ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی: هیچ بڕگه‌ و ماده‌یه‌ك بۆ پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقدا زیاد نه‌كراوه‌

هیچ بڕگه‌یه‌ك بۆ ماده‌ی 12ی تایبه‌ت به‌ (پشكی هه‌رێم) له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ی عێراق زیاد نه‌كراوه‌. ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی رای ده‌گه‌یه‌نێت، بڕگه‌ و ماده‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ر دێ.

ئه‌مڕۆ شه‌ممە، شه‌شی ئایار، خه‌لیل غازی دۆسكی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌باره‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی گوایه‌ زیاد كراوه‌ بۆ ماده‌ی 12ی تایبه‌ت به‌(به‌شكی هه‌رێمی كوردستان) له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق، ڕایگەیاند، “ئه‌و بڕگه‌یه‌ هه‌ر له‌ناو ره‌شنووسه‌كه‌ هه‌بووه‌ و هیچ زیاد نه‌كراوه‌.”

دوێنێ ئه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ بڕگه‌یه‌ك بۆ ماده‌ی 12 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌(پشكی هه‌رێم) له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ی عێراق زیاد كراوه‌. تێیدا هاتووه‌: هه‌رێمی كورستان چه‌ند داهاتی نه‌وت و ناوخۆ راده‌ستی به‌غدا بكات، ئه‌وا هه‌مان بڕی له‌ بودجه‌ بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و ماده‌یه‌ دۆسكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، گۆڕانكاری به‌سه‌ر بڕگه‌ و ماده‌كان دێ، بۆیه‌ زیاتری وت، “هه‌موو ماده‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێ.”

پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی 2023ی عێراق، به‌ 12.67% دیاری كراوه‌، له‌ كۆی 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 11 ملیۆن و 663 هه‌زار دینار، ئه‌گه‌ر شایسته‌ داراییه‌كان به‌ته‌واوی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێ، 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناره‌، مانگانه‌ یه‌ك ترلیۆن و 257 ملیار دیناره‌.

به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ی كراوه‌، تا 10ی ئایار ده‌بێ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ په‌سند بكات، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆكانی چڕتر كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زوو كاره‌كان ته‌واو بكات، به‌ڵام دیار نییه‌ كه‌ی خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌كرێ.