سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشهسازی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران، لە بەندەر عەباس کە کاڵای چینی لێوە دەگوێزرێتەوە بۆ هەرێم و عێراق، گرفت دروستبووە، بارەکان گواستراونەتەوە بۆ دەروازەکانی تری عێراق و بازرگانە کوردەکان زەرەرمەند بوون. دەشڵێت، ” گومرگ کردنەوەی ئەو بارانەی لە بەسرەوە دەهێنرێن لەلایەن هەرێمەوە، تا ئاستێک بازرگانی وەستاندووە”.
ئەمڕۆ هەینی، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشهسازی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، پێداویستییە کارەباییەکان و بیناسازی و جوانکاری و زۆر کاڵای تر، لە وڵاتی چینەوە هاوردەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێم دەکرێن، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران، ئەو کەشتییانەی ئەو کاڵایانە بە رێگەی ئاویدا دەگەیەننە ئێران نرخیان گران کردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران، لە بەندەر عەباس کە کاڵای چینی لێوە دەگوێزرێتەوە بۆ هەرێم و عێراق، گرفت دروستبووە، بارەکان گواستراونەتەوە بۆ دەروازەکانی تری عێراق و بازرگانە کوردەکان زەرەرمەند بوون.
دەشڵێت، ئەو کەشتییانەی کاڵای چینی بە رێگەی ئاوی دەگوێزنەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران نرخی گواستنەوەیان گرانکردووە، ئەمەش وایکردووە نرخی کاڵاکان لەسەر بازرگانەکان زیاتر بکەوێت، پێچەوانەی جارانیش کە لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە کاڵاکان هاوردەی عێراق دەکران، ئێستا بارەکان زیاتر لە بەسرەوە دەهێنرێنە عێراق.
سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، نزیکترین خاڵ بۆ هاوردەکردنی کاڵای چینی بۆ هەرێم بەندەر عەباسی ئێرانە، ئێستا بارەکان لە بەندەر عەباسەوە دەبرێنە بەسرە، چونکە لەوێوە تێچووی کەمترە و کەمتر لەسەر بازرگانەکان دەکەوێت.
لەبارەی جیاوازی نێوان دەروازەکانی عێراق و هەرێم بۆ هاوردەکردنی کاڵا چینییەکان، سیروان محەمەد باسی لەوەشکردووە، حکومەت زۆر نەیتوانیووە باڵادەست بێت بەسەر گومرگەکانی بەسرەدا، بارەکان کەمتر گومرگ دەکرێن، حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیش رازی نییە بە ئەورواقی بارەکان کە دەهێنرێن و ئەوراقەکان تەواو نین، بۆیە جارێکی تر بارەکان گومرگ دەکاتەوە، ئەمەش زۆر لەسەر بازرگان دەکەوێت و گومرگ کردنەوەی ئەو بارانەی لە بەسرەوە دەهێنرێن لەلایەن هەرێمەوە، تا ئاستێک بازرگانی وەستاندووە.
دەشڵێت، گواستنەوەی بارەکان لە دەروازەکانی هەرێمەوە بۆ دەروازەکانی عێراق وایکردووە بازرگانی لاواز بێت و داهاتی حکومەتیش کەمتر ببێتەوە، بازرگانەکان کاڵاکانیان لە خوارووی عێراق دابنێن، چونکە بازرگانییەکە بۆ تەواوی عێراقە نەک تەنها هەرێم.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، گرانبوونی نرخ، خواستی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان کەمتر کردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەرز بوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، جۆرێک لە ناسەقامگیری لە بازاڕەکان دا دروستکردووە.