چوارەمین كۆنفرانسی پەرەپێدانی ئابووری

2018 لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، بە بەشداری وەفدێكی باڵای ئێران كە وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازیی كۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆكایەتی كردو ئەم كۆنفرانسەش یەكێتی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكارییەكانی بۆ كرد.

ژمارەیەكی زۆر لەكۆمپانیا بە تواناكانی ئێران لەبواری بازرگانی گشتی‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و وەبەرهێنان بەشداریان تێدا كرد، جگە لەوەش كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەسەرجەم بوارەكاندا بەشداری كۆنفرانسەكەیان كردووە، جگە لەسەرۆكی ژوورەكانی بازرگانی هەرێم‌و بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان.

هەموولایەك ئەوە دەزانین دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم پەیوەندییەكان لەسەرجەم بوارەكاندا لەگەڵ وڵاتانی دەرو دراوسێ‌و زۆرێك لەوڵاتانی دەرەوە پەكیكەوت گەمارۆی ئابووریی خرایە سەر هەرێمی كوردستان سنوورەكان لەزەمین‌و ئاسمان بەڕووی هەرێمدا داخرا ئەمەش بوە هۆی ئەوەی قەیرانی ئابووریی هەرێم ئاڵۆزتر ببێت.

بەڵام خۆڕاگری بازرگانان بەتایبەتی كەرتی تایبەت بەگشتی‌و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، پیادەكردنی سیاسەتێكی ژیرانە لەلایەن حكومەتی هەرێم جارێكی تر هەرێم بگەڕێتەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی‌و لابردنی ئابڵوقەی ئابووری‌و دیبلۆماسی جارێكی تر خەونی ناحەزان لەگۆڕبنرێ كە ئەیانویست هەرێمەكەمان هەڵوەشێنەوە، ئەوە كۆماری ئیسلامی ئێران كە دۆستێكی دێرینی گەلی كوردە جارێكی تر بە وەفدێكی باڵای ئابووری لەئاستی حكومەت‌و كەرتی تایبەت بێنە هەرێمی كوردستان، جارێكی تر هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی فیدراڵی بناسرێ وەك هەرێمێكی سەربەخۆ لەئاستی باڵا كار لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكەن‌و پەیوەندییە ئابووری‌و دیبلۆماسیەكان بەرنەوە دۆخی خۆی واتە پێش ریفراندۆم.

بۆ هەرێمی كوردستان لەڕووی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتییەوە وەرچەرخانێكی گەورەیە كە وڵاتێكی گەورەی وەك ئێران لەناوچەكەدا بەرژەوەندی ئابووری‌و بازرگانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان گرێ دەدەنەوە وەكو هەرێمێكی سەربەخۆ، چالاكی ئابووری لەبواری بازرگانی گشتی‌و كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و گەشتیاریدا چالاككردنی سەرجەم مەرزەكان‌و رێگەدان بەكۆمپانیا بەتواناكانی ئێران بۆ ئەوەی لەڕووی پیشەسازی‌و سەرمایەگوزاریدا چالاكیەكانی خۆیان بخەنەگەڕ، دامەزراندنی ناوچەی بازرگانی ئازادو دامەزراندنی سیستمی بانكی هاوبەش لەداهاتوودا بواری بازرگانی ئابووری هەرێمی كوردستان بوژانەوەی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت‌و هەلی كار بۆ بێكاران دەڕخسێنێت‌و بازاڕو بازرگانی گەشەی پێشكەوتنی خێرا بەخۆوە دەبینێت، جارێكی تر هەرێمی كوردستان دەبێتەوە بە مەڵبەندی بازرگانی‌و ئابووری لەسەرجەم بوارەكاندا بۆ كۆمپانیاو بازرگانان‌و سەرمایەگوزارانی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی.

 عەبدوڵڵا حاجی سەعید
* یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری بازرگانی‌و ئابووری

AM:01:59:14/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌