ئه‌مڕۆ ده‌روازه‌ نوێیه‌كه‌ى هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كرێته‌وه‌

ئەمڕۆ دەروازەی نوێیه‌كه‌ى نێوان هه‌رێمى كوردستان‌و توركیا به‌فه‌رمى ده‌كرێته‌وه‌و سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆرانیش ده‌ڵێت، “ڕێوڕه‌سمێكى فراوان ئه‌نجامده‌ده‌ین”.

ده‌روازه‌ى نێودەوڵەتیی زێت لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیا بەفەرمی دەكرێتەوە، ئەمەش دوای ساڵێك لەكاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگه‌ی سەرەكیى دەروازە نێودەوڵەتییەكە لەنێوان هەرێم‌و توركیادا دێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەرێوڕەسیمێكی فەرمیداو بەئامادەبونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم‌و توركیا، بەفەرمی سنوری نێودەوڵەتیی زێت بەڕوی گەشتیاراندا دەكرێتەوەو لەقۆناغی دوەمیشدا كار بۆ ئەوە دەكرێ تێیدا بزاڤی بازرگانی وەگەڕ بخرێت”.

ده‌شڵێت، “سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێگەیەکی گرنگی ستراتیژیی هه‌یه‌و هاوسنورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران، بەکردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ئاستی بازرگانی لەسنورەکە بەگشتی‌و مێرگەسۆر بەتایبەتی، دەچێتە قۆناغێکی دیکەوه‌”.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنوری ناحیەی شێروان مەزن، لەقەزای مێرگەسۆری سەر بەئیدارەی سەربەخۆی سۆران‌و دەبێتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان‌و تورکیا.