دابەشكردنی مووچە بەسیستمی نوێ و كاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕ

بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی پاشەكەوتی مووچە، دەستكەوتێكی گەورەبوون بۆ مامۆستایان‌و فەرمانبەران‌و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چونكە گۆڕانكاری لەژیان‌و گوزەرانی ئەو توێژە گەورەیەی كۆمەڵگای كوردەواریدا دروستكرد، دوای ئەوەی گەلی كوردستان‌و حكومەتی هەرێم بەقەیرانێكی ئابووریی نەخوازراودا تێپەڕی.

سیستمی نوێی مووچە تەنها گۆڕانكاری لە ژیان‌و گوزەرانی فەرمانبەران‌و مووچەخۆراندا دروست نەكردووە، بەڵكو كاریگەری باشی هەیە بۆ بووژانەوەی بازاڕو جوڵەی بازرگانی، چونكە ئەو پارەیەی دەچێتە بازاڕەوە خەڵكی بەدەستكراوەییەكی باشتر لەجاران پێداویستی ماڵ‌و منداڵی دابین دەكات.

ئاشكرایە بووژانەوەی ژیان‌و گوزەرانی چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگا، جوڵەی بازاڕو بازرگانی دوولایەنی بەیەكەوە گرێ دراون، دوكانداران‌و كاسبكاران‌و بازرگانان بەهۆی كڕیارانەوە باشتر بازاڕگەرمیان بۆ دروست دەبێت. بەتایبەتی لەم وەرزەدا كە وەرزی سەیران‌و گەشتوگوزارە.

لەهەمان كاتدا ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێم دەوامی نەخۆشخانەكان‌و خوێندنگاكان‌و فەرمانگەكانی كارا كردۆتەوەو بایكۆتی نەهێشت، ئەمەش سوودی گشتی هەیە بۆ خوێندكاران‌و نەخۆشەكان، هاووڵاتیان كە ئیشوكاریان دەكەوێتە فەرمانگەكانی میری كەوا بو گۆڕانكاری لەسیستمی پاشەكەوتی مووچە سوودبەخش بوو بۆ سەرجەم چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردەواری. بەو هیوایەی ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێم هەنگاوی باشتری بەدوادابێت بۆ نەمانی پاشەكەوت پێدانی مووچە هەموو مانگێك لەكاتی خۆیدا.

كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی‌و هەولێر كاراكردنەوەی مەرزەكان‌و هاتنی گەشتیاران‌و دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران‌و پەرەپێدانی بەروبوومی كشتوكاڵ‌و ئاژەڵداری‌و دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا، نیشانەی هیوابەخشن كە ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو بووژانەوە دەڕوات، دیاردەكان ئاماژەن بۆ ئەوە هاتنەوەی كۆمپانیا بیانیەكان‌و دەستبەكاربوونیان لەسەرجەم بوارەكاندا، جوڵەی تێكەوتۆتەوە، هەروەها هاوردەكردنی كاڵاو بازرگانی گشتی‌و وەبەرهێنان بەشێوەیەكی گشتی كەرتی تایبەت لەگەشانەوەو بووژانەوەدایە.

پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی زیاترو باشتر ئەنجام بدات بۆ كەرتی تایبەت‌و كۆمپانیاكان.
 
عه‌بدوڵای حاجی سه‌عید
* یاریدەدەری سكرتێی گشتی بۆ كاروباری بازرگانی و ئابوری

AM:03:05:16/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌