2019‌ و ئاسته‌نگه‌ ته‌كنۆلۆژییه‌كانی‌

ئه‌گه‌ر پێتان وایه‌ ساڵی‌ 2018 ساڵێكی‌ خراپ بووه‌ بۆ كه‌رتی‌ ته‌كنۆلۆژیا، ئه‌وا ره‌نگه‌ ساڵی‌ 2019 له‌ویش خراپتر بێت. ساڵی‌ رابردوو روودا‌و‌و كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌ رووی‌ دا له‌ بواری‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ تاكه‌كه‌سی‌‌و ئاسایش‌و جه‌نگی‌ ئه‌له‌كترۆنیدا، له‌ ساڵی‌ نوێشدا كاریگه‌ریی‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ ئه‌و رووداوانه‌ ده‌رده‌كه‌ون. له‌ ساڵی‌ 2018دا ده‌ركه‌وت ئه‌مریكاییه‌كان له‌ توانایاندا نه‌بوو زانیارییه‌ دیجیتاڵییه‌كانی‌ خۆیان كۆنترۆڵ بكه‌ن، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و مۆبایله‌ی‌ به‌ ده‌ستمانه‌وه‌یه‌ ده‌كرێ له‌ ژێر چاودێریدا بێت، زۆر له‌ ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كانی‌ چاودێریمان ده‌كه‌ن. له‌وه‌ش خراپتر فه‌یسبووك زانیاری‌‌و نامه‌كانی‌ ئێمه‌ی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی‌ دیكه‌دا ئاڵوگۆڕ كرد‌و به‌كاریان هێنا بۆ دروست كردنی‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن.. ئیتر به‌و جۆره‌یه‌، زیانیارییه‌ تایبه‌ت‌و تاكه‌كه‌سییه‌كانمان كۆ ده‌كرێته‌وه‌‌و ده‌دزرێ‌و به‌كار ده‌هێنرێت‌و ده‌فرۆشرێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌ مه‌به‌ست‌و پلانی‌ پێوه‌خت ده‌كرێت.
ره‌نگه‌ داهاتوو زۆر له‌وه‌ خراپتریشی‌ پێ بێت بۆمان، چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ناناسین كه‌ زیانیارییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانی‌ ئێمه‌یان لایه‌، نازانین به‌ نیازن چی‌ لێبكه‌ن، به‌ تایبه‌تیش كۆمپانیاكانی‌ تایبه‌ت به‌ ئامرازه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، كه‌ وه‌ك هاوڕێی‌ خۆمان ده‌مانناسێت، یان كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ ته‌كنۆلۆژیای‌ دارایی، كه‌ زانیاری‌و داتاكانی‌ تایبه‌ت به‌ ئاڵوگۆڕ‌و مامه‌ڵه‌ بانكییه‌كانمان ده‌زانێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌پڵیكه‌یشنانه‌ی‌ نامه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ ئێمه‌ی‌ لای‌ خۆی‌ هه‌ڵگرتووه‌.
له‌ نه‌بوونی‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ پاراستنی‌ تایبه‌تمه‌ندیمان، ئاسان نییه‌ بزانین كام كۆمپانیایه‌ داتا‌و زانیارییه‌كانی‌ ئێمه‌ی‌ هه‌ڵگرتووه‌، باوه‌ڕیش ناكه‌م ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ ساڵی‌ 2019دا هیچ گۆڕانكارییه‌كی‌ به‌سه‌ردا بێت. ره‌نگه‌ زۆرێك له‌ ئێمه‌ ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كان بسڕینه‌وه‌، یان تایبه‌تمه‌ندی‌ دۆزه‌ره‌وه‌ واته‌ جی‌ پی‌ ئێس له‌ ناو مۆبایله‌كانماندا له‌كار بخه‌ین، به‌ڵام خۆ به‌س نییه‌‌و كێشه‌كه‌ بنبڕ ناكات، چونكه‌ زۆر كه‌سی‌ تر هه‌ن كه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ مۆبایله‌كانیان نابن‌و له‌كاری‌ ناخه‌ن.
له‌ ساڵی‌ رابردوودا پێشێلكاریی زۆر له‌ به‌كارهێنانی‌ داتا‌و زانیارییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كاندا كرا، هه‌ندێك سایتی‌ وه‌ك (كۆرا) هاك كرا‌و به‌وه‌ش ئه‌كاونتی‌ 100 ملیۆن به‌كاربه‌ر كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، سایتی‌ فه‌یسبووكیش دزه‌ كرایه‌ ناو زانیارییه‌كانییه‌وه‌‌و زیانی‌ به‌ 50 ملیۆن كه‌س گه‌یاند، گوگڵ پڵه‌سیش به‌ هه‌مان شێوه‌ هاك كرا، دوای‌ ئه‌ویش دووباره‌ فه‌یسبووك وای‌ به‌سه‌ر هات، ئه‌وه‌بوو كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاند مافی‌ به‌ په‌ره‌پێده‌ره‌كان داوه‌ ده‌ستیان بگات به‌و وێنانه‌ش كه‌ خاوه‌نه‌كانیان هێشتا بڵاویان نه‌كردۆته‌وه‌. دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت هاك كردنه‌كه‌ی‌ گوگڵ پڵه‌س زۆر له‌وه‌ خراپتر بوو كه‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كرد، له‌ كۆتاییدا كۆمپانیای‌ ماریۆت رایگه‌یاند، زانیاری‌‌و داتای‌ تایبه‌تی‌ تاكه‌كه‌سی‌ 500 ملیۆن كه‌سی‌ لێ دزراوه‌.
ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵ بێت نه‌مانزانی‌ ئه‌و دزییانه‌‌و ئه‌و هاك كردنانه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ لاوازی‌ ئاسایشی‌ ئه‌له‌كترۆنی‌ بووه‌، یان كه‌مته‌رخه‌می‌ كۆمپانیاكان. راستییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌شه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ پاراستن‌و ئاسایش له‌ هه‌ردوو سایتی‌ گوگڵ‌و فه‌یسبووكیش باشترین ئاسایشن له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان، كه‌ ده‌ڵێین باشترینن، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باشترین ره‌فتاریان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌دا كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئاسایشی‌ ئه‌له‌كترۆنییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانی‌ پارێزگاری‌ له‌ كۆمپانیاكان بكه‌ن‌و نه‌شیانتوانی‌ داتا‌و زانیاری‌ تاكه‌كه‌سی‌ به‌كاربه‌رانی‌ كۆمپانیاكان بپارێزن.
ئێستا زۆر شت له‌به‌رده‌م سه‌نگی‌ محه‌ك‌و تاقیكردنه‌وه‌دایه‌، دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و دووڕیانێكی‌ مه‌ترسیدارتر ده‌چێت، چونكه‌ سیخۆڕی‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ كه‌ چاودێری‌ كۆمپانیاكانی‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، به‌ ته‌نها هه‌وڵی‌ وێران كردنی‌ ژیانی‌ كه‌سانێكی‌ تایبه‌ت ناده‌ن كه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌ژین، به‌ڵكو ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌موو ئه‌مریكا پێكه‌وه‌ وێران بكه‌ن.
كارمه‌ندانی‌ كۆمپانیاكانی‌ وه‌ك ئه‌مازۆن‌و گوگڵ‌و مایكرۆسۆفت ده‌ستیان كردووه‌ به‌ خۆكۆكردنه‌وه‌‌و رێكخستنه‌وه‌ی‌ ریزه‌كانیان. له‌ وه‌ڵامی‌ ناڕه‌زایی كارمه‌ندانیشدا، كۆمپانیای‌ گوگڵ شێوازی‌ جێبه‌جێ كردنی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ داوه‌ریی زۆره‌ملێ له‌ دۆسێكانی‌ گێچه‌ڵی‌ سێكسیدا گۆڕی‌، هه‌ر به‌هۆی‌ ناڕه‌زایی كارمه‌ندانه‌وه‌ له‌و كێبڕكێیه‌ش هاته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پێشكه‌ش كردنی‌ خزمه‌تگوزاریی ئه‌له‌كترۆنی‌ به‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌.
هه‌ندێك له‌ ناڕه‌زاییه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ تایبه‌ت بوون به‌ مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه‌، له‌ كۆمپانیای‌ مایكرۆسۆفت نامه‌یه‌كی‌ كراوه‌ له‌ ناو كارمه‌نداندا بڵاو بۆوه‌ كه‌ داوای‌ له‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌كرد مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگای‌ كۆچ‌و گومرگی‌ ئه‌مریكادا رابگرێت، نیگه‌رانی‌ خۆشیان له‌وه‌ ده‌ربڕی‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌یان ئاماده‌یی ده‌ربڕیبوو بۆ پێشكه‌ش كردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئه‌له‌كترۆنی‌ به‌ پنتاگۆن. له‌ كۆمپانیای‌ ئه‌مازۆنیش كارمه‌ندان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی‌ له‌وه‌ی‌ كۆمپانیاكه‌یان به‌رهه‌م‌و خزمه‌تگوزارییه‌ ئه‌له‌كترۆنییه‌كانی‌ ده‌فرۆشێت به‌ حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ش روون نییه‌ داخۆ كارمه‌ندا به‌ گشتی‌ دژی‌ هاوكاری‌ كۆمپانیاكه‌یانن له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، یان مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڕان له‌گه‌ڵ ئازادی‌ كارمه‌ندانی‌ دۆڵی‌ سلیكۆن.
له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ئه‌مریكا رووبه‌ڕووی‌ گه‌مارۆی‌ هه‌ندێك له‌ حكومه‌ته‌ بیانییه‌كان‌و هه‌روه‌ها هێرشی‌ هاكه‌ره‌ نامه‌رده‌كان ده‌بێته‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كانی‌ دۆڵی‌ سلیكۆنیش مه‌یدانی‌ ئه‌و جه‌نگه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ بیكات له‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا. گۆمانی‌ تێدا نییه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌شه‌ڕی‌ ئه‌له‌كترۆنیدایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ چین‌و روسیا، هیچ گومان له‌وه‌شدا نییه‌ كه‌ كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ ته‌كنۆلۆژیا به‌شداری‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌كه‌ن.

سۆزان فۆله‌ر*
نووسه‌رێكی‌ ئه‌مریكاییه‌ له‌ بواری‌ ته‌كنۆلۆژیادا.
نیویۆرك تایمز
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید


AM:03:59:28/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 373 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌