لەنێوان ئێران و کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی، یاداشتنامەیەک واژووکرا کە پێشنیاری وەبەرهێنان دەکات لە کێڵگەکانی نەوت و غازی ئێراندا، بە بەهای ٤٠ ملیار دۆلار.
تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە یاداشتنامەکە لەلایەن بەرپرسانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران و کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی لە تارانی پایتەخت واژووکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، موحسین خوجەستە میهر یاداشتنامەکەی وەک گەورەترین یاداشتنامەی وەبەرهێنانی بیانیی ناوزەند کرد لە کەرتی نەوتی وڵاتەکەیدا.
خوجەستە میهر ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی وڵاتەکەی و گازپرۆم یاداشتنامەیەکیان واژوو کردووە کە پێشنیازی وەبەرهێنان دەکات بە بەهای ٤٠ ملیار دۆلار و رایگەیاند ”لە چوارچێوەی یاداشتنامەکەدا، گازپرۆم بە بەهای دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات بۆ پێشخستنی کێڵگەکانی غاز لە پارس-ی باکووری ئێران و نزیک دوورگەی کیش لە کەنداو”.