دوو پێشنیاری بنەڕەتی بۆ دانوسان لەسەر نەوتی کەرکوک


دانوسان لە زانستی پیشەسازی نەوتدا قورساییەکی تایبەتی پێدراوە بەشیوەیەک ھیچ پەرتووکێکی کۆن و نوێی ئەو بوارە شک نابەیت کە چاپتەرێک یان چەن چاپتەرێکی بۆ شێوازی نیگۆشیەیشن ودانوسانەکانی نەوت و غازی تەرخان نەکردبێت، ھەر لەبەر ئەوەی پیشەسازی نەوت پێویستی بە مەودایەکی زەمەنی دوروو درێژ ھەیە بۆ پشکنین و دەرھێنان و ھەناردەکردن، بۆیە ناکرێت قۆناغی سەرەتایی ئەو پڕۆسە گرنگە بە خێرایی تێپەڕێنرێت. 

دوای ھاتنی سوپای عیراق و حشدی شەعبی بۆ دەست بەسەرا گرتنی بیرە نەوتەکانی دەڤەری پارێزگای کەرکوک و ئاوەژوو بوونەوەی ھاوکێشە ناوخۆیی وھەرێمایەتی و بگرە جیھانیەکانیش، لە ئێستادا زەرووریەتی دانوسانێکی نوێ بەشیوازێکی جیاواز لە ڕابردوو لەگەڵ حکومەتی ناوەند زیاترھەستی پێدەکرێت.

 پێگەی جیۆپۆلەتیکی کەرکوک بە جۆرێکە ئەو نەوتەی کە لە کێڵگەکانی ئەو پارێزگاوە دەردەھێنرێت ئەبێت دواجار ھەر لە ڕێگەی گواستنەوەی بۆرییەوە نەوتەکەی ببرێت بۆ بەندەرە ئاویەکان تا لە وێوە بگاتە بازاڕەکانی فرۆشتنی نەوت.

لە ئێستادا بۆری نەوتی عێراق کە ڕاگووزەری (کەرکوک -تکریت – موسڵ – بەندەری جەیھانی تورکی)یە بە ھۆی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە تەواوی پەکی کەوتووە، بۆیە حکومەتی عێراق لە بەر خراپی ڕەوشی ئەمنی ناوچەکە بە ناچاری بڕیاریدا ئاڕاستەی بۆریە نەوتیەکانی کەرکوک بگۆڕێت بەرەو کوردستان تا لەوێوە بەسەرکەوتوویی نەوتی کەرکوک ھەناردەبکات، ئەو بۆریە نەوتە نوێیەی کە پێی ئەوترێت بۆری نەوتی کوردستان لە خورمەڵەوە دەست پێدەکات بۆ فیشخاپوور لە وێشەوە بۆ بەندەری جەیھان لە تورکیا.

 بە پێی ھەندێ زانیاری نھێنی ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە لە پێناو چاو پۆشینی ئیسرائیل لە دەستێوەردانە ڕاستەخۆکانی ئێران لە مەلەفی کوردستانی باشوور، لە ئێستادا دەوڵەتی عیراق کار لەسەر ئەوە ئەکات کە نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی وڵاتی ئەردەنەوە بگەیەنێتە بەندەری حەیفا لەسەر کەناراوەکانی وڵاتی ئیسرائیل، چونکە پێش دروست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل نەوتی عێراق لەو ڕێگەیە وە ئەگەشتە بەندەری شاری حەیفا لە ناو دەوڵەتی فلسگینی جاران، بەڵام بە بڕوای زۆرێک لە پسپۆڕانی پیشەسازی نەوت ئەوە پڕۆسەیەکی درێژ خایەنەو لەوانەیە ٣ بۆ ٤ ساڵ بخایەنێت ھەتا بەسەرکەوتوویی ئەو بۆریە نەوتە جارێکیترئەچێتە بواری کار پێکردنەوە. 

ئەگەر لە داھاتووشدا حکومەتی عێراق بۆریە نەوتیە کۆنەکانی خۆی بەسەرکەوتووی نۆژەن بکاتەوە بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکوک، ھێشتا ھەر پێویستی بە کورد ئەبیت تا لە ئێستادا دانوسانی لەگەڵدا بکات، چونکە ئەگەر عێراق ھەوڵی پەراوێز خستنی پێگەی کوردستان بدات لە ھاوکێشە نوێیەکاندا، ئەوا کورد ئەتوانێت لەڕێگەی دروست کردنی مەترسی ئەمنیەوە بۆ ھێڵە نەوتیەکانی کەرکوک، نەھێڵێت دەوڵەتی عێراق بە ھیچ شێوەیەک نەوتی کەرکوک بەسەلامەتی بگەیەنێتە بازاڕی وزەی جیھان.

بۆیە بە بڕوای زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری پیشەسازی نەوت حکومەتی عێراق ئەیەوێت لە ئێستادا لەگەڵ کورد دانوسانی یەکجاری لەسەرنەوتی کەرکوک بکات.

پێشنیاری ئێمە بۆ دانوسانی کوردستانی باشوور لەگەڵ حکومەتی عیراق جیاواز لە دانوسانەکانی پێشوو پێکدێت لەم دوو خاڵەی  خوارەوەیە:

یەکەم: دەسەڵاتداری سیاسی ئەتوانێ ژینگەی لە بار بۆ دانوسانی پیشەسازی نەوت بڕەخسێنێ،  بەڵام ھەرگیز ناتوانێ بە تەنھا ووردەکاری و پێدراو و تەکنیکی دانوسانکردن لە پیشەسازی نەوتدا بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ وئەکادیمی کۆتایی پێبێنێ، بۆیە لە بەر ئاڵۆزی و ھەستیاری پێگەی نەوتی کەرکوک بۆ داھاتووی ئابووری کوردستان، پێویستە خەڵکانی یاسا ناس و شارەزای بواری وزە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بەشداری پێ بکرێت تا قورساییەکی گرنگ بدرێت بە مەلەفی نەوتی کەرکوک وە ھەروەھا لەو ڕێگەیەوە ئەتوانرێت خاڵی گفتوگۆی ناو پڕۆسەی دانوسانەکان بە یاسایی بکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر لە داھاتوودا ھەرلایەک نەیتوانی پابەند بێت بە جێبەجێکردنی خاڵە واژوو لەسەرکان، ئەوا لاکەی تر دەستی کراوە ئەبیت بۆ لێپێچینەوەی یاسایی لە ڕێگای دادگای وەزەی جیھانەوە.

دووەم: جیاواز لە دانوسانەکانی پێشوو، پێویستە کوردستانی باشوور دانوسان لەسەر خاوەنداری بەشی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک بکات نەک داوای پشکی داھاتی نەوتی فرۆشراوی کەرکوک بکرێت، واتا پێش ئەوەی بڕیاری دووبارە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بدرێت ئەبێت ئامانجی ڕێکەوتن و دانوسانەکان لەگەڵ بغداد لەسەر دابەشکردنی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک بێت لە نێوان کوردستان و عێراق وەھەروەھا نەتەوەی تورکمانیش بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوانیان بەشیان لە کێڵگە نەوتیەکاندا بۆ دیاری بکرێت.

لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە لایەن سوپای عیراق و حەشدی شەعبیەوە نوێترین لێدوانی ئەمریکیەکان ئەڵێ" زاڵبوونی ھێزی سەربازی لە کەرکوک مانای ئەوە نیە کە ئەو ناوچانە ئیتر جێ ناکۆک نیە".

 وەھەروەھا مادەی ١٤٠ لە دەستووری عێراق بە ڕاشکاوی ئاماژەی بۆ ئەو ڕاستیە کردوە کە کەرکوک ناوچەی کێشە لەسەرە و ھیچ لایەک ناتوانێ بەتەنھا ئیدارەی ئەو ناوچانە بکات، بە دڵنیاییەوە گێڵگە نەوتیەکانیش گرنگترین ئەلەمێنتی ئەو ناکۆکیەکانەن لەو ناوچانەدا، ھەروەک چۆن پۆستە سیاسیەکانی ناو پارێزگای کەرکوک ناکرێت ھەمووی لەلایەن نەتەوەیەکەوە بەڕێوەببرێت، بەھەمان شێوە گێڵگە نەوتیەکانیش ناکرێت ھەموویان ھەر لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە دەستی بەسەرا بگیرێت و بەتەنھا وەبەرھێنانی تێدا بکات و نەوتەکەشی ھەرتەنھا دەوڵەتی عێراق بیفرۆشێت.

بە بڕوای ئێمە پێش ئەوەی بڕیار لەسەرھەناردەکردنی یەک قەترە نەوت بدرێت لە کەرکوک، پێویستە توێژینەوەی جیۆلۆجی بۆ ڕێژەی ھەبوونی نەوتی ژێر زەمینی ھەموو بیرە نەوتەکانی کەرکوک بکرێت و پاشان لە دانوسانەکاندا بڕیار بدرێت کە کام گێڵگە نەوتە بۆ حکومەتی عێراق وەھەروەھا کام کێڵگە نەوتیانە بۆ باشوری کوردستان و نەتەوەی تورکمان بێت، دوای دابەشکردنی کێڵگە نەوتیەکان بەسەر ھاوبەشەکاندا پاشان ھەر لایەک بەپێی ستایڵی ئەو گرێبەستەی کە ھەڵێبژاردوە ئەتوانیت لەگەڵ دمەزراوەکانی نەوتدا گرێبەستەکانی خۆی واژوو بکات نەوتی خۆی بفرۆشێت و داھاتەکەش ڕاستەوخۆ بێتەوە دەستی خاوەنی یاسایی بیرە نەتەکان نەک بچێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی عێراق. 

 بە مەرکەزی کردنی پرسی نەوتی کەرکوک چارەسەری گرفتە لە مێژینەیەکانی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ دوورتر ئەخاتەوە، ناکرێت لێگەڕێیت نەوتی ھەموو بیرە نەوتەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بفرۆشرێ و پارەکەی بچێتە گیرفانی سیاسیەکانی بغداد و پاشان ئێمە داوای داھاتی نەوتی فرۆشراو لە سیاسیەکانی عێراق بکەین، چونکە باشوری کوردستان میژوویەکی تاڵی لەگەڵ نوخبەی سیاسی ھەیە لە بغداد بۆیە ناکرێت دووبارە گرەو لەسەر قووتی خەڵک بکرێت وسەرمایەی ژێرزەمنی نیشتیمانەکەمان بکرێت بە پارە و بیچێتە گیرفانی نەیارەکانمان و ئەوانیش داھاتووی کوردستان بخەنە بەر ڕەحمەتی فێڵی ڕووداوە سیاسیەکان و ھەرکاتێک ویستیان ھەڕەشەی بڕینی بودجەمان لێبکەن.

ماستەر لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و غاز/بریتانیا

AM:02:57:30/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 113 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Nike Air Huarache Run Ultra chaussures de tennis,Nike Air Jordan Sky High OG Chaussures,Air Max 1 Ultra SE chaussures de tennis,Air Max 2016 Chaussures,2017 Nike Air Max,Nike Air Max 90 chaussures de tennis
NIKE AIR PRESTO ULTRA FLYKNIT,NIKE AIR PRESTO ULTRA FLYKNIT,NIKE AIR ZOOM ALL OUT,NIKE BLAZER MID MEN,NIKE CLASSIC CORTEZ MEN,NIKE CHUCK POSITE