بازرگانان و وەبەرهێنەرانی لوبنان گەڕانەوە كوردستان



لە ئەنجامی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئارامی‌و سەقامگیری‌و رزگاربوون لە قەیرانی ئابووری‌و گەشەو پێشكەوتنی بازاڕ و بازرگانی و گەشانەوەی كەرتی تایبەت بەرەو ئاسایی بوونەوەی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەند‌و باش بوونی مووچەی فەرمانبەران‌و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی كۆمپانیاو بازرگانان‌و وەبەرهێنەران‌و سەرمایەگوزارانی وڵاتانی دەرودراوسێ‌و وڵاتانی عەرەبی‌و بیانی روو لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.

بازاڕەكانی هەرێم دەبوژێتەوە‌
بە هەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان‌و ژوورە بازرگانیەكانی كوردستان‌و لایەنی پەیوەندیداری حكومەتی هەرێم، دەستدەكەنەوە بەكارو چالاكیەكانیان‌و دامەزراندنەوەی كۆمپانیاكانیان، ئەمەش جارێكی تر هەرێمی كوردستان پەیوەندییە ئابووری‌و بازرگانیەكانی خۆی رێكدەخاتەوە‌و بازاڕەكانی هەرێم دەبوژێتەوە‌و وڵاتانی دەرەوەش بەدڵنیاییەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لە سەرجەم بوارەكانی بازرگانی گشتی‌و وەبەرهێنان سەرمایەگوزاری دەستپێبكەنەوە، ئێستاش هەموولایەك ئەو راستییە دەبینن.
لەڕاپۆرتەكانی پێشووماندا ئاماژەمان بەوەدا بوو كە كۆمپانیا بیانیەكان لە پێشبڕكێدان بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان بۆ ئەنجامدانی كارو چالاكی ئابووری‌و بازرگانی بەهێز بكەن‌و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ كەرتی تایبەتی هەرێم بنیات بنێن.

وەبەرهێنان بكەن
ئەوەتا وەفدی باڵای بازرگانی‌و ئابووریی وڵاتی لوبنان بە سەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەو ئەندامێتی هەریەك لە وەزیرانی دژە گەندەڵی‌و بازرگانی‌و دارایی‌و نەوت‌و وزەو ژمارەیەك لەبازرگان‌و سەرمایەداران‌و كۆمپانیا بە تواناكانی (لوبنان) هاتنە هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی هەرێم‌و ژمارەیەك لە بازرگان‌و خاوەن كۆمپانیاو وەبەرهێن كۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
دوای وتووێژ و شەن‌و كەوكردنی بارودۆخی هەرێم لەڕووی سەقامگیری‌و رەخساندنی هەلی پێویست بۆ كاری ئەو كۆمپانیانە لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان لەبواری تەندروستی‌و وزەو پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و بازرگانی گشتی وەبەرهێنان بكەن كە پێشتر بەشێك لەو كۆمپانیانەی لوبنان لەهەرێم بوون، بەڵام بەهۆی شەڕی (داعش)و قەیرانی ئابووری‌و كارەساتەكانی دوای ریفراندۆم هەرێمیان بەجێهێشتبوو، ئەم كارەش دڵ خۆشكەرەیە كۆمپانیا بیانیەكان گەیشتونەتە ئەو راستییەی كە هەرێمی كوردستان لەهەموو روویەكەوە گەیشتۆتەوە ئاستی پێش قەیرانەكان.

لەڕووی ئارامی‌و سەقامگیری‌و ئابووری‌و وەبەرهێنان
ئەوەی كە ماوە ئاماژەی پێ بدەین پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر بنەمای هاوبەش‌و راستەقینە لەڕووی ئابووری‌و دارایی‌و بەڕێوەبردن‌و بڕیاردان لەنێوان (ی.ن.ك) و پارتی بەتایبەتی، هەروەها ئەو لایەنانەی دەیانەوێ بەشداری بكەن لە حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستان ‌و تەواوكردنی حكومەتی نوێی عیراق‌و لابردنی خاڵە گومرگیەكانی نێوان شارەكانی هەرێم‌و عیراق كە ئێستا ماوەتەوە لەسەر بڕیاری ئەنجومونی وەزیرانی عیراق‌و لابردنی گەمارۆی ئاسمانی لەسەر شاری سلێمانی لەلایەن كۆماری توركیاوە، ئەمانە هەمووی لە چارەسەر نزیك بوونەتەوە‌و بەم جۆرەش ئایندەی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئارامی‌و سەقامگیری‌و ئابووری‌و وەبەرهێنان‌و سەرمایەگوزاری ئایندەیەكی گەش‌و پرشنگدارە.

عەبدوڵڵا حاجی سەعید
* یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆكارو باری بازرگانی

AM:03:32:17/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 482 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌