حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمساڵ بۆ تەواوكردنی 16 بەنداو، 29 ملیار دیناری خەرج كردووە و بڕیارە تا كۆتایی ساڵ، دوو بەنداو بە تەواوی جێبەجێ بكرێن.
ئەكرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان، وتی، لە ھەرێمی كوردستاندا 16 بەنداو كە پێشتر دەست بە دروستكردنیان كرابوو و راگیرابوون، ئێستە بەشێكیان دەستی پێ كردووەتەوە. وەبەرھێنەرەكان باس لەوە دەكەن زیانی زۆریان بەركەوتووە و داوای قەرەبوو دەكەن.
ئەو ئاماژەی دا، لەگەڵ بەڕێوەبەران بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكرێت، ژمارەیان 16 بەنداوە، ئەوانەی دەستیان پێ كردووەتەوە بریتین لە گۆمەسپان، دیوانە، تولەجاغ و جەمرگە و ئامادەكاری بۆ ئەوانەی تریش دەكرێت، ئەوانیش دەست پێ دەكەنەوە.
وەك ئەكرەم ئەحمەد خستیە ڕوو، بەنداوەكانیش ھەریەك بە رێژەیەك كاریان تێدا كراوە، ھەیە 90%ی تەواو بووە، ئەمساڵ دووانیان تەواو دەبن و بەكاریان دەھێنن، ئەوانیش بریتین لە دێوانە و جەمرگە كە یەكێكیان مامناوەندە و ئەوەی تریشیان بچووكە.
ئەو باسی لەوەش كرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەمساڵ 29 ملیار دیناری بە سێ قۆناغ بۆ تەواوكردنی ئەو بەنداوانە خەرج كردووە، ئەویش جارێك 13 ملیار، جارێكیش 10 ملیار و جارێكیی تریش شەش ملیار دیناری بۆ خەرج كردووە.