ئاراس عەبدولکەریم مەعروف
ئابوری، لەجیهانی ئەمڕۆدا گەورەترین رەگەزی هێزو دەسەڵاتە، ئەمە یەکلایی بوەتەوەو شتێکە کە قابیلی گفتوگۆو مشتومڕ نییە، هەموو وڵاتانی جیهان نەك هەر سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەیان لەسەر بنەمای خزمەتكردن بەگەشەی ئابورییان دادەڕێژن، بەڵكو جەنگو لەشكركێشییەكانیشیان رەهەندی ئابوری لەخۆدەگرێ، كەواتە: بۆچی ئابوری لەکوردستاندا جێی بایەخی پلە یەكی ئێمە نییە؟! بۆچی زۆرجار بەرژەوەندی ئابوریمانو سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەمان وەك دوو ئاڕاستەی پێچەوانە دەردەكەون؟
بێگومان هۆكارو ئاستەنگەكانی بەردەم گەشەو پێشكەوتنی ئابوریمان رەگو ریشەیەكی مێژووییان هەیە، كە پەیوەندی بەزیاد لەفاكتەرێكەوەیە، بەڵام ئەوەی زۆر رونو ئاشكرایە لەم 30 ساڵەی رابردوودا کە نیمچە سەربەخۆ بووین، پلانی وردو ستراتیجیمان نەبوە بۆ ئەوەی لەڕوی ئابورییەوە لەئاستێكی زۆر باشتر لەدۆخی قەیراناوی ئێستاماندا بوینایە، چونكە زۆرێك لەپێویستییەكانی گەشەی كەرتەكانی كشتوكاڵو گەشتیارییو پیشەسازی لەهەرێمی كوردستاندا بەردەستن، بەڵام ئەوەی كە بەردەستو ئامادە نییە، ئیدارەکردنێكی گونجاوو پلانێكی تۆكمەو ستراتیجییە.
ئەوە راستییەكی سەلمێنراوە كە لەهەرێمی كوردستاندا یەكێك لەگرفتە سەرەكیەكان ئەوەیە ئابوری كراوە بەقوربانی سیاسەتو ئەمەش خاڵی لاوازی ئابوری ئێمەیە. خاڵی سەرەكی لاوازیشمانە، لەبەرئەوەی لەجیهانی ئەمڕۆدا چەند لەڕووی ئابورییەوە بەهێز بیت، هێندەش لەهەموو بوارەكانی ژیانی سیاسیو كۆمەڵایەتیو پێگەتەوە لەنێو هاوكێشە هەرێمیو جیهانییەکاندا بەهێز دەبیت.
لەخۆڕا نییە وڵاتانی گەورەی جیهان شەوو ڕۆژ شەڕیانە بۆ ئەوەی باڵادەستیو پلە یەكی خۆیان لەڕووی ئابورییەوە لەجیهاندا لەدەست نەدەن، ئەگەر لەڕێگەی جەنگو داگیركردنی وڵاتانی دیكەشەوە بووبێت، چونكە بەهێزی ئابورییانو بەختەوەریو رەخساندنی هەلی كاریان، لەبەشێكیدا پەیوەندی بەداگیرکردنی بازاڕەکانو باڵادەستییانەوەیە بەسەر وڵاتانی دیكەدا. بۆ نمونە لەوڵاتێكی سەرمایەداریو پێشكەوتووی وەك فەرەنسادا، لەهەر سێ كارێك كە هاوڵاتیان بۆیان رەخساوەو پێوەی سەرقاڵن، دوانیان پەیوەندی بەهەناردە كردنی بەرهەمو كاڵاكانیانەوەیە بۆ دەرەوەی وڵاتو بازاڕەكانی جیهان. تەنانەت فەرەنسا تاكە وڵاتێكی ئەورپای رۆژئاوا بوو لەساڵی 2003دا ناڕازیی بوو بەرامبەر بەهێرشی ئەمەریكاو هاوپەیمانان بۆ سەر رژێمی ئەوكاتی عێراق، لەبەرئەوەی لەئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا عێراق یەكەم شەریكی بازرگانی بوو، نەیدەویست لەدەستیبچێت.
هەربۆیە لەهەر وڵاتو سیستەمێكدا كە ئابوری كرا بەقوربانی سیاسەت، ئابوری تیادەچێت. تەنانەت لەوڵاتێكی گەورەی وەك چیندا كە تاكە حیزبێك دەیبات بەڕێوە، نزیكەی 75%ی ئابوری چین بەدەست كەرتی تایبەتەوەیە، هەرچەندە حیزبی شیوعی چینی كە 90 ملیۆن ئەندامی هەیەو كۆنترۆڵی ژیانی سیاسیو كۆمەلایەتی كردووە، بەڵام باش تێدەگات چەند گرنگە ئابوری نەكات بەقوربانی سیاسەتو ئامادەیە دەسەڵاتی ئابوری لەگەڵ خەڵكو كەرتی تایبەتدا بەش بكات. جارێكیان سەرۆكی چین “لی كتشیانغ” لەداڤۆس رایگەیاندبوو كە “ئەگەر ئابوری خەمی پلە یەكەممان نەبوایەو دەسەڵاتی ئابورییمان لەگەڵ كەرتی تایبەت بەش نەكردایە، ئەوا ئێستا وڵاتێكمان دەبوو كە ملیارێك خەڵكی هەژاری لەخۆبگرتایە”.
لەبەرامبەریشدا روسیا سەڕەرای ئەوەی لەڕووی سەربازییەوە وڵاتێكی بەهێزو گرنگە، بەڵام كێشەكەی ئەوەیە لەڕووی قەبارەی ئابورییەوە لەئاستی وڵاتانی وەك چین یان ئەڵمانیاو ژاپۆندا نییەو داهاتی نەتەوەییو ئابورییەكەی یەكسانە بەداهاتی نەتەوەییو ئابوری وڵاتێكی وەك ئیسپانیا، كە بەوڵاتێكی لادێی باشوری ئەوروپا دادەنرێت. گرفتی روسیا ئەوەیە كە لەڕووی ئابورییەوە تەواو نەکرایەوەو ئەو نوخبە “ئۆلیگارشی”یەی کە هاتنە ئاراوە سەر بە”پوتین” بوون، هەربۆیە روسیا تا ئێستا كاڵاو بەرهەمێكی تەكنەلۆجی یان خزمەتگوزاریو مۆبایلو پۆشاكو مۆبیلاتو ئوتومبێلێكی ئەوتۆی نییە كە هەناردەی وڵاتانی جیهانی بكاتو خەڵکی سەرسام بکات، تەنها كۆمپانیای روسی كە لەئاستی جیهاندا ناسرابێت “غازبرۆم”و “روس نەفت”ە، لەکاتێکدا گرنگی چین لەوەدایە 60%ی ئەو كاڵاو كەرەسانەی رۆژانە لەئەمەریكا بەكاردەهێنرێت لەچین دروستدەكرێنو بەرهەمهێنراون.
ئەمڕۆ لەهەموو دنیادا كار بۆ ئەوە دەكرێ كە گەشەی ئابوری خەمی سەرەکیو جێی بایەخی یەكەم بێت هەم لەئاستی خەڵكداو هەم لەئاستی دەوڵەتو حكومەتو حیزبو رێكخراوە سیاسییەكانیشدا، بەشێكی گرنگی ململانێی هەڵبژاردنی وڵاتانی پێشکەوتوو لەسەر ئەوەیە كە كامیان دەتوانێت گەشەی ئابوری زیاتر مسۆگەر بكاو هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجانو هاوڵاتیان بڕەخسێنێتو دەستی وەبەرهێنەران زیاتر لەخستنە سەر پێی پڕۆژە ئابورییەكاندا كراوە بكاو بەدوور لەهەر جۆرە قۆرغكارییەك ئاسانكاریو پاڵپشتییان بكات.
دو نمونەی جیاواز كە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاماژەیان پێدەكرێت، مۆدیلە ئابورییەكانی توركیاو ئیمارات لەلایەكو میسرو پاكستانە لەلایەكی دیكەوە. حكومەتو دەوڵەتەكانی ئیماراتو توركیا سیاسەتیان خستوەتە خزمەت ئابورییانەوەو هەموو جوڵەیەكی سیاسیییان لەپێناو گەشەی ئابورییاندایە، لەبەرامبەریشدا میسرو پاكستان بەهۆی سیستەمی سیاسییانەوە ئابورییان داتەپیوە. لەمیسرو پاكستاندا گەندەڵی گەیشتوەتە ئاستێك رۆژانە سەرمایەدارو وەبەرهێنەرەكانیان دادو بێدیانە كە بۆ ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەكی ئابوری دەبێت لەگەڵ سیسی یان فەرماندەكانی سوپادا رێبكەویتو بیانكەیت بەشەریك، ئەگینا ئیشت لەبەر ناڕوات!
حكومەتو حیزبە دەسەڵاتدارەكان لەسایەی ئەم سیستەمو دەسەڵاتە سیاسییانەدا دەیانەوێت لەڕێگەی كۆنترۆڵكردنی ئابورییەوە، خەڵكی بکەنە وابەستەو پاشکۆی خۆیانو هەروەك چۆن كۆنترۆڵی رێكخراوو سەندیكاو نەقابەكانیان كردووە، بەهەمانشێوەش كۆنترۆڵی هەموو پڕۆژەیەكی ئابورییان كردووەو ئەوەی شەریكی خۆیان نەبێو سەر بەخۆیان نەبێ ئیشی ناڕوا!
كەواتە لەروانگەیەوە، ئەوەی بۆ ئێمە لەئاستی خەڵكو حكومەتو دەسەڵاتی سیاسیشدا گرنگە ئەوەیە كە “ئابوریو کرانەوەی ئابوری” خەمی یەكەمو جێی بایەخی پلە یەكمان بێت، گەرنا نەكەرتی تایبەتی راستەقینە بەهێزو بەردەوام دەبێتو نەگەشەی ئابوری بۆ وەبەرهیێنەران مسۆگەر دەبێو نەخۆشبەختی بۆ هاولاتیانو نەڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانمان دەستەبەر دەبێت.
ئەوەشمان لەبیرنەچێت وەك فەیلەسوفی ناودار “ئیزایا بەرلین” دەڵێت “هەر كاتێك دەسەڵاتی سیاسی لەدەسەڵاتی ئابوری جیاكرایەوە، ئازادی لەدایك دەبێت”.