ئەمریكا داوایەكی عێراقی لەبارەی دۆلارەوە رەتكردەوە

هەفتەی ڕابردوو، عێراق داوای لە ئەمریكا كردووە بۆ وەرگرتنی یەك ملیار دۆلاری زیادە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە، لەچاو ئەو ڕێژەیەی كە بۆی دیاری كراوە لە پارەی نەوت، بەڵام ئەمریكا ئەم داوایەی ڕەت كردۆتەوە، چونكە پێیوایە عێراق بەم پارەیە هاوكاری پێشكەش بە ئێران دەكات.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە بارەی ڕەت كردنەوەی داوایەكی عێراق لە ئەمریكا ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، عێراق داوای ناردنی یەك ملیار دۆلاری زیادەی لە ئەمریكا كردووە، بۆ ئەوەی وەك پاڵپشتییەك بێت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی، ئەمریكاش ئەم داوایەی ڕەت كردۆتەوە، لە دوای ساڵی (2003) ەوە ئەمریكا ساڵانە (10) ملیار دۆلار یان زیاتری بۆ بەغدا ناردووە، پارەكەش لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق بووە، كە لە بەنكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا دانراوە.

بەرپرسێكی باڵای عێراق ڕوونی دەكاتەوە، هەفتەی ڕابردوو بەنكی ناوەندی عێراق داواكارییەكی فەرمی پێشكەشكردووە، بەڵام واشنتۆن ئەو داواكارییە سەرەتاییەی ڕەت كردەوە.

كاربەدەستانی ئەمریكا دەڵێن: دۆلار بە دەستی عێراقییەكانەوە بۆتە سەرچاوەیەكی قازانجبەخش بۆ میلیشیاكان و سیاسەتمەدارە گەندەڵەكان، هەروەها چوونی دۆلاری نایاسایی بۆ ئێران.

لە كۆتاییدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە واشنتۆن ڕێگری لە (18) بانكی عێراقی كردووە، كە مامەڵە بە دۆلارەوە بكەن.