ئەمڕۆ حەوتەمین دیداری سلێمانی دەستیپێکرد

دیداری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە زانکۆی ئەمریکی عێراق – سلێمانی دەستیپێکرد، دیدارەکە گەورە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی جیهانیش کۆدەکاتەوە.

کۆڕبەندی سلێمانی رۆژانی 15،16ی ئازار بەردەوام دەبێت و حەوتەمین دیداری سلێمانییە کە کۆڕبەندەکە کەسایەتییە سیاسیەکان، دیپلۆماتکار، شارەزایان و رۆژنامەنووسانی ناسراوی جیهانی لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە. ئەم چالاکییە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن میدیا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە رووماڵ دەکرێت.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق لە دیداری سلێمانی بەشداری کرد و ڕایگەیاند “ھیوادارین دیاری سلێمانی ببێتە بناغەی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ئابورییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد و ببێتە ھەنگاوێک بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەکردنی ڕەوشی ئابوری ھەرێمی کوردستان”.

دیداری سلێمانی سێ تەوەر لە خۆدەگرێت ئەوانیش، عێراق دوای 20 ساڵ دوای لە پرۆسەی 2003، کاریگەرییەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا لەسەر عێراق، گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا و کەمئاوی.

لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە گەورە کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق و جیهان ئامادە دەبن.