جوڵە پیشەسازی‌و بازرگانیەکانی هەرێم مەترسیان لەسەرە

حکومەتی عێراق چەند هەنگاوێکی گرتۆتەبەر بۆ لەباربردن ونەهێشتنی جوڵەی پیشەسازی وبازرگانی لەهەرێمی کوردستاندا ، ئەو هەنگاوو ڕێوشوێنانەش گرویەتیەبەر تاڕادەیەکی زۆر کاریگەرییان داناوەو گەربەردەوام بێت ئەوا لەئایندەدا بەتەواوەتی جوڵەی بازرگانی بەگشتی و پیشەسازیش بەتایبەتیش لەوەستان نزیکدەکاتەوە .لەئێستادا لەکۆی (۳٥۰۰ ) کارگەی بەرهەم هێنانی کاڵاوشمەکی جۆراوجۆرکەکەرتی تایبەت خاوەندارێتیان دەکات زیاتر لە ( ۲۰۰۰ ) هەزارکارگەیان دەرگاکانیان کڵۆم دراون ولەکارکردن وەستاون ، کەبەشێکی زۆریان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆقەیرانی دارایی ، ئەمەجگە لەوەی کەلەکۆی ئەو (۳۲) کارگەحکومیەی کەلەساڵانی ڕابردوودا لەکاردابوون لەئێستادا کەمتر لەنیوەیان لەکارکردن بەردەوامن.

 

 

گەرلەساڵانی ڕابردوودا بەنموونە ساڵی (۲۰۱۳) لەلایەن وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی کوردسنانەوە ( ٤۰۰ بۆ ٥۰۰ ) مۆڵەتی کارکردن وکردنەوەی کارگە وەرگیرابێت ، ئەوا لەمساڵدا (۲۰۱۷) لەلایەن ئەو وەزارەتەوە تەنها ( ۱۲۰ بۆ ۱۳۰ ) مۆڵەت دراوە بە وەبەرهێن وبازرگانان ، وەلەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و ڕوداوەکانی( ۱٦)ی ئۆکتۆبەرو ڕۆژانی دواتر هیچ بازرگان وخاوەن کارێک داوای مۆڵەت وکردنەوەی کارگەی نەکردوە.

 

 

حکومەتی ناوەند چەند ڕێوشوێنێکی لەئێستادا گرۆتۆتەبەر کەگەڕ بیرلەچارەسەرییان نەکرێتەوە ئەوا دوور نیە هەردوو بواری بازرگانی وپیشەسازی بەرەوپوکانەوە بچن . لەو ڕێوشوێنانەش کەگیراونەتەبەر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بریتین لە ؛

 

 

ــ دەبێت بازرگانانی هەرێم مۆڵەتی کارکردنیان لەوەزارەتی بازرگانی عێراق وەربگرن بۆ کارکردن ، نەک وەزارەتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

 

 

ــ ئەو کاڵاو شمەکانەی لەکارگەکانی هەرێمەوە بەرهەم دەهێنرێن وهەناردەی ناوەڕاست وخواروی عێراق دەکرێت لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە گومرک دەکرێن وەک هەر کاڵاو شمەکێکی تر کەلە وڵاتانی ترەوە هاوردەی عێراق دەکرێت ، تەنانەت زۆرجار جگە لەگومرککردنی کاڵاو شمەکەکان کۆسپ ولەمپەریش بۆ بازرگانانی کوردو بەرهەمەکانیانیشیان دروستدەکەن ، کەبە پێی یاسا ناکرێت ونابێت بەهیچ شێوەیەک کاڵاوشمەک لەنێوان شارەکانی وڵاتێکدا گومرک بکرێت لەکاتی گواستنەوەیان لەنێوان شارەکاندا .

 

 

ــ زیاتر لە (٤۰)ڕۆژە دەروازەکانی پەروێزخان وحاجی ئۆمەران بەداخراوی هێڵدراونەتەوەو ناشزانرێت ئایندەیان بەکوێ دەگات ، ئەوەش وایکردوە تاڕادەیەکی زۆر ئاڕاستەی بازرگانی کەپێشتر لەو دەروازانەوە ئەنجامدەدران بگۆڕدرێن بۆدەروازەکانی تری سەربەحکومەتی ناوەند ،ئەمە جگە لەبێکارکردنی هەزاران کەس کەپێشتر ژیان وگوزەرانیان لەسەرئەو دەروازانە بوون .

 

 

گەرحکومەتی ناوەند ئەم ڕێوشوێنانەی گرتبێتەبەر بۆ داتەپینی پیشەسازی وبازرگانی هەرێم ، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستانیش شتێکی لەوکەمترنەکردوە بۆپشتگوێخستن وپەراوێزخستنی هەردوو بوارەکە ، کە لەبری کارئاسانی وهاوکاریکردنی بواری پیشەسازی ئەویش بەدروستکردنی بازاڕبۆ ساخ کردنەوەی بەرهەمەکانیان وپاراستنیان ،کەچی دێت ولەکاتێکدا بێ بازاڕی تەنگی پێ هەڵچنیون وڕێژەی هەژاریش لەچاوپێش دروستبونی قەیران وتەنگەژەی دارایی بۆ لە (٤۰۰٪ ) بەرزبۆتەوە ، ئەمیش دێت نرخی کارەبا لەسەر ناوچە پیشەسازی وبازرگانیەکان بەبەراورد بەساڵی (۲۰۱۳ ) لە ( ٤۲۰٪ ) زیادکردوە بێ ئەوەی پرس وڕاوێژ تەنانەت بە بەرپرسانی وەزارەتی پەیوەندیداریش بکرێت .

 

 

ئەمەجگە لەزیادکردنی باج وڕسومات وتاریفەی گومرکی ،بەم هەنگاوانەش لەم دۆخەدا هەرێم خۆشی پشکی گەورەی بەردەکەوێت لەلاوازکردن و مراندنی بواری بازرگانی وپیشەسازی .


بۆیە گەربەزوویی بەڕاوێژکردن بەپسپۆڕان وشارەزایانی هەردوو بوارەکە نەخشەڕێگاو میکانیزمی خێراو گونجاو نەدۆزرێتەوەو دانەنرێت ئەوا لەچەند ساڵێکی زۆرنزیکی داهاتوودا سێکتەرەکانی پیشەسازی وبازرگانی یان دەبنەسفر یان نزیکدەبێتەوە لێی .

 




AM:06:37:30/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 242 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌