كارگەكان وەك هیوایەك بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێم

لەمێژوی ئابووریدا كارگەكان (وەك بەشێك لە پڕۆسەكانی ئابووری) هەمیشە رۆڵی بوژاندنەوەی كەرتە ئابوورییەكانیان لە ئەستۆگرتوە. بەڵام لە شۆڕشی پیشەسازیدا (بەهۆی گۆڕانی هاوكێشەكانی بەرهەمهێنان‌و خێراكردنی پڕۆسەكانی بەرهەمهێنانەوە) ئیدی كارگەكان بە تەواوی وەك فاكتەرێكی سەرەكی گەشەسەندنی ئابووریی دەركەوتن.

لەسەر بنەمای بەكاربردن كاردەكات
ئیدی ئەو شۆڕشە بوو بە دەستپێكی چەندین وەرچەرخانی ئابووریی گرنگ، دوای سەردەمێكی درێژ پڕۆسەكە چەندید گۆڕانكاری دیكەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەها خوڵقێنەری جیهانگیریش بوو. لەم پڕۆسانەدا ئابووریی سەنتەری كارەكان بوو، بەمانایەكی دیكە خواستە ئابوورییەكان بوون بە بنەمای بەشێكی گرنگ لەو داهێنانە، ئەویش لەپێناوی پڕكردنەوەی خواستی ناوخۆیی‌و كەمكردنەوەی تێچوونی بەرهەمهێنان، بەكارهێنانی دەرامەتە ئابوورییە دەگمەنەكان بوو بەشێوەیەك كە بەشی پێداویستە بێ كۆتاییەكانی مرۆڤ بكات.
لەهەرێمی كوردستان تائێستا ناوە ناوە گوێبیستی كردنەوەی كارگەكان دەبین لەكەرتە جیاوازەكانی ئابووریدا، راستی بۆ ئابوورییەكی وەك هەرێمی كوردستان دەكرێـت بكرێتە بنەمای بوژاندنەوەیەكی فرە رەهەندی ئابووری.
ئابووری هەرێمی كوردستان تا ئێستا ئابوورییەكە كە لەسەر بنەمای بەكاربردن كاردەكات، واتا رەگەزی بەرهەمهێنان تێیدا زۆر لاوازە، كردنەوەی ئەم كارگانە دەكرێت ببێت بە فریادڕەسی رزگاركردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە نەخۆشی بەكاربردن.

(10) هەزار دۆنم زەوی
كردنەوەی كارگەی زەیتی زەیتون لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دەكرێت وەك یەكێك لەهەواڵە ئابوورییە گرنگەكان خوێندنەوەی بۆ بكەین، ئەم پڕۆژەیە پۆژەی بەپیشەسازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانە، بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەت لەهەرێمی كوردستاندا (10) هەزار دۆنم زەوی چێنراو بە زەیتون هەیەو كە نزیكەی دوو ملیۆن درەختی زەیتونیان لەخۆگرتووە.
شایانی باسە تەنها لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەدا زیاتر لە (300) دۆنم زەوی چێنراو بە زەیتون هەیەو ئەم رێژەیەش لە زیادبووندایە، باشترین بژاردە بۆ حكومەتی هەرێم پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەتە بۆ دروستكردن چەندین كارگەی تر لەبوارە جیاوازەكاندا.
بۆ ئەم بابەتەش پێویستە سیاسەتی پاراستنی بەرهەمی پیشەسازییەكانی ناوخۆ پەیڕەو بكات، وەك بەخشینی كارگەكان لە باج‌و دانانی گومرك لەسەر ئەو بەرهەمە هاوشێوانەی كە هاوردە دەكرێـت.

سودی بە ئابووریی هەرێم‌و ناوچەكە
بەشێوەیەكی گشتی دەكرێت دورستكردنی كارگەی زەیتی زەیتون ئەم چەند سودە بە ئابووریی هەرێم‌و ناوچەكە بگەیەنێت:
1- بوژاندنەوەی كەرتی پیشەسازی‌و گەشەسەندی ئابووریی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە، هەروەها بەهێزبوونی كەرتی تایبەت لە بواری پیشەسازی‌و كشتوكاڵدا، بەم شێوەیە دەكرێت لە ئایندەدا چەندیدن گۆڕانكاری گەورەتر بە دەستبهێنرێت لەو بوارە جیاوازانەدا.
2-لەڕیگەی ئەم كارگەوە دەكرێـت بەرهەمە ناوخۆییەكان ساغبكرێـتەوە، بەمەش جووتیاران دەپارێزێن لە نزمبونەوەی نرخی بەرهەمەكانیان، هەروەها گەرەنتییەكە بۆ زیادبونی بەرهەمی زەیتون لە ناوچەكەدا.
3- بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەوە كە بەرهەمی زەیتون هەیەتی لەئێستادا لەهەرێمی كوردستاندا بەڕێژەیەكی زۆر خواستی لەسەر هەیە، بۆ پڕكردنەوەی ئەم خواستەش هەرێمی كوردستان لەدەرەوە ئەم بەرهەمەی هاوردە دەكرد. بەكردنەوەی ئەم كارگەیە رێگا لە چوونە دەرەوەی پارەی ناوخۆی هەرێم دەگیرێت بۆ دەرەوە.
4-هەڵبەت كردنەوەی ئەم كارگەیە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلی كاركردن بۆ ژمارەیەك لەدانیشتوان دەڕەخسێنت، بەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو رێژەی بێكارییەی كە لەئێستادا بەرزە.
5- لە ئەگەری سەركەوتنی كارگەكەدا، دەكرێت كە ساڵانە رووبەرێكی فراوانی زەوییەكان ببێت بەو بەرهەمە.
هەمدیس ئەم سەركەوتنەوە، دەكات كە رەنگە ساڵانی داهاتوو چەندین كارگەی جیاوازتری لەبوارەكانی دیكەدا لێبكرێتەوە بۆ نمونە لە بورای پیشەسازی هەنارو هەنجیر یاخود بەرهەمە ئاژەڵییەكانی دیكەدا.
6- سەرباری رەهەندە ئابوورییەكانی، بەهۆی گۆڕینی ناوچەكە بۆ سەوزایی و زیادكردنی رووبەری سەوزای لەم پارێزگایەدا زیاد دەكات و لەڕووی گەشتیاریشەوە كاریگەری هەیە لەسەر ناوچەكە.

* ئابوریناس


AM:10:30:29/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌