حەسیب ساڵح سومبولی تەلارسازی و ئاوەدانی

ئەگەرچی چەندین تەلار‌و پرۆژەی گەورەی بیناسازی لەسەرانسەری عیراقدا دروست كردووە، بەڵام دروستكردنی تەلارێكی بڵند لە سەر شەقامی سالم و دەروازەی شەقامی مەولەویی شاری سلێمانی، زیاتر ئەو ئەندازیارو بەڵێندەرەی  بەخەڵكی سلێمانی‌و كوردستان ناساند‌و تەلارەكەش هەر بەناوی خۆی‌و بەبینای حەسیب ساڵح ناسرا‌و تا لەدوای راپەرین ناوەكەی بۆ سلێمانی پاڵاس گۆڕا.

حەسیب ساڵح كێیە؟
ئەندازیار‌و بەڵێندەرێكی زیرەك‌و ناوداری كورد بووە، نەك لەسەر ئاستی كوردستان‌و عیراق، بەڵكو لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش ناسراوە، شوێن پەنجەی بەدروستكردنی چەندین تەلاری بڵند‌و  مەزن‌و دڵگیرەوە لەسەرانسەری عیراقدا دیارە‌و كە وەك سامانێكی تەلارسازیی نیشتمانی‌و یادگاری حەسیب ساڵح ماونەتەوە.

حەسیب ساڵح لە12ی كانونی یەکەمی 1930 لەشاری كەركوك لەدایك بووە‌و قۆناغەكانی خوێندنی لەوشارەو شاری بەغدا تەواو كردووە.

لەساڵی 1954 كۆلیجی ئەندازیاری شارستانیی   زانكۆی بەغدای بەپلەی یەكەم تەواو كردووە، بەهۆی ئەوەوە لەلایەن مەلیك فەیسەڵی دووەمەوە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.

بۆ ماوەیەكی كەم وەك ئەندازیار لە فەرمانگەی ئاوی بەغدا دامەزراوەو دواتر وازی هێناوە‌وخەریكی كاری ئازاد‌و بەڵێندەرایەتی بووە‌و كۆمپانیایەكی بەناوی خۆیەوە بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە.

 چەندین پرۆژەی  گەورەی تەلارسازی‌و ئاوەدانی جێبەجێ كردووە لەوانە( مۆنۆمێنتی ئازادی لەگۆڕەپانی تەحریری بەغدا كە كارێكی تەلارسازی‌و هونەریی پەیكەرتاشی هونەرمەندی گەورە جەواد سەلیمی لەسەر نەخشێنراوە، تەلارەكانی بانكی رافدەین‌و وەزارەتی تەندروستی‌و كۆمپانیای دڵنیایی‌و چەندین پرۆژەی تر لەشارەكانی عیراق‌و كوردستاندا.

حەسیب ساڵح بایەخیشی بەكاری كولتوری داوە‌و تەلاری كتێبخانەی نیشتمانی‌و هۆڵەكانی وانەوتنەوە لەشاری بەغدا بەرهەمی كاری ئەو بوون.

هەر لەروانگەی بایەخدانی بە كایەی رۆشنبیریی كوردی، لەسەر ئەرك‌و بودجەی خۆی یانەی رۆشنبیریی زانكۆ‌و كتێبخانەی زانكۆی سلێمانی لەساڵی 1979دا دروستكردووە.
حەسیب ساڵح لەدامەزرێنەرانی یەكێتیی بەڵیندەرانی عیراق بووە‌و لەكۆتایی هەشتاكاندا سەرۆكی ئەو یەكێتییە بووە.

حەسیب ساڵح هەر لەقۆناغی ئامادەییەوە خولیای كاری پیشەیی هەبووە‌و لەرێكخراوی خوێندكاران كاری كردووە‌وهەڵگری بیری چەپ‌و پێشكەوتنخواز بووە.

 ساڵی 1948 نوێنەری هەڵبژێردراوی خوێندكارانی شاری كەركوك بووە بۆ كۆنگرەی خوێندكارانی عیراق لە گۆڕەپانی(السباع) لەبەغدا كە یەكەم كۆنگرەی خوێندكاران بووە لەمێژووی عیراقدا.

هەر لەو كۆنگرەیەدا بەڕێز مام جەلال وەك نوێنەری خوێندكارانی شاری كۆیە بەشدار بووە، هەروەها شاعیری گەورەی عەرەب محەمەد مەهدی ئەلجەواهیریش ئامادە بووە.
حەسیب ساڵح كەسایەتییەكی گەورەی  نیشتمانی‌و كوردپەروەر بووە‌و لەقۆناغە سەخت‌و دژوارەكانی سەردەمی رژێمی بەعسیشدا بەوپەڕی ئازایەتی ‌و چاونەترسییەوە بەرگری لەمافەكانی گەلی كوردستان كردووە.

مێژوونووسی گەورەی كوردستان د.كەمال مەزهەر لەپرسەنامەیەكدا بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوو حەسیب ساڵح ئاماژە بەوە ئەكات كە لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكاندا، لەسەر داوای سەدام حسێن، سەعدی مەهدی ساڵح ئەندامی مەجلیسی قیادەی سەورە لەگەڵ  ژمارەیەك.

لەكەسایەتییە كوردەكانی شاری بەغدا كۆبۆوە، لەو كۆبوونەوەیەدا  سەعدی مەهدی ساڵح  باسی ئەوەی كرد  كە گوندەكانی سەر بەقەزای چەمچەماڵ بخرێنە سەر پارێزگای كەركوك‌و لەسەر ئیدارەی حكومەتی هەرێم نەمێنن، د.كەمال مەزهەر لەو بارەیەوە ئەڵێ‌، حەسیب ساڵح كە یەكێك لەئامادەبوانی كۆبوونەوەكە بوو وتی: من خزمم لەو ناوچانە هەیە‌و پێیان باشە كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی بمێننەوە، چونكە مامەڵەی لەگەڵیان خراپ بووە.

د.كەمال ئەڵێ‌ هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیازی ئەوە كرا حزبی كوردیی لایەنگری بەغدا دابمەزرێ‌، حەسیب ساڵح ئەوەشی رەتكردەوە‌و وتی ئەو ئەزمونە شكستی خواردووە‌و پێوستە لەگەڵ حزبەكانی كوردستان گفتوگۆ بكرێ‌‌و ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێ‌.

بەڵێ‌ تا دوا رۆژەكانی ژیانی، حەسیب ساڵح لەگەڵ خەم‌و خواستی گەلەكەیدا بوو.
دوای خزمەتێكی زۆر بەپرۆژەكانی ئاوەدانی‌و تەلارسازی، ئەندازیار‌و بەڵێندەری  زیرەك‌و شارەزا‌و نیشتمانپەروەر لە18ی شوباتی 2012لەشاری عەممانی پایتەختی ئوردن كۆچی دوایی كرد‌و تەرمەكەی برایەوە بۆ شاری كەركووك‌و لەوێ‌ بەخاك سپێردرا.

دروود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی كەسایەتیی نیشتمانی‌و ئەندازیار‌و بەڵیندەری هەڵكەوتوو حەسیب  ساڵحی نەمری دەستی رەنگینی تەلارسازی‌و ئاوەدانی.

AM:03:16:26/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 533 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌