هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی رەگەزی تێدا پارێزراوە”.
کوێستان محەمەد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى لەبارەی رەشنوسی پڕۆژە یاسای نوێی کار كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەسەندی كرد و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا بۆ تەشریعکردنی، رایدەگەیەنێت: لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا،” رەشنوسی پڕۆژە یاسای نوێی کار”مان، خستەڕو کە لەلایەن وەزارەتمان و بەهاوکارى وەزارەتى پلاندانان و چەند رێکخراوێکى نێودەوڵەتى بەتایبەت (ILO) ئامادەكراوە، “ئەم یاسایە یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگەکان و یاسایەکی سەردەمیانەیە و کۆڵەکەی برەودانە بە ئابوریی و بازاڕ وکەرتی تایبەت و بەهاوکاری رێکخراوی جیهانی کارو پشت بەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوەو هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی رەگەزی تێدا پارێزراوە”.
ئاماژە بەوەش دەكات، هێنانەکایەی ئەم یاسا نوێیە، پێویستیەکی حەتمی بوو بۆ قۆناغی ئێستا، بەتایبەت کە ئەنجومەنى نوێنەران ساڵى 2015 یاسایەکى نوێیان دەرکرد، ئەو یاسایە لە هەرێم کارى پێنەکراوە، واتا ئێمە بەیاسایەک کاردەکەین کە عێراق خۆى کارى پێناکات”.
دەشڵێت: لە پڕۆژە یاساکەدا، رێکخستنی پەیوەندییەکانی کار لە نێوان کرێکاران و خاوەنکاران، لەسەر بنەمایەکى نوێ و پاراستنی مافەکانی هەر یەکێکیان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و یەکسانی ڕەگەزی و بە تایبەتی پاراستنی مافی کرێکاران و تەندروستی و سەلامەتی پیشەییان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر و جێگرتنەوەی کرێکارانی بیانی بە دەستی کاری ناوخۆیی، کارى لەسەرکراوە.
هەروەك ئەوە دەخاتەڕو كە بەپێی یاسا نوێیەكە بەشێوازێکی رێکخراوتر و باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاری بیانی دەکرێت و مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت لەگەڵ رەچاوکردنی مافەکانی کرێکاری خۆماڵی لە پرسی دابینکردنی هەلی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی مافی منداڵ و ژن پارێزراوتر دەبێت.