* ئاراس عەبدولکەریم مەعروف
لەجیهانی ئەمڕۆدا ئەو پرسیارە زۆر جار دوبارە دەبێتەوە کە ئاخۆ دەکرێت کایەیەکی کۆمەڵگا داببڕێت لەهەموو کایەکانی دیکەو بەتەنها بتوانێت پێشبکەوێت، بۆ نمونە کایەی ئابوری یان کایەکانی پەروەردەو فێرکردنو تەندروستیو دابی کۆمەڵایەتیو گەشەی سیاسی؟ یاخود هەموو ئەم کایانە وەک پاکێجێک پێکەوە گرێدراونو دواکەوتنیکی هەر یەکیکیان کاریگەریی نەرێنیو نەخوازراوی لەسەر کۆی کایەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵگایەک دەبێت؟
بەئەزمون سەلمێنراوە کە کایەکان هەموویان وەک ئەندامی جەستەیەک وان، پەککەوتنی هەر ئەندامێکی ئەم جەستەیە کاریگەری لەسەر کۆی ئەندامەکانی دیکەی جەستە دەبێت، ئێمە لەئابوری کوردستاندا بەکردەکی درکمان بەم راستییە کردووە.
لەکاتێکدا کە هەموو دامەزراوەو کایەکانی دیکەی ژیانی گشتیت لەئاستی پێویستییەکانی ئەم سەردەمەو لەئاستی ئەم قۆناغەی ژیانی ئەمڕۆدا نەبێتو کۆنو بەسەرچوو بن، زۆر ئەستەمە بەتەنها چاوەڕوانی گەشەی راستەقینەی کەرتی تایبەتو نوێبوونەوەی ئابوریو گەشەی پیشەسازیو کشتوکاڵو گەشتیارییو سێکتەرەکانی دیکەی ئابوری بیت.
کەس نییە لەدنیای ئەمڕۆدا پەی بەو راستییە نەبات کە كەرتی تایبەت بزوێنەری سەرەكی گەشەی ئابوریو كەڵەكەكردنی سەرمایەی نەتەوەییو رەخساندنی هەلی كارە، گەشەی كەرتی تایبەتو گەشەی سێکتەرەکانی پیشەسازیو کشتوکاڵو گەشتیارییو بازرگانی پێویستی بەهەبوونی دامەزراوەی ئابوری تۆکمەو سیستەمی سیاسی دامەزراوو کۆمەڵیک یاساو رێسای شارستانییە، دەنا بەبێ بوونی ئەم دامەزراوو یاسا سەردەمیانیانە “نەتەوەکان شکست دەهێنن”.
لەهەرێمی کوردستاندا ئەمڕۆ هەمو ئەوانەی لەبوارەکانی پیشەسازیو کشتوکاڵو سێکتەرە گرنگەکاندا کار دەکەن دادو بێدادیانە بەدەست کۆمەڵێک گرفتو کێشەوە کە پێویستیان بەچارەسەری ریشەییو بنەڕەتییە. پیشەسازیو کشتوکاڵو بەرهەمی ناوخۆ لەم هەرێمەدا بۆ ئەوەی پێشبکەوێ دەبێت لەڕێگەی سەپاندنی سیاسەتێكی گونجاوەوە بپارێزرێتو ئەو دەرفەتە بۆ وەبەرهێنەری ناوخۆ بڕەخسێ کە بتوانێت كێبڕكێی بەرهەمو كاڵای نرخ هەرزانو كوالێتی نزمی هاوردەكراو بكات. ئەگەر یاساو رێنمایی گونجاو نەبێت بەئاڕاستەی چاودێری كردنی هاوردەو رێگرتن لەپڕكردنی بازاڕ بەكاڵای ساختەو كوالێتی نزم، بەرهەمی ناوخۆ لەبواری پیشەسازیو کشتوکاڵدا جگە لەپاشەكشە کردنو بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری، چاوەڕوانی چیدیکەی لێناکرێت.
کە لامەركەزیەت لەبڕیاری وەبەرهێناندا ڕەچاو نەكرێت، کە ژێرخانی ئابوری بەهێز نەکرێت، کە ناوچەی پیشەسازی مۆدێرن دروست نەكرێت، کە بەپێی پلانێكی تۆكمە بەپیشەسازیكردنی كشتوكاڵو خۆراك نەکرێتە ئامانج، کە خاوەنی بانكی تایبەت بەپاڵپشتی كردنی پڕۆژەی بچوكو مام ناوەند نەبین، چۆن چاوەڕوانی زیادکردنی بەرهەمو گەشەی پیشەسازیو بەروبومی کشتوکاڵی بکەین؟ چۆن بتوانین بەشێوەیەكی هاوتەریب پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتیارییو بازرگانی بەهێز بكرێتو فرە سەرچاوەی ئابوری بۆ كوردستان دەستەبەر بكەین؟