نه‌وت وگاز له‌ نێوان مادده‌ 112 ی ده‌ستور و یاسای وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراقدا


دواجار دادگای باڵای فیدڕاڵی، له‌ دانیشتنی چواره‌می دادبینی ڕۆژی 27-6-2018 له‌ ده‌عوای ژماره‌ (59)ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق به‌رامبه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان، ئاڕاسته‌ی دادگای بۆ ڕاڤه‌كردنی هه‌ردوو مادده‌ی (111) و (112)ی ده‌ستووری عیراقی دیاریكرد، دوا ماوه‌ش (مهله‌) دیاریكرا بۆ لایه‌نه‌كانی داوا كه‌ تاوه‌كو 4-8-2018وه‌ڵامی پرسیاری دادگا بده‌نه‌وه‌.

پشتبه‌ستن به‌ ده‌قی ئۆرجناڵی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پیشه‌ییانه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو:

یه‌كه‌م: له‌ بڕیاری ڕۆژی 27-6 ی دادگای فیدرالی هاتووه‌ كه‌: (وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیـراق له‌ داواكه‌یدا پشتیبه‌ستووه‌ به‌ مادده‌ی (111)ی ده‌ستوور كه‌ تیایدا هاتووه‌ (النفگ والغاز هو ملك كل الشعب العراقی فی كل اڵاقالیم والمحافڤات)، دادگای فیدڕاڵیش پێی وایه‌ ئه‌م مادده‌یه‌ حوكمێكی گشتی داناوه‌ بۆ سامانی نه‌وت و گاز، له‌ هه‌مان كاتدا دادگای باڵای فیدڕاڵی ده‌ڵێت ده‌ستووری عیراقی له‌ مادده‌ی (112) نه‌خشه‌ی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی حوكمی گشتی مادده‌ی (111)ی داڕشتووه‌، كه‌ ده‌بێت به‌ پێی قانونێك بێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیـراق ته‌شریعی ده‌كات و تا ئێستا دوای تێپه‌ڕبوونی (12) دوانزده‌ ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستووردا، ده‌رنه‌چووه‌، به‌پێـی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ی دادگای فیدڕاڵی مادده‌ی (112)ی ده‌ستوور به‌ چوارچێوه‌ی قانونی بۆ پرۆسه‌كانی نه‌وت و گاز له‌ سه‌رتاسه‌ری عیـراق له‌ بواره‌كانی ده‌رهێنان و فرۆشتن و دابه‌شكردنی داهاتی فرۆشی نه‌وت و گاز داناوه‌.

دووه‌م: به‌ پێی هه‌ردوو بڕگه‌ی مادده‌ی (112)ی ده‌ستوور كه‌ دادگای فیدڕاڵی یه‌كلایی كردۆته‌وه‌ وه‌ك بنه‌مای قانونی مادده‌ی (111)ن، ده‌بێت دوو قانون له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ربچێت به‌م شێوه‌یه‌:

1: (قانونی دابه‌شكردنی داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان) له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ما ده‌ستوورییانه‌ی خواره‌وه‌ كه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ (112)ی ده‌ستوور هاتووه‌:

ڕ. (تقوم الحكومە الإتحادیە بإدارە النفگ والغاز المستخرج من الحقول الحالیە مع حكومات اڵاقالیم) ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدڕاڵی ته‌نها ئیداره‌دانی نه‌وت و گازی ده‌رهێنـراوه‌ ته‌نها له‌و كێڵگه‌ نه‌وتی و گازییانه‌ی كه‌ له‌ پێش نافژبوونی ده‌ستوور له‌ ڕۆژی 20-5-2006 به‌رهه‌مهێن بوون نه‌ك كێڵگه‌كانی داهاتوو كه‌ دوای ئه‌و ڕێككه‌وته‌ به‌رهه‌می نه‌وت یان گازیان ده‌بێت، و ته‌نها له‌ قۆناغی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گازی به‌رهه‌مهاتوو و قۆناغه‌كانی پێش ئه‌وه‌ ناگرێته‌وه‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش ڕه‌ها نییه‌ بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی به‌ڵكو ده‌بێ له‌گه‌ڵ (مع) حكومه‌تی هه‌رێم بێت نه‌ك ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق كه‌ تا ئێستاش كارده‌كات به‌ قانونی مه‌ركه‌زیی وه‌زاره‌تی نه‌وت ژماره‌ (101)ی ساڵی 1976، كه‌ سه‌رتاپای ئه‌و قانونه‌ مه‌ركه‌زییه‌ پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی (112)ی ده‌ستووره‌، چونكه‌ ئه‌و قانونه‌ ساڵی 1976 ده‌رچووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های داوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیـراق، و دادگای فیدڕاڵی به‌ ئاماژه‌كردنی بۆ مادده‌ی (112)ی ده‌ستوور به‌ ناڕاسته‌وخۆیی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ (قانونی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیـراق) پاڵپشتی قانونی ده‌عواكه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وت بكات، و مادده‌ی (112)ی ده‌ستوور حوكمێكی تایبه‌ته‌ و قه‌یدی داناوه‌ له‌سه‌ر مادده‌ی (130)ی ده‌ستوور كه‌ حوكمی گشتییه‌ و باس له‌ نافژبوونی یاساكانی پێش 2006 ده‌كات.

ب. (علی ان توزع وارداتها بشكل منصف یتناسب مع التوزیع السكانی) واته دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت و گاز ده‌بێت به‌ ئینێافی بێ و بگونجێت له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی دانیشتوان له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات، سه‌ره‌ڕای به‌شێكی زێده‌كی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ هه‌رێم له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و زیانانه‌ی پێیگه‌یشتووه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشوو (مع تحدید حێه‌ لمده‌ محدده‌ للڕقالیم المتچرره‌ ...)، له‌ كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵی به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م مادده‌یه‌ ساڵانه‌ به‌ قانونی بوودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌فه‌قاتی فیعلی نه‌ك داهاتی نه‌وت و گاز به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی دیاریكردووه‌ به‌ بێ‌ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری دانیشتوان و له‌ غیابی هه‌بوونی یاسای دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت و گاز كه‌ مادده‌ی (112) ئاماژه‌ی پێدراوه‌.

2: (تقوم الحكومە الإتحادیە وحكومات اڵاقالیم والمحافڤات المنتجە معاً برسم السیاسات الإستراتیجیە اللازمە لتگویر پروە النفگ والغاز)، واته‌ داڕشتنی ستراتیجی ھاوبه‌شی پێویست بۆ په‌ره‌پێدانی سامانی نه‌وت و گاز له‌لایه‌ن (حكومه‌تی فیدڕاڵی، حكومه‌تی هه‌رێم، پارێزگاكانی به‌رهه‌مهین) پێكه‌وه‌ (معاً)، كه‌ دادگای فیدڕاڵی به‌ به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵی داناوه‌، كه‌ دوای (12) دوانزده‌ ساڵ تا ئێستا هیچ (ڕێككه‌وتنێكی پێكه‌وه‌یی له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاكان) ئه‌نجام نه‌دراوه‌، بۆیه‌ محاجه‌جه‌كردنی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێـراق به‌ قانونی وه‌زاره‌تی نه‌وت ژماره‌(101)ی ساڵی 1976 یه‌كلایه‌نه‌ به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاكانی به‌رهه‌مهێن وه‌ك پاڵپشتی قانونی ده‌عواكه‌ی به‌تاڵه‌ و پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی (112)ی ده‌ستووره‌ كه‌ دادگای فیدراڵی پشتی پێده‌به‌ستێ‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ده‌عواكه‌.

هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، دادگای فیدڕاڵی داوای له‌ وه‌كیلی وه‌زیری نه‌وتی عیراق كردووه‌ ئایا هیچ ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ك یان له‌یه‌كترگه‌یشتنێك هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم له‌و باره‌یه‌وه‌ یان نا؟
وه‌ تا ئێستا به‌غداد له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی قانونی نه‌وت و گازی عیراق و داھاته‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ بردووه‌.

سێیه‌م: به‌ هیچ جورێك له‌ مادده‌ی (110)ی ده‌ستوور تایبه‌ت به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ ڕه‌هاكانی ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵی باس له‌ نه‌وت و گاز نه‌كراوه‌، و له‌ هه‌مان كاتدا مادده‌ی (115)ی ده‌ستوور به‌ ئاشكرا ئاماژه‌یداوه‌ به‌وه‌ی كه‌ هه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌ك له‌ مادده‌ی (110)ی ده‌ستوور نه‌هاتبێت ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌، و له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانیشدا ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ یاسای هه‌رێمه‌ كه‌ خاوه‌نی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (22)ی ساڵی 2007 ه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌ش ده‌سه‌لمێنێت گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی مێژوویی مادده‌ی (110)ی ده‌ستوور كه‌ مادده‌ی( 25)ی قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراقی بۆ قۆناغی گواستنه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ك خۆی گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ مادده‌ی (110)ی ده‌ستوور و ته‌نها بڕگه‌ی نه‌وت و گازی لێ ده‌رهێنراوه‌ كه‌ له‌ مادده‌ی (25)ی ئه‌و قانونه‌ به‌ ئاشكرا به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های فیدڕاڵی دانرابوو.

پوخته‌:
بنه‌مای ده‌ستووریی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت وگاز له‌ عیراق مادده‌ی 112 ی ده‌ستووره‌ نه‌ك قانونی به‌سه‌رچووی مه‌ركه‌زیی (ڕێكخستنی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق ژماره‌ 101 ی ساڵی 1976) كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق له‌ ده‌عواكه‌یدا پشتی پێ به‌ستووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ھای به‌خۆی به‌خشیوه‌، و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی 112 ی ده‌ستووره‌ كه‌ دادگای فیدڕاڵی له‌ دوا دانیشتنیدا به‌ ئاشكرا ئاماژه‌ی به‌م ڕاستیه‌ پێداوه‌.

AM:01:54:01/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 426 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌