ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، لوتفی ئیلفان وەزیری دارایی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و نورەدین نبتی لە جێگەكەیدا دەستنیشانكرد.
پێشتر نبتی تویتێكی سەیری لە ئەكاونتەكەی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بە نزیكی دەستپێكێشانەوەی ئیلفان و وەرگرتنی پۆستەكە لەلایەن خۆیەوە كرد.
ئەمەش لەكاتێكدایە بەهای لیرە دابەزیوە بۆ كەمترین ئاست لەمێژووی خۆیدا و گەیشتووەتە 14 لیرە بەرامبەر دۆلارێك، دوای چەندبارەكردنەوەی بەرگریكردنی ئەردۆغان لە نمونە ئابورییە نوێیەكەی بە كەمكردنەوەی نرخی سوود، سەرەڕای ئەوەی ئاستی هەڵاوسان لە 20% نزیكدەبێتەوە.
پێشتر ئەردۆغان بڕیاری لێكۆڵینەوەی لە ئەگەری یاریكردن بە دراوەكە كرد پاش ئەو دابەزینە قورسە و پێوانەییەی بەرامبەر دۆلار تۆماركرد.
بەپێی سەرچاوەكان لەگەڵ هەر هەنگاو یان لێدوانێكی ئەردۆغان لیرە دابەزینێك بەخۆیەوە دەبینێت، بەجۆرێك تەنها لەمساڵدا زیاتر لە 45%ی بەهاكەی لەدەستداوە.