سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كوردستان له نوسینگه‌ی سلێمانی له‌سه‌ر سێكته‌ری ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، رێگاوبان، خۆڵ و خاشاك كه ئێستا ته‌نگی به زۆری ناوچه‌كان هه‌ڵچینوه گفتوگۆیان كردوه، ده‌شڵێت، “هه‌روه‌ها باسی ئه‌و باجه‌مان كرد كه بارگرانییه‌كی زۆری له‌سه‌ر شانی هاوڵاتیان دروستكردوه و له هه‌مانكاتدا نه‌بوه به خۆشگوزه‌رانی بۆ هاوڵاتیان”.
ئازاد محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له نوسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار كۆبونه‌ته‌وه و باسیان له كۆمه‌ڵێك پرسی هه‌نوكه‌یی كردوه كه ئاسته‌نگی گه‌وره‌یان بۆ هاوڵاتیان دروستكردوه و له ئاینده‌یه‌كی نزیكشیدا نوسراوێك ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه تیایدا داواكاری و پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك ده‌خرێته‌ڕو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ئه‌وان زیاتر له‌سه‌ر سێكته‌ری ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، رێگاوبان، خۆڵ و خاشاك كه ئێستا ته‌نگی به زۆری ناوچه‌كان هه‌ڵچینوه گفتوگۆیان كردوه، هه‌روه‌ها ئه‌و باجه‌ی كه بارگرانییه‌كی زۆری له‌سه‌ر شانی هاوڵاتیان دروستكردوه و له هه‌مانكاتدا نه‌بوه به خۆشگوزه‌رانی بۆ هاوڵاتیان له‌سه‌ر كۆی بابهتهكان قسه‌مان كردوه و داوامان كردوه هه‌ماهه‌نگیمان به‌رده‌وام بێت”.
له‌باره‌ی داهاتی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محه‌مه‌د باسی له‌وه‌كرد، “نوسراومان ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری كردوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ی له سنوری سلێمانیدایه ئاگادارمان بكه‌نه‌وه له كۆی گشتی داهات و چۆنێتی خه‌رجكردنی، به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ڵامی داوینه‌ته‌وه و ده‌ڵێت، ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندایه، واتا تا ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات مه‌ركه‌زییه و لامه‌ركه‌زی نیه بۆیه ناتوانین به‌شێكی زۆر له‌و زانیاریانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به داهاته‌وه نه‌مانتوانیوه وه‌ری بگرین”.
له وه‌ڵامی پرسیارێكی خه‌ندان، په‌یوه‌ست به “دیارنه‌مانی داهاتی سلێمانی” و دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچی هێزه‌كانی ئاسایش، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی وتی، “به‌دواداچونمان كردوه و هه‌فته‌ی رابردوش سه‌ردانی بانكی ناوه‌ندیمان له سلێمانی كردوه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ڵێت، له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانیشدا نیه كه ئێمه‌ی لێ‌ئاگادار بكه‌نه‌وه”.