عفرین گراد


یەکێک لەو شەڕانەی جەنگی جیهانی دوهەمی یەکلا کردەوە شەڕی ڤۆلگۆگراد بو، کاتێک سوپای ئەڵمان هێرشی کردە سەر ئەو شارە دانیشتوانەکەی بڕیاریان دا نەهێڵن دەستی نازیەکان بگاتە شارەکەیان، ئەو بەرگری کردنەی ئەوان بەژنان‌و پیاوانەوە لە شارەکەی خۆیان کردیان بوە فاکتەری یەکلاکەرەوەی جەنگی جیهانی دوهەم، سەری هێتلەریشی تیا چو، ئەو بەرگریکردنەی کە سوپای سوری ڕوسی بە سەرکردایەتی ستالین کردیان مێژوو هەرگیز لەبیری ناکات، هەر لەدوای سەرکەوتن‌و ڕاونانی ئەڵمانیای نازی تا ناو شاری بەرلین ، ناوی ڤۆلگۆگرادیش گۆڕرا بە ستالین گراد، هەرچەندە ستالین نەیتوانی ئەو ناوە بە جوانی بپارێزێ لە ڕێبازی مارکسیزم لینینزم لای داو بوە دیکتاتۆرێک لە هێتلەر بڵحتر، بەڵام بەرخۆدانی خەلکی شارو سوپاکە بوە مێژویەکی زێرێن، ئێستاش ئەوەتا فەریکە سوڵتانێکی تازە هەڵتۆقیوی ڕەگەز پەرست بە نیازە عفرین قوت بدات  زۆر گێلانە سەری کردوە بە لمدا نایەوێت ڕاستیەکانی دوێنێ ببینێ، لەیادی چوە کچان‌و کوڕانی کۆبانێ دڕندەترین گروپی چەپەڵی بیربۆگەنی داعشیان کردە پەندی زەمانە.

ئەو دەمەی خەڵکی کۆبانێ سنگیان کردە قەڵغان هێشتا هاوپەیمانانیش دودڵ بون لە نزیک بونەوە لەوەی کە خۆیان بدەنە بەرڕەشەبای ڕەشی ئەو دڕندە بیر بۆگەنانە، وە سەلماندیان بۆ هەمو دنیا کە بیرو باوەڕی پۆڵایینی ئەوان لە هەمو چەک‌و جبەخانەی ئەوانو ئاغاکانیان بەهێزترو قایمترە، ئەوانەی لە ژێر ئاگری شەڕێکدا خۆیان ڕاگرتوە کە هەندێ وڵات کە خۆیان لە پەیمانی ئەتڵەسیدا ئەندامن ناتوانن بەرگەی بگرن، ئێوەو ئەوان کە نەک دو هێزی نابەرابەرن بگرە هیچ پێوانەیەک نیە بۆ بەراورد.

 ئەوەتا خانمانو کیژۆڵەکانی عفرین لەبەردەم پەیمانی ناتۆدا وەستاون ، بەرامبەر نوێترین چەکو تەکنۆلۆژیای جەنگی ئەجەنگن، ئەی ئەوانەی لە کۆبانێ مێژوتان نەخشاند  ئیستا ئێوەن بەر بە گورگی هاری کەمالیست ئەگرن، ئێوەن جارێکی تر بە دنیا ئەڵێن ئێمەش وەک هەمو گەلان مافی خۆمانە لەسەر خاکی خۆمان ئازاد بژین، ئێوە ئەیسەلمێنن کە کەمالیستەکان‌و هاو پەیمانەکانیان پێش هەلگیرسانی شەڕیش ترسنۆک بون، وەگەر نا لە چی ئەترسن؟ ئەی عیفرینیان تا ئەمڕۆ ئێوەو گەلەکەتان کێتان بەدوژمن زانیوە؟ 

ئێوە سونبولی ئاشتی بون ئێوە جوانیتان دا بە خەبات ،ئێوە تەنانەت ئەو سیاسیە کوردانەشتان ڕوڕەش کە لە پارچەکانی تری کوردستاندا نیشتمان ئەخەنە مەزادخانەی سیاسەتەوە، هەمو دیکتاتۆرەکانی دنیا ئەوانەشیان کەلە زبڵخانەی مێژوودان زیندو ببنەوە ناتوانن کۆبانێ لە مێژووی مقاوەمەت بسڕنەوە ، کاتێک گێلە پیاونی سوپای تورک وەک تاوسی بەر هەتاو بە بەرگە سەربازیەکانیانەو خۆیان گیڤ کردەوە وایان زانی گەلێکو نیشتمانێک لەسەر نەخشەی جیهان ئەسڕنەوە ، نەیان زانی سەر لەو بەردە ئەدەن کە پێش ئەوان داعشەکانی پەروەدەی خۆیانو ئاغاکانیان سەریان لێدابو لە کۆبانێ ، یا ئەو کوردانەی کە  سکراب بونو ڕاکردنو دۆڕاندنیان لا شورەیی نیە  گرەویان لە سەر ئەوە ئەکرد کە هێزەکانی ئێوەی دوژمن تۆقێن بەرگریتان تەنها چەند سەعاتیکە ، ئەوتا گرەوکەیان وەک نیشتمانەکەیان دۆڕاند، ئێوە ئەگەر تەنها ئەم چەند ڕۆژە بەرگریتان کردبێ بەسە بۆ ئەوەی نەک هەر نەوەکانی سوڵتان‌و ئەتاتورک ڕسوا ببن بەڵکو هەمو هێزە ڕەگەز پەرستەکانو پەیمانی ئەتڵەسیتان شەرمەزار کرد ، کاتێک ئێوە درەر ئەکەون وا پێئەچێ لەگەڵ مێژوی ستالین گرادا پێش بڕکێ بکەن و بەنیاز بن ئەگەر ئەوان مێژوەکەی خۆیانیان بە زیو تۆمار کردبێت ئەوا ئێوە بە زێر ئەی نوسنەوە ئێمە هەر ئەوەمان لە دەست دێت بەدڵ‌و بەگیان لە گەڵتان بین سەردانەوێنین لە ئاست شەهیدەکانتانا ، دڵنیاشین لە سەرکەوتنتان ، لە خۆڕاگریتان لە قوربانیدانتان ، ئێوەی مەرگ تۆقێن  ئەشێ عفرین ناو بنێن (عفرینگراد ) .
 
دلاوەر سۆفی
                                                                                                      

PM:01:46:31/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌