حاكمی دوبەی، شێخ محەمەد بن ڕەشید ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، بڕیاری دەستپێكردنی دروستكردنی تێرمیناڵی نوێی سەرنشین لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەلمەكتوم بە تێچوی 128 ملیار درهەم كە دەكاتە 34 ملیار و 850 ملیۆن دۆلار داوە، كە دەبێتە گەورەترین فڕۆكەخانەی جیهان.
شێخ محەمەد بن ڕەشید لە پۆستێكدا لە پلاتفۆڕمی ئێكس ڕایگەیاند، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەلمەكتوم دەبێتە گەورەترین فڕۆكەخانەی جیهان بە توانای لە خۆگرتنی 260 ملیۆن سەرنشین.
ئاماژەی بەوەشكرد، فڕۆكەخانەكە لەڕوی روبەرەوە پێنج هێندەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی ئێستا دەبێت، هەروەها سەرجەم كارەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی لە ساڵانی داهاتودا بۆی دەگوازرێنەوە.
شێخ محەمەد بن ڕەشید دەڵێت، فڕۆكەخانەكە 400 دەروازەی فڕۆكە و پێنج ڕێڕەوی فڕینی هاوتەریب لەخۆدەگرێت و بۆ یەكەمجار تیایدا لە كەرتی فڕۆكەوانیدا تەكنەلۆژیای نوێ بەكاردەهێنرێت و بڕیارە تاوەكو ساڵی 2030 بە تەواوی بكرێتەوە.