ئاراس عەبدولکەریم مەعروف
پۆل بریمەر لەیاداشتەکانیدا ئاماژە بەخاڵیکی سەرنجڕاکێش دەکات، خاڵێک کە بەوردی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئابوری عێراق بەگشتیو سەرهەڵدانی کەرتی تایبەتی لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا تیا روندەکاتەوە، ئەو دەڵێت “لەساڵی 2003دا کاتێک بڕیار درا کار بەسیستەمی ئابوری ئازاد لەعێراقدا بکرێت، دەسەڵاتدارو كاربەدەستان بەمەبەستی دەسكەوتو سوودی خێرا، دەستبەجێ كەوتنە دامەزراندنی كۆمپانیای بازرگانیو چاوبڕینە هاوردەكردن لەبری بەرهەمهێنان، هەربۆیە زۆری نەخایاند چینێكی سیاسەتمەداری بزنسمانی گەندەڵ سەریانهەڵدا كە هیچ روانینێكی ستراتیژیو پەرەپێدانی درێژخایەنیان نەبوو بۆ وڵات، تەنها دەستیان لەسەرمایەو پارەیەكی زۆرو زەبەند گیر بوو، لەدونیادا بەمۆدیلی (دەوڵەمەند بوون بەشێوە عێراقییەكەی) ناوبانگی دەركرد، کە بەو تازە پیاکەوتوانە دەوترا لەماوەیەكی كەمدا لەوپەڕی هەژارییەوە دەبوون بەملیۆنەرو ملیاردێری گەورە”!
کارەساتی گەورەی ئەم وڵاتە لەڕووی ئابورییەوە وەک بریمەر ئاماژەی پێدەکات، ئەوەیە بەشێکی بەرچاو لەئەکتەرەکانی کەرتی تایبەتو زۆربەی سەرمایەدارانی ئەم وڵاتە بێ رەگو ریشەن! زۆربەیان لەسایەی پاشاگەردانیو نەبونی یاساو ڕێسای تۆکمەو دۆخێکی کتو پڕدا پارەیەکی زۆرو زەبەندیان بێ ماندوو بوونو دەستکەتووەو کەوتون بەسەر نازو نیعمەتی خۆیانداو دەشیانەوێ لەسەر ئەم ریتمە بەردەوام بن!
بێگومان لەجیهانی پڕ لەگۆڕانكارییو پڕ لەكێبڕكێی ئەمڕۆدا، ئامانجی ستراتیژی وڵاتان گەشەی ئابوریو کۆکردنەوەی سەروەتو سامانە، ئەوەی لەبەدیهێنانی ئەم ئامانجەشدا رۆڵی گرنگو كارا دەبینێت بەهێزیی “كەرتی تایبەت”ە.
رەنگە هەموومان لەسەر ئەم خاڵە کۆک بین کە کەرتی تایبەتی ڕاستەقینە کاتێک سەرهەڵئەدات دەسەڵاتی یاسا هەبێت بەمانا ڕاستەقینەکەیو بازاڕو ئابوری، ئازاد کرا بێت. بازاڕو ئابوری لەلایەن حکومەتو حیزبەوە بۆ هیچ کۆمپانیاو کەسێک قۆرغو کۆنترۆڵ نەکرابێت، یاخود بازاڕو چالاکییە ئابورییەکان لەڕێگەی سەپاندنی کۆمەڵێک یاساو رێسای تێچونی زۆرو بیرۆکراسییەوە، بەرتەسکو نائارام نەکرابێت.
سەروەری یاسا بۆ پاراستنی مافەکانی ئازادی تاکەکەسو رێخستنەوەی سیستەمی بانکیو داراییو فەراهەم کردنی ژینگەی كار لەپێناو باشتر كردنی توانای کێبڕکێی دامەزراوە ئابورییەکانو رادەستکردنی ئابوری لەکەشێکی کێبڕکێدا بەکەرتی تایبەتی ڕاستەقینە، مەرجن بۆ ئەوەی سیستەمێکی ئابوری کاراو ئاوەدان بەدەستبهێنرێت.
راستییەک ناتوانین چاوپۆشی لێبکەین ئەوەیە ئێمە لەهەرێمی کوردستاندا تا ئێستا کەرتێکی تایبەتی بەهێزو کارامان نییە، کە هاوسەنگیو جێگیریی پێوە دیاربێت، بەدڵنیایی هۆکار زۆرن وایکردوە کەرتێکی تایبەتی تەندروستمان نەبێتو بەشێوەیەکی تۆکمەو پتەو لەسەر پێی خۆی وەستابێت.
ئەمڕۆ ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی دەستپێشخەر بێت لەشکاندنی ئەو قاڵبو رێچکانەی کە تا ئێستاش چاوی لەخێرو سەدەقەی حکومەت بێت تا یارمەتی بدات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت! ئیتر کاتیەتی کەرتی تایبەت لەکوردستاندا کار لەسەر رەواندنەوەی ئەو هەڵە تێگەیشتنە بکات کە کەرتی تایبەت دەبێت حکومەتو کەرتی گشتی تەمویلی بکات یان فلان کەرەسەو فیسارە ئامڕازی بۆ دابین بکات تا لەسەر پێی خۆی بوەستێو شکست نەهێنێت!
لەجیهانی ئەمڕۆدا رەوتی ئابوری بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەجوڵێ، لەبری ئەوەی کەرتی تایبەت چاوی لەخێرو بێرو دەستی حکومەت بێت، بەپێچەوانەوە ئەوە بازاڕو کەرتی تایبەتە کە پشتیوانو هاوکاری حکومەتن، ئێستا تا دێ رۆڵی کەرتی تایبەت گەورە دەبێو قەبارەی حکومەتیش بچوکو بچوکتر دەبێتەوە. ئەمەش وا دەخوازێ کەرتی تایبەتی راستەقینە هەوڵی ئەوە بدات ئەو بیرکردنەوەیە پوچەڵ بکاتەوە کە پێیوایە تەنها بەدوای بەرژەوەندی کەسی خۆیدا دەگەڕێت!
هەلومەرجی ئابوری وا لەکەرتی تایبەت دەخوازێ لەکوردستاندا کە لەهەموو رووییەکەوە خۆی ئامادەو پێشبخات، بەتایبەتی لەڕووی شارەزایی بەڕێوەبردنی سەرمایەوە، ناکرێت کەرتی تایبەتو سەرمایەدارانی كوردستان عەقلیەتی سەرمایەداری فیودالییان هەبێو لەڕووی بازرگانی “یان دروستر بڵێین لەڕووی قاچاغچیتییەوە” بڕواننە سەرمایەگوزارییو تەنها چاویان لەو پڕۆژانە بێت كە قازانجێکیی زۆریان بەماوەیەكی كورت بۆ دەستەبەر دەکات، یاخود پلانو خولیایان لەسەر دەست تێكەڵكردن لەگەڵ بەرپرسە حیزبیەكان بێت بۆ پاراستنی سەرمایەو بەدەستهێنانی قازانجەكانیان بەئاسانیو بۆ ئەوەی كەسیش نەتوانێ ململانێی بازاڕی ئازادیان لەگەڵدا بكات.
تا کەرتی تایبەت بەم دیدەوە بڕوانێتو لەهەموو روویەکەوە قایم لەسەر پێی خۆی نەوەستێتو روانگەیەكی گشتگیری بۆ ئابوری وڵات نەبێت، بەلاوازیو پەراوێزخراویی دەمێنێتەوە، چونکە وەبەرهێنانی كەرتی تایبەتی راستەقینە بریتییە لەئەنجامدانی پڕۆژەیەك كە بەرهەمداربێتو سوڕی سەرمایەو خستنە سەر كاری بەردەوام لەخۆبگرێت.
كەرتی تایبەت لەزۆربەی وڵاتانی ئەمڕۆی جیهاندا، بەتەواوی شوێنی حكومەتە بنەڕەتیەكەیان گرتۆتەوەو توانیویشیانە هەمان رۆڵی حكومەت (كەرتی گشتی) ببینن لەبەرەو پێشچونی وڵاتو لەدابینکردنی هەلی کاردا، هەربۆیە لە زۆربەی ئەو قەیرانانەی بەرۆک بەحكومەتەکان دەگرن، كەرتی تایبەت راستەوخۆ دەتوانێت رۆڵ ببینێتو قورسایی ئەو قەیرانانە لەسەر حكومەت كەم بكاتەوە.
لەم روەوە بەرپرسیارێتی گەورە لەسەر شانی حكومەتە تا لەو چوارچێوەیەدا كاربكات بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت كارا بێتو بەیاسا ئابوریو بازاڕ بپارێزێتو راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ وەبەرهێنەران ئاڕاستە بكات بۆ ئەو بەرهەمانەی كە نیشتمانو كۆمەڵگا پێویستی ستراتیجی پێیانە.
بەپێی هەلومەرجی ئێستای ئابوری هەرێمی کوردستانیش، گونجاوترین تاکتیکی کورتخایەنو ستراتیژی درێژخایەنی ژوورە بازرگانییەکان وەک نوێنەری کەرتی تایبەت، دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی لاوازییو پەراوێزخراویی کەرتی تایبەت، ئەرکی ژوورە بازرگانیەکانە هەوڵی بنیاتنەرانە بدەن بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٣ بکەن بەساڵی بەهێزکردنی کەرتی تایبەتی راستەقینە، تا لەم ڕێگەیەوە هەرێمی کوردستان لەچەقبەستووی ئەدای ئابوری دەرباز ببێتو پێگەی خۆی بۆ پێگەیەکی شایستەتری ئابوری بەرز بکاتەوە.