لەنێوان بەرداشەكەدان


مووچەخۆرانی هەرێم، كە بەگوێرەی سیستمی بایۆمەتری یەك ملیۆن و 280 هەزار كەس خەمڵێنراوە، ئەوانیش بوونەتە قوربانی قەیرانی ئابووری، بێبەڵێنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیشی هاتەسەر، كە بڕیار بوو بە گوێرەی لیست مووچەی وەزارەتەكانی هەرێم بدات، بەڵام تائێستا هیچی لێ سەوز نەبووە.
مووچەخۆران كەوتونەتە نێوان بەرداشی سیاسیی و داتەپینی ئابووری هەرێم، لەدوای شكستخواردنی ریفراندۆمەكەی 25/ئەیلولی 2017ەوە، هاڕینەكە زیاتر بووە و گوزەرانی موچەخۆر و خەڵك سەختتربووە، دەستی دەستی بەغداش، مووچەخۆرانی هەرێمی لەدژی عەبادی هێنایە سەرشەقام و وەك فریادرەسی پڕكردنی گیرفانی بەتاڵ سەیر ناكرێت.
بەهۆی ئەم دۆخەوە بەشێك لەكەرتی پەروەردەی لە سنووری سلێمانی بایكۆتیان كردووە و مامۆستایان دەوام ناكەن، هەرچی زۆربەی فەرمانگەكانی دیكەیشە كەمتر لە 4 سەعات دەوام دەكەن و فەرمانبەرانیش زۆركات لە 2-3 رۆژ لە هەفتەیەكدا دەوام دەكەن، ئەوانیش روبعە كار بە روبعە مووچەكەی هەرێم دەكەن، كە دەكاتە تێكچوونی شیرازەی بەرێوەبردن و سەرهەڵدانی دیاردەی بیرۆكراسی و رۆتینیاتی زەق، كە پێشتریش بنبڕنەكرابوو!!.
دۆخی ئابووریی و دارایی عیراق هێندە باش نییە، كە بتوانێت ژیان و گوزەرانی عیراقییەكان بگۆڕێت، هێشتا قورسایی 100ملیار دۆلار زیانەكانی شەڕی داعش و بەهەدەردانی چەندین ملیار دۆلار گەندەڵی سێكتەرەكانی دیكە و نزیكەی 12 ملیار دۆلار قەرزی لەسەرەو داوای قەرزی زیاتریش لەسندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەكات، ئەمە جیا لەوەی كە بەرپرسیارێتی ئاوەدانكردنەوەی شار و رووبەرە وێرانكراوەكانی شەڕی داعش و تێچووی سەربازی 3ساڵ شەڕی تیرۆریشی لەسەرە، ئەم دۆخ و ژمارە و داتایانە پێمان دەڵێن ئابووری بەغداش جێگەی ئومێدی تاسەر نییە و باری ئەویش لارە، دیوەكەی دیكەش ئەوەیە بەغدا پەلە و مەیلی نییە هاوكاری هەرێم بێت بۆ دەربازكردنی دۆخی خراپی بودجە و مووچە!! كە ئەویش نزیكەی 22 ملیار دۆلاری كۆمپانیا نەوتییەكان و 10 ملیار دۆلاری ناوخۆیی قەرزدارە!!.
هەولێر و بەغدا، هەردووكیان بەقەبارەی گەورە قەرزدارن، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە كە عیراق، پشتی بە هەناردەی نەوت بەستووە و رۆژانە سەروو 4 ملیۆن بەرمیل دەفرۆشێت، جگە لەسەرچاوە دەرەكی و ناوخۆییەكانی دیكە،هێشتا كورتهێنانی هەیە، بەڵام دۆخی هەرێم زۆر جیاوازترە و سەرچاوەی نەوتی ئەوتۆی لەبەردەستدا نەماوە و خاوەنی خەزێنەیەكی دارایی بەتاڵە!.
ناكۆكی سیاسیی و ئابووری و دارایی نێوان عیراق و هەرێم لەكۆتایی‌ ساڵی‌ 2014ەوە زیاتر قوڵبۆوە كاتێك بەغدا بەشە بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ بڕی‌، كێشەی‌ موچە سەریهەڵدا و بەهۆیەوە لە 2016دا وەك چارەسەر حكومەتی‌ هەرێم سیستمی‌ پاشەكەوت و لێبڕنی موچەی‌ پەیڕەوكرد، بەڵام بەو جۆرەش نەیتوانی مووچە دابین بكات.
وێنەو دیمەنەكە روونە، كە هاونیشتمانی و مووچەخۆران، بوونەتە قوربانی ململانێ و گەمەی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا، كە هیچ لایەكیان پەرۆشی پڕكردنی گیرفانی بەتاڵیان نین، هێشتا شەڕی مەرج و پێشمەرج ناردن و بەیانی پەیامی رەتكردنەوەی لیستی و مەرجی ئەویتر گەرمە و هۆڵی نوێنەرانی عیراقیش بە كێشمەكێشمی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 ەوە سەرقاڵە كە ناهەقی گەورە لەپشكی كورد دەكرێت كە بەبێ سەرژمێر رێژەی 12.6%ی بۆ دیاریكراوە! .
لەم بارودۆخەدا هەولێر متمانەی بە بەغدا نییە، بەغداش بەهەمانشێوە متمانەی بە هەولێر نییە، خەڵكیش متمانەی بە هیچیان نییە!! هێزی سیاسیی و پەرلەمانی و حوكمڕانیش لەئاست چارەسەری ئەم گێژاوە داراییەدا نین، كە سزادانی ئاشكرای خەڵكی هەرێمی كوردستانە و یاریكردنێكی بێبەزەییانەیە بە قووت و ژیانەوە!!.

PM:02:28:13/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 226 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌