حكوومەتی ئەمەریكا بۆ یەكەم جار لە دوای دەستبەكاربوونی جۆ بایدن، گوشارە ئابوورییەكانی بۆ سەر ئێران توندتر دەكات و رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران دەكات.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كرد، كڕینی نەوت لە ئێران كەم بكرێتەوە و سزاكان لەسەری توندتر بكرێت، چونكە وڵاتان نەوتی پێویست دەخەنە بازاڕەوە.
كۆشكی سپی دەبێ هەر شەش مانگ جارێك، راپۆرتێك پێشكەش بكات لەسەر ئەوەی ئایا سزاكانی ئەمەریكا درێژەیان پێ بدرێت یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت. لە ساڵی 2012وە لە سەردەمی باراك ئۆباماوە هەر شەش مانگ جارێك، كۆشكی سپی هەڵوێستی خۆی نوێ دەكاتەوە.
فەرمانەكەی بایدن دوای ئەوە دێت لەگەڵ سەرۆكی چین، بەشێوەی ئۆنلاین كۆ بووەوە و پێشبینی دەكرێ بایدن داوای لە شی جین پینگ سەرۆكی چین كردبێت، نەوت لە ئێران نەكڕێت.
هەفتەی رابردوو رۆیتەرز ئاشكرای كرد، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین گەیشتووەتە نیو ملیۆن بەرمیل . بەپێی سزاكانی ئەمەریكا ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوت لە ئێران دەكڕن، لەلایەن ئەمەریكاوە سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت و لە مامەڵە نێودەوڵەتییەكانیاندا كێشەیان بۆ دروست دەكرێت.
بەگوێرەی بی بی سی، ئەگەر دووبارە رێككەوتنی ناوكیی زیندوو بكرێتەوە، ئەوا ئێران دەتوانێ هاوشێوەی پێش 2015 رۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی دنیا بكات.پێشتر بایدن بەو ئومێدەی كە ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، رێی بە كۆمپانیاكانی چین دابوو نەوت لە ئێران بكڕن، بەڵام ئەمجارەیان پێدەچێت ئەو هەنگاوە وەك گوشارێكی نوێ بۆ سەر ئێران بەكار بهێنێت.
بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا گەڕێكی تری دانوستانەكان دەست پێ بكات، بەڵام دیار نییە دەرەنجامی ئەو كۆبوونەوەیە چی دەبێت، چونكە ئێران دیسان هەندێك مەرجی دیاری كردووە و پێناچێت ئەمەریكاش مەرجەكان جێبەجێ بكات. یەكێك لەو مەرجانە ئەوەبوو ئەمەریكا بەشێك لەو پارەیە بۆ ئێران بگەڕێنێتەوە كە دەستی بەسەردا گیراوە و نیازپاكی خۆی بسەلمێنێت.