داڤۆس خاڵی بوو له‌ چی؟

داڤۆس ئه‌و هه‌رێمه‌ بچووكه‌ی كه‌زۆرترین سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئابووری و سیاسی له‌خۆی گرد ئه‌كاته‌وه‌, هه‌رساڵه‌ی جارێك فۆكسی میدیاكانی جیهان بۆلای خۆی ڕاده‌كێشێت و ده‌بێته‌ كانگایه‌كی بڕیاردانی زلهێزه‌كان .
زۆر سه‌رنج ناخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌جێنداو كاری وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داڤۆس, بڕوام وایه‌ قورسایی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ . 
ئه‌مساڵی داڤۆس له‌ پێكهاته‌ و دانیشتنه‌كان و سه‌رپه‌رشكاریدا ڕۆڵی ژن زۆر دیارو پاوه‌ردار بوو به‌جۆرێك كه‌ پیاوانی زلهێزو ده‌سه‌لاتدار له‌ژێر سێبه‌رو سه‌یوانی ژناندا ده‌رده‌كه‌وتن .

جێی سه‌رسورمانه‌ له‌باری سه‌ختی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ ده‌مانه‌وێت سه‌رنج و هزری ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا و ئه‌مریكا وڵاتانی تر بۆخۆمان ڕابكێشین بیر نه‌كرایه‌وه‌  لانی كه‌م تاكه‌ژنێك له‌ناو ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت بۆ داڤۆس .

 خۆ ئه‌گه‌ر پاساو بهێنرێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ده‌بێت پله‌و پایه‌ی وه‌فده‌كه‌ له‌ وه‌زیر كه‌متر نه‌بێ ڕاست و دروست ده‌كرا تاقه‌ وه‌زیری ژن له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌كاروو ئه‌جێندای داڤۆسه‌وه‌ , بێ له‌وه‌ی ئه‌مه‌ كارێكی جوان بوو پێگه‌ی ژنی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌هێز ده‌كرد له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا سگناڵێكی  مۆدێرنزمی و یه‌كسانی به‌رابه‌ری هه‌رێمی كوردستانی نیشان ئه‌دا به‌ به‌شدار بووا داڤۆس.

هه‌روه‌ها جیاوازیه‌كی نیشان ئه‌دا له‌نێوان نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر وه‌فدی عێراقی كه‌زیاتر مه‌زهه‌ب و لاوازی پێگه‌ی ژن به‌سه‌ریدا زاڵه‌ , ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ دافۆس بوون ته‌نها قات و بۆینباخ نابینین, به‌ڵكو هه‌ڵسه‌نگاندنی جددی بۆ پێكهاته‌ی نوێنه‌رایتیه‌كان و وجوودی بوونی ژن ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بوو خوودی نوێنه‌ره‌كان و دوو سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كه‌ كه‌بوونه‌ته‌ جێی متمانه‌ی ڕۆژئاواییه‌كان و ئه‌مریكیه‌كان ئه‌م هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌ریاندا تێنه‌په‌ڕیت .

له‌ قۆناغی شۆرشماندا, ڕاپه‌ڕین, ئینجا قۆناغی جێگیربوون و حكومڕانی، دواجار ڕیفراندۆم و نه‌هامه‌تیه‌كانی ئه‌م دواییه‌, ژنان هه‌ڵسوڕاوو پێگه‌ی تایبه‌تی خۆیان سه‌لماندووه‌ده‌، ده‌كرێت بووتریت كه‌م تا زۆر پێگه‌ی سیاسی ژنان له‌جومگه‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستاندا له‌نێوان گه‌شه‌و پاشه‌كشه‌دا هه‌ڵبه‌زوو دابه‌ز ده‌كات, ئاسان نییه‌ مۆركی لاوازی بوونی پێگه‌ی ژن بگێرینه‌وه‌ بۆ توانستی ژنان .

  به‌  تێڕوانینی من چه‌ند فاكته‌رێك گرنگه‌ ئاماژه‌یان پی بكرێت  له‌ لایه‌ك  حوكمی سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌رێم هێشتا هه‌ر له‌ژێر چنگی  پیاواندا گڕمۆڵه‌بووه‌، ژن وه‌ك سیمبولێك نیشاندراوه‌و پێگه‌و پێشوه‌چوونی ژنانیش فۆرمێكی فۆرمالیستی وه‌رگرتووه‌ وه‌ باشترین نموونه‌ش سیسته‌می كۆتایه‌, نه‌خولقاندنی  فه‌زایه‌ك بۆژن كه‌ بتوانێ په‌له‌قاژه‌یه‌كی ئازاد بكات تاكوو ڕێچكه‌ی توانای خۆی بدۆزیته‌وه‌, به‌شێوه‌یه‌ك وزه‌وو پاوه‌ری خۆی به‌كار بهێنیت بۆ پێناسه‌و  وجوودی خۆی بسه‌لمێنی, له‌لایه‌كی تریش خۆ بچووككردنه‌وه‌ی خودی ژن له‌به‌رامبه‌ر پیاواندا به‌تایبه‌ت له‌ دونیای سیاسه‌تدا گرفتارییه‌كی تره‌ كه‌ به‌رۆكی ژنان ده‌گرێته‌وه‌, هه‌ندێك له‌ ژنان كه‌ ده‌گه‌نه‌ پله‌و پایه‌یه‌ك هه‌رچه‌نده‌ زۆر بچووكیش بێت خۆیان به‌كاندیدی ڕكابه‌ری پیاوان نازانن، به‌شێوه‌یه‌ك خه‌میانه‌ ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌ له‌باربچێت و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ چه‌ند ژن بچووك ده‌كاته‌وه‌ له‌ خودی خۆیدا ئه‌وه‌نده‌ ئاسانتر ده‌بنه‌ ده‌سته‌مۆی پیاوان وه‌ به‌ تایبه‌ت سیاسه‌تمه‌داران جۆرێك دڵنیاییان لا  دروست ده‌بێت كه‌ ركابه‌ری ژن مایه‌ی بایه‌خدان نییه‌.

ده‌بوو پرسی به‌شداری ژن له‌نوێنه‌رایه‌تی ژن بۆ داڤۆس جێی بایه‌خی زۆرێك له‌ میدیاكاران و رۆشنبیران و ده‌سه‌ڵاتداران بێت, مخابن برووسكه‌یه‌كی كزیشم له‌ شوینێكه‌وه‌ به‌رچاو نه‌كه‌ووت ڕووناكی بخاته‌ سه‌ر نوێنه‌رایه‌تی ژنی كورد له‌ داڤۆس.

گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بیه‌وێت به‌شێك بێت له‌سیسته‌می نوێخوازی و مۆدێرنزمی, گرنگه‌ به‌ سه‌رنجی وورده‌وه‌ كار بكات بۆ به‌شداری كارای ژنان له‌پرسی سیاسی و ده‌وڵه‌تمه‌داریدا، ئه‌مه‌ش چه‌ند به‌رابه‌ر  پێگه‌ی ئه‌وان لای ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتووی دۆست به‌هێزتر ده‌كات, به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كزبوونی پێگه‌ی ژن له‌ جومگه‌كانی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا مایه‌ی پرسیاره‌و جیاوازیه‌كی ئه‌وه‌تۆیی نییه‌ له‌گه‌ل مه‌زهه‌بیه‌كانی عێراقی ئێستادا.


AM:02:02:08/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌